الخميس، 15 أبريل، 2010

نه‌خۆشیی به‌رپرسان گه‌شته‌ بۆ ئه‌وروپا، هاوڵاتییه‌كیش گورچیله‌ی خۆی فرۆشت بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشیی هاوسه‌ره‌كه‌ی...پێشنیازی چاره‌سه‌ر




هادی ئه‌مین
ئه‌م وڵاته‌ی ئێمه‌ ئه‌وه‌نده‌ ناعه‌داله‌تی‌و جیاوازی كۆمه‌ڵایه‌تی تیادایه‌ له‌نێوان به‌رپرسان‌و هاوڵاتیاندا، به‌جۆرێك قورسترین نه‌خۆشی به‌رپرسان ده‌بێته‌ خۆشترین سه‌یران بۆ باشترین وڵاتی پێشكه‌توو، به‌ڵام نه‌خۆشی هاوڵاتیان كۆشنده‌یه‌‌و ده‌بێت چه‌ندین ساڵ پێوه‌ی بتلێته‌وه‌ تا خێرخوازان ئاوڕیان لێده‌ده‌نه‌وه‌।


له‌شه‌وی (3/4-2-2010) له‌به‌رنامه‌ی به‌خشینی په‌یام تیڤیدا، یه‌كێك له‌ ئازاره‌كانی جه‌سته‌ی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌مانی نیشانداین، كه‌ هاوڵاتییه‌ك بوو به‌هۆی رووداوی هاتووچۆوه‌ توشی شكانی فه‌قه‌راتی بوو بوو، سێ ساڵ له‌ جێگادایه‌‌و به‌هیوای كۆمه‌كی خێرخوازان بوو، تا یارمه‌تی بده‌ن‌و نه‌شته‌رگه‌رییه‌كی بۆ بكرێت، وه‌ك به‌رنامه‌كه‌ روونیكرده‌وه‌ خێرخوازان هاوكاریان كردبوو، نه‌شته‌رگه‌رییه‌كی بۆ كرابوو، هاوسه‌ره‌ كرێكاره‌كه‌شی گورچیله‌ی خۆی بۆ فرۆشتبوو، بۆ مه‌سره‌فی نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌، به‌ڵام چاره‌سه‌ری شكاویی فه‌قه‌راتی نه‌بووه‌‌و تائێستاش له‌ جێگادایه‌.

‫له‌ كۆمه‌ڵگای ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا چاره‌سه‌ری كێشه‌ی هاوڵاتیان به‌پله‌ی سه‌ره‌كی ئه‌ركی دامه‌زاروه‌كانی حكومه‌ته‌، ده‌بێت حكومه‌ت چاره‌سه‌ری بنه‌ره‌تی هه‌بێت بۆ هه‌ژاران‌و منداڵانی ئیشكه‌ر‌و بێنازه‌كان‌و بێكاران‌و ئه‌وكه‌سانه‌ی كه‌ توشی نه‌خۆشی قورس بوون، به‌ڵام كاتێك كه‌ زه‌میری حكومه‌ته‌كه‌مان به‌خاوی له‌و بواره‌دا كارده‌كات، ئه‌وا ئیتر ئه‌بێت زیاتروزیاتر له‌ كۆمه‌ڵگاكانی دیكه‌ ئێمه‌ هه‌وڵبده‌ین بۆ كاری به‌خشین‌و بره‌ودان به‌ كاری خۆبه‌خشی.

زه‌میری به‌رپرسانی حكومه‌ته‌كه‌مان، قبوڵێتی مووچه‌ی به‌رز‌و خه‌یاڵی‌و سه‌دان قات بۆ خۆیان دابنێن، منداڵانی ئه‌م میلله‌ته‌ش له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان كلێنس ده‌فرۆشن، به‌رپرسان له‌ بوجه‌ی میلله‌ت به‌ بێ ژماردن ده‌بن بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشیی خۆیان‌و كه‌سوكاریان، هاوڵاتیانیش ده‌بێت گورچیله‌ی خۆیان بفرۆشن بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی ئازیزه‌كانیان. ئا ئه‌مه‌یه‌ جیاوازییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئه‌م هه‌رێمه‌.

