الخميس، 15 أبريل، 2010

30خوله‌ك ریكلامكردن بۆ بازرگانه‌كان‌و 25خوله‌ك دراما بۆ بینه‌ران


هادی ئه‌مین
ماویه‌كه‌ كه‌ناڵی گه‌لی كوردستان‌و زاگرۆس ده‌ستیانكردووه‌ به‌ په‌خشكردنی كۆمه‌ڵێك زنجیره‌ دراما وه‌ك (چیرۆكی زستان، ژیانێكی تاڵ، میرناوخه‌لیل) ئه‌وه‌ش سه‌رنجی زۆرێك له‌ بینه‌رانی راكێشاوه‌‌و ته‌نانه‌ت قوتابیانی قۆناغی بنه‌ره‌تیش سه‌یریده‌كه‌ن।

كات‌و جۆری په‌خشكردنی ئه‌و درامایه‌نه‌ش وایكردووه‌ كه‌ بینه‌ر كاتێكی زۆری بڕوات، چونكه‌ له‌نێوان دراماكاندا چه‌ند ماوه‌یه‌كی زۆری ریكلامكردن هه‌یه‌، ته‌نانه‌ت له‌م شه‌وانده‌ سه‌یری زنجیره‌ی (چیرۆكی زستان)م كرد، تێبینی ئه‌وه‌م كرد كه‌ هه‌ر ماوه‌یه‌كی ریكلام نزیكه‌ی ده‌خوله‌كه‌، ئه‌وه‌ش سێ بۆ چوار جار دووباره‌ده‌بویه‌وه‌، به‌جۆرێك كاتی ریكلامكردن له‌ كاتی په‌خشی دراماكه‌ زیاتر بوو.

هه‌رچه‌نده‌ ریكلامكردن كارێكه‌ له‌ كاره‌كانی راگه‌یاندن‌و سه‌رچاوی دارایی بۆ دروستده‌كات، جگه‌له‌وه‌ش گه‌یاندنی هه‌ندێك زانیاری بازاڕه‌ به‌ بینه‌ران، به‌ڵام من پێموایه‌ په‌خشكردنی ریكلامه‌كان به‌و جۆره‌ بێزاركردنی بینه‌رانه‌، جگه‌له‌وه‌ش دڕێژكردنه‌وه‌ی كاته‌كه‌یه‌ بۆیان.

بێگومان به‌هۆی كۆمه‌ڵێك هۆكاری وه‌ك نه‌بوونی ژوری پێویست زۆرێك له‌ ئه‌ندامانی خێزانه‌كانمان له‌یه‌ك ژوور داده‌نیشن‌و سه‌یری ته‌له‌فزیۆن ده‌كه‌ن، دراماكانیش سه‌رنجی قوتابیانی راكێشاوه‌‌و وایكردووه‌ تا ته‌واوبوونی دابنیشن، ئه‌وه‌ش كاتێكی زۆری قوتابیانی بردووه‌.

وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌نزیكه‌وه‌ ئاگادارم وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌رقاڵی پرۆژه‌یه‌ی هاوكارن له‌ قوتابخانه‌كان بۆئه‌وه‌ی خێزانی قۆتابی‌و ستافی قوتابخانه‌ پێكه‌وه‌ یارمه‌تی قوتابیان بده‌ن له‌ رێكخستی كاته‌كانی قوتابی‌و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ توندوتیژی‌و سه‌ركه‌وتن له‌خوێندن.

پرۆژه‌كه‌ خشته‌یه‌كی چالاكی هه‌یه‌ بۆ قوتابیان، بۆئه‌وه‌ی به‌پێی ئه‌و خشته‌یه‌ چالاكی رۆژانه‌یان بكه‌ن هه‌ر له‌ نوستن‌و كۆششكردنی قوتابخانه‌‌و یاریكردن‌و سه‌یركردنی ته‌له‌فزیۆن... به‌ڵام ئه‌وه‌ی تێبینیمكردووه‌ قوتابیان پابه‌ندنابن به‌و خشته‌یه‌وه‌ له‌و كاتانه‌دا كه‌ دراماكان په‌خشده‌كرێت.

به‌پێی خشته‌كه‌ دانراوه‌ له‌ 7:20 بۆ 8:30 قوتابیان هه‌ستن به‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌ركی قوتابخانه‌، به‌ڵام به‌شێك له‌ دراماكان له‌و كاتانه‌ په‌خشده‌كرێت به‌وه‌ش قوتابیان پابه‌ندنابه‌ن به‌ خشته‌كه‌وه‌.