له‌ره‌مه‌زانی پارساڵدا، به‌رنامه‌ی به‌ربانكی گه‌لی كوردستان، وه‌ك به‌رنامه‌یه‌كی خزمه‌تگوزاری كۆمه‌ڵایه‌تی رۆڵی خۆی ده‌بینی له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی كێشه‌ی هاوڵاتیان‌، خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌مساڵ چه‌ند به‌رنامه‌یه‌كی دیكه‌م به‌رچاوكه‌وت له‌و بواره‌دا، وه‌ك به‌رنامه‌ی (به‌خشین)ی كه‌ناڵی ئاسمانی په‌یام، به‌رنامه‌ی گه‌نجینه‌ كوردستان تیڤی، به‌رنامه‌كانی ته‌له‌فزیۆنی یه‌كگرتوو.

من وه‌ك توێژه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی، زۆر ده‌ستخۆشیده‌كه‌م‌ له‌وجۆره‌ به‌رنامانه‌، هیوای به‌رده‌وامی‌و سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازم، داوایانلێده‌كه‌م هه‌نگاوبنێن به‌ره‌وه‌ بنیاتنانی پرۆژه‌ی ستراتیژی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان.

ئه‌و جۆره‌ به‌رنامانه‌، زۆربه‌سوودن بۆ كۆمه‌ڵگا، كه‌ ‫ به‌شێوه‌یه‌كی كرداری هه‌وڵده‌ده‌ن بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌‌و ئازاره‌كانی جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵگاكه‌مان. رۆڵی گه‌وره‌یان هه‌یه‌ بۆ بره‌ودان به‌ كه‌لتوری كاری به‌خشین‌و خۆبه‌خشی.

بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی ئه‌و جۆره‌ به‌رنامانه‌‌و هه‌نگاونان به‌ره‌رو پرۆژه‌ی ستراتیژی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان ئه‌م پڕۆژه‌ چاره‌سه‌ره‌ ده‌خه‌مه‌ڕوو.
پرۆژه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌، كه‌ هه‌ر به‌رنامه‌یه‌ك له‌به‌رنامه‌ی كه‌ناڵه‌كان، سندوقێك دابنێت‌و له‌رێگه‌ی بانكه‌وه‌ ژماره‌یه‌كی حسابی هه‌بێت، هه‌روه‌ها هه‌مه‌ئاهه‌نگی هه‌بێت له‌نێوان بانكه‌كان، بۆئه‌وه‌ی ئه‌و كارمه‌ندانه‌ی كه‌ ده‌یانه‌وێت مانگانه‌ هاوكاری ئه‌و به‌رنامانه‌ بكه‌ن، راسته‌وخۆ له‌ رێی بانكه‌وه‌ پاره‌كه‌ بخرێته‌ سه‌ر حسابی ئه‌و به‌رنامانه‌، بانكه‌كان كارئاسانی بكه‌ن بۆ ئه‌و موچه‌خۆرانه‌ی ده‌یانه‌وێت پاره‌ بده‌نه‌ سندوقه‌كه‌، به‌جۆرێك له‌كاتی مووچه‌دا هه‌ر له‌رێگه‌ی بانكه‌وه‌ بڕین بكرێت له‌ موچه‌كه‌یان، به‌و رێژه‌یه‌ی كه‌ موچه‌خۆره‌كه‌ خۆی ده‌یه‌وێت مانگانه‌ به‌شداری بكات، بۆنموونه‌ شێوازێك هه‌بێت بۆئه‌وه‌ی موچه‌خۆر داوابكات له‌بانك كه‌ مانگانه‌ بڕی پێنج هه‌زار دینار له‌ موچه‌كه‌ی بخاته‌سه‌ر ئه‌و سندوقه‌.

بۆئه‌وه‌ش پێویسته‌ ریكلامێكی باش بكرێت، تا بۆ هاوڵاتیان رونبێته‌وه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی شه‌فاف‌و به‌شیاوی پاره‌كه‌ ده‌گاته‌ ده‌ستی ئه‌وانه‌ی هه‌ژار‌و نه‌خۆش‌و خاوه‌ن كێشه‌ن، له‌و باوه‌ڕه‌دام ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ به‌ وردی روونبكرێته‌وه‌ ئه‌وا كه‌سانێكی زۆر به‌شداریده‌كه‌ن له‌و سندوقانه‌دا. بۆ دڵنیاكردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی له‌وه‌ی پاره‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی شه‌فاف ده‌گاته‌ده‌ست كه‌سانی موسته‌حه‌ق، پێشنیازم نوسوه‌ له‌م وتاره‌دا.

پاره‌ی سندوقه‌كه‌ له‌چی پێكدێت:
پاره‌ی سندوقه‌كه‌ پێكدێت له‌به‌شداری ئه‌م لایه‌نانه‌ی لای خواره‌وه‌:
1- به‌شداری موچه‌خۆران:
ئه‌گه‌ر 800هه‌زار موچه‌خۆرمان هه‌بێت، هاندان‌و بانگه‌شه‌كان له‌قۆناغێكدا 100هه‌زار كه‌س رازیبكات بۆ به‌شداریكردن له‌و سندوقه‌دا هه‌ر كه‌سه‌ی مانگی هه‌زار دینار، ئه‌وا له‌مانگێكدا پاره‌ی سندوقه‌كه‌ ده‌كاته‌ سه‌د ملیۆن دینار، من دڵنیام كه‌ خه‌ڵكی به‌ بڕه‌ پاره‌ی زیاتریش به‌شداریده‌كات.

2- به‌شداری رێكخراوه‌كان:
رێكخراوه‌كان نێوخۆی‌و ده‌ره‌كییه‌كان هانبدرێن، بۆئه‌وه‌ی مانگانه‌ به‌شداری بكه‌ن له‌ دانانی پاره‌ له‌و سندوقه‌دا.

3- به‌شدارانی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان:
داوابكرێت له‌ كه‌سانی دیكه‌ كه‌ فه‌رمانبه‌ر نیین، وه‌ك ده‌وڵه‌مه‌ند‌و كاسبكاران تا به‌شداریبكه‌ین له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی ئه‌و سندوقه‌دا.

4- به‌شداری كۆمپانیاكان:
له‌م سه‌رده‌مه‌دا كۆمپانیاكانی كه‌رتی تایبه‌ت ته‌نیا پشتـنابه‌ستن به‌ بوونی قازانجی زۆر‌و ناوبانگی گه‌وره‌، به‌ڵكو پشتیشده‌به‌ستن به‌ به‌جێهێنانی به‌رپرسیارێتیان به‌رامبه‌ر به‌و كۆمه‌ڵگه‌ی تیاداده‌ژین، ئه‌ویش له‌پێناو گه‌شه‌پێدانی بواره‌كانی ژیان، چونكه‌ ئێشوئازاری كۆمه‌ڵگه‌كه‌یان به‌ ئێشوئازاری خۆیان ده‌زانن. ئه‌و به‌رپرسیارێتییه‌ش بریتییه‌ له‌ دانانی رێژه‌یه‌ك پاره‌ له‌ قازانج بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌‌و خزمه‌تكردنی.

5- پاره‌ی ئه‌وقافه‌كان:
كاربكرێت له‌ڕێگه‌ی ده‌زگا ئاینییه‌كانه‌وه‌ تا پاره‌ی خێروخێرات‌و ئه‌وقاف‌و زه‌كات‌و قوربانی، هه‌مووی بخرێته‌سه‌ر ئه‌و سندوقانه‌.

6- به‌شداری حكومه‌ت:
حكومه‌ت ساڵانه‌ بوجه‌یه‌ك بۆ ئه‌و سندوقه‌ ته‌رخانبكات، ئه‌گه‌ر نه‌یشیكات ئه‌و پرۆژه‌یه‌ ناوه‌سنتێت، چونكه‌ به‌هاوكاری جه‌ماوه‌ر دروستكراوه‌.

هه‌نگاوه‌گانی جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كه‌:
1- له‌ هه‌موو رێگایه‌كی شیاوه‌وه‌ ریكلامبكرێت بۆ ئه‌و جۆره‌ به‌رنامانه‌‌و سندوقه‌كانیان، له‌ شێوه‌ی راپۆرت‌و چاوپێكه‌وتن ئه‌و به‌خشین‌و هاوكارییانه‌ به‌سه‌ربكرێنه‌وه‌، شێوازی به‌شداریكردنه‌كه‌ به‌وردی روونبكرێته‌وه‌ بۆ هه‌موو هاوڵاتیان تا ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت به‌شداری بكه‌ن شێوازی به‌شداریكردنه‌كه‌ روونبێته‌وه‌ بۆیان.

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ روونبكرێته‌وه‌ كه‌ هاوڵاتی به‌پاره‌یه‌كی كه‌م (هه‌زاردینار مانگانه‌) به‌شداریـده‌كات، به‌ڵام كاریگه‌ری زۆری ده‌بێت، وه‌ك چۆن باران تكه‌تكه‌ ده‌بارێت‌و ده‌ریایه‌كی لێ دروستده‌بێت، ئه‌وه‌ش هانی به‌شداری زیاتر ده‌دات.

وتاری تایبه‌ت بڵاوبكرێته‌وه‌ له‌باره‌ی كه‌لتوری به‌خشین، جگه‌له‌وه‌ش هه‌وڵبدرێت پێشبركێی راگه‌یاندنی سازبكرێت بۆ ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ له‌بواری كه‌لتوری به‌خشین بڵاوده‌كرێنه‌وه‌، ساڵانه‌ یان شه‌ش مانگ جارێك ده‌ سه‌ركه‌وتوترین كاری ئه‌و بواره‌ خه‌ڵاتبكرێت، ئه‌ویش به‌دانانی چه‌ند پێوه‌رێك.

2- له‌رێگه‌ی تیمی تایبه‌ته‌وه‌، به‌سوودوه‌رگرتن له‌ وه‌زاره‌تی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، كاربكرێت بۆ دیاریكردنی خاوه‌ن كێشه‌كان، له‌ ئه‌وله‌ویتی پێویستییه‌وه‌ بۆ كه‌سانی دیكه‌، بۆئه‌وه‌ش فۆرمێكی تاییه‌تی ئاماده‌بكرێت، كه‌ تیادا جۆری كێشه‌كان‌و خێزان‌و كه‌سه‌كان به‌ ناونیشانی ته‌واوه‌ تیادا دیاریبكات، كێشه‌كانی وه‌ك: نه‌خۆشی، هه‌ژاری، بێكاری...

3- به‌پێی ئه‌وله‌ویه‌ت، كێشه‌كان بخرێنه‌ خشته‌ی چاره‌سه‌ركردنه‌وه‌، مانگانه‌ به‌پێی پاره‌ی سندوقه‌كه‌، پاره‌ سه‌رفبكرێت بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان.

4- بۆ كه‌سانی هه‌ژار، پرۆژه‌ی ئابوری به‌داهاتیان بۆ دابینبكرێت، تا رزگاربن له‌ هه‌ژاری، به‌جۆرێك سه‌رمایه‌ی پرۆژه‌كه‌ به‌ قیستی زۆركه‌م‌و درێژخایه‌ن بێ سوود بگێڕنه‌وه‌ بۆ سندوقه‌كه‌، بۆئه‌وه‌ی دووباره‌ به‌كاربهێنرێته‌وه‌ له‌ ده‌ستگیرۆی كه‌سانی دیكه‌دا، به‌وه‌ش هه‌م سندوقه‌كه‌ به‌رده‌وامده‌بێت‌و هه‌م ئه‌و پاره‌یه‌ش كه‌ ده‌به‌خشرێت زۆرترین سوودده‌گه‌یه‌نێت به‌ كۆمه‌ڵگاكه‌مان‌و له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ پاره‌كه‌ی پێدراوه‌ راسته‌وخۆ ده‌بێته‌وه‌ به‌ كه‌سێكی به‌خشنده‌.

5- ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ سلفه‌كه‌ ده‌یانگرێته‌وه‌ له‌به‌شی رزگاركردن له‌ هه‌ژاری، به‌هۆی تیمێك له‌ توێژه‌رانی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئابوری چاودێری پرۆژه‌كه‌یان بكرێت‌و سه‌رپه‌رشتیان بكه‌ن، بۆئه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتووبن.

6- بۆ دڵنیاكردنه‌وه‌ی به‌شداران‌و خێرخوازان له‌وه‌ی كه‌ پاره‌ی سندوقه‌كه‌ به‌ شه‌فافی جێگه‌ی خۆی ده‌گرێت، پڕۆژه‌كه‌ بڵاوكراوه‌ی تایبه‌تی هه‌بێت، مانگانه‌ یان دوو مانگ جارێك، كه‌ ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هاندانێكی زۆرباش بۆ كه‌سانی دیكه‌ش تا به‌شداریـبكه‌ن له‌ سندوقه‌كه‌دا، بڵاوكراوه‌كه‌ ئه‌مانه‌ی تیادابێت:

ا- چه‌ند پاره‌ خراوه‌ته‌سه‌ر سندوقه‌كه‌‌و چۆن سه‌رفكراوه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ به‌وه‌سڵ بێت‌و شێوازه‌ ژمێریارییه‌كان بێت.
ب- ناونیشان‌و ناوی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ كۆمه‌ك‌و سلفه‌ییان پێدراوه‌، بۆئه‌وه‌ی خه‌ڵك‌و رۆژنامه‌نوسان به‌دواداچوون بكه‌ن‌و دڵنیابن له‌وه‌ی كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ موسته‌حه‌قی سلفه‌ی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ بوون.

له‌و باوه‌ڕه‌دام ئه‌م پرۆژه‌یه‌ زۆر گرنگه‌، بۆ ئێستای كۆمه‌ڵگاكه‌مان، من هیوادارم ئه‌و به‌رنامه‌ی به‌خشینانه‌ی كه‌ له‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كاندا هه‌یه‌، هه‌موویان ژماره‌ حسابی‌و سندوق بكه‌نه‌وه‌‌و ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ جێبه‌جێبكه‌ن، چونكه‌ كۆمه‌ڵگاكه‌مان كێشه‌ی زۆری هه‌یه‌‌و به‌رپرسانیش ته‌نها خه‌می خۆیان‌و خزمه‌كانی خۆیانه‌، (نه‌خۆش‌و هه‌ژار‌و كرێچیی‌و بێكار‌و خاوه‌ن پێداویسی تایبه‌ته‌كان) بێكه‌س ماونه‌ته‌وه‌.

هه‌روه‌ها ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ ده‌بێته‌هۆی ئه‌وه‌ی ڕۆشنبیری به‌خشین له‌ كۆمه‌لگاكه‌ماندا ببوژێته‌وه‌، جگه‌له‌وه‌ش به‌شداریكردن له‌و سندوقه‌دا ده‌بێته‌هۆی ئه‌وه‌ی وا له‌ به‌شداربوو بكات كه‌ هه‌ستبكات مرۆڤێكی ئیجابییه‌، هه‌ستكردن به‌وه‌ی كه‌ رۆڵی هه‌یه‌ له‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی مرۆڤه‌كانی دیكه‌، به‌وه‌ش ئارامی ده‌روونی بۆ دروستده‌بێت‌و هه‌ست به‌ گرنگی خۆی ده‌كات.

هیوادارم له‌قۆناغی دیكه‌ی ئه‌و به‌رنامه‌‌و پرۆژانه‌دا بیربكرێته‌وه‌ له‌چاره‌سه‌ری كێشه‌ی دیكه‌ی وه‌ك، كه‌می بینای قوتابخانه‌كان، چونكه‌ وه‌ك له‌ وڵاتان هه‌یه‌، قوتابخانه‌ ده‌بێت یه‌ك ده‌وامی تیابیبَت‌و قوتابی هه‌شت كاتژمێر تیادا فێرده‌بێت، به‌ڵام قوتابخانه‌كانی ئێمه‌ سێ‌و دوو ده‌وامین‌و قه‌ره‌باغن، هیوادارم له‌ قۆناغی دیكه‌دا پۆل‌و قوتابخانه‌ی نوێ دروستبكه‌ن، به‌تایبه‌ت بۆ ناوشاره‌كان، چونكه‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ له‌ ناوشاره‌كان زۆره‌، ئاخر خۆ حكومه‌ته‌كه‌مان هه‌وڵی نه‌داوه‌ ده‌وامی قوتابخانه‌كان بكات به‌ یه‌ك ده‌وامی هه‌شت كاتژمێری، كه‌ حكومه‌تیش ئه‌وه‌ نه‌كات، ده‌بێت هاوڵاتیان خۆیان یه‌كبگرن بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، ئاخر