من پێشنیارده‌كه‌م بۆ وه‌زاره‌تی په‌روه‌ده‌‌و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، له‌گه‌ڵ كه‌ناڵه‌ ته‌له‌فزیۆنه‌ ناوخۆییه‌كان دانیشتنێك بكه‌ن له‌باره‌ی ڕێكخستنی كاتی قوتابیانه‌وه‌، به‌جۆڕێك كه‌ جێبه‌جێكردنی خشته‌ی چالاكی رۆژانه‌ ئاسانـبێت بۆ قوتابیان.

پێشنیازه‌كه‌شم ئه‌وه‌یه‌: یان خشته‌كه‌ بگونجێنن له‌گه‌ڵ كاتی پێشكه‌شكردنی دراماكان، یان با ته‌له‌فزیۆنه‌كان په‌خشتی به‌رنامه‌كانیان بگونجێنن له‌گه‌ڵ خشته‌كه‌دا، چونكه‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌و خشته‌یه‌‌و ڕٍێكخستنی چالاكی رۆژانه‌ی قوتابی پێویستی به‌ هاوكاری كه‌ناڵه‌كانی ته‌له‌فزیۆنیش هه‌یه‌.

ره‌نگه‌ خوێنه‌ڕێك بڵێت ئه‌گه‌ر كه‌ناڵه‌ كوردییه‌كانیش ئه‌و درامایانه‌ په‌خشنه‌كه‌ن ئه‌وا بینه‌ر سه‌یری كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌ جۆراوجۆره‌كان ده‌كات. منیش ده‌ڵێم راسته‌، به‌ڵام قوتابیانی قۆناغی بنه‌ره‌تی كه‌متر سه‌یری درامای كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كان ده‌كه‌ن ئه‌ویش له‌به‌ر نه‌زانینی زمانی بیانی، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و درامایانه‌ وه‌رگێردراون بۆ زمانی كوردی بۆیه‌ سه‌یری ده‌كه‌ن‌و داده‌نیشتن به‌دیارییه‌و، جگه‌له‌وه‌ش جۆری په‌خشه‌كه‌ وه‌ك ئاماژه‌م پێدا بۆ په‌خشی 25خوله‌كی دراماكه‌ 30خوله‌ك ریكلامی پێوه‌ ده‌لكێنن، به‌وه‌ش كاته‌كه‌ زیاتر دڕێژده‌بێته‌وه‌.. بۆیه‌ بازرگانه‌كان قانجیانه‌‌و بینه‌ران كاتیان به‌فیرۆده‌ڕوات‌و قوتابیان زیاتر كاتیان به‌فیرۆده‌ڕوات.

داوام وایه‌ له‌كه‌ناڵه‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كان وه‌ك چۆن له‌نێوان خۆیاندا ته‌نسیقیانكردووه‌ یه‌ك به‌دوای یه‌ك دراماكان پێشكه‌شده‌كه‌ن، به‌وجۆره‌ش له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌‌و وه‌زاره‌تی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی بكه‌ن‌و كاتژمێر 7 بۆ 8:30ی شه‌و دراما دۆبلاجكراوه‌كان‌و شتێك پێشكه‌شـنه‌كه‌ن كه‌ سه‌رنجی قوتابیانی بنه‌ڕه‌تی رابكێشێت.. بێگومان واباشتره‌ كه‌ دراماكان له‌كاتی دره‌نگی شه‌و پێشكه‌شبكرێت، واته‌ له‌و كاته‌ی كه‌ زۆربه‌ی قوتابیان نوستوون، كه‌ به‌پێی خشه‌كه‌ دانراوه‌ قوتابیان له‌ كاتژمێر 10بچه‌نه‌ سه‌ر جێگه‌ بۆ نوستن، ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌ناڵه‌ به‌رژه‌وه‌ندی قوتابیانیان ده‌وێت ده‌بێت ره‌چاوی كاته‌كانیان بكه‌ن، نه‌ك ته‌نها به‌رژه‌وه‌ندی بازرگانه‌كان‌و ریكلامكردن.
توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی
Hadi.ameen@gmail.com

بۆچوونه‌کان
saman ahmad karem

mn la gal awa neme ka am shta qorana peshkaksh bkre chunka take kurd xoshaweste bo turk dache..
faraidun

ده‌ستتخۆش بیت كاك هادی، به‌ڵام خۆزكه‌ ئه‌م بابه‌تانه‌ت و ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر شوقه‌كان نووسیوتن، له‌رۆزنامه‌كاندا بلاوده‌كرده‌وه‌ تا خوینه‌ریكی زۆرتر بیبینن. دوباره‌ ده‌ستخۆش

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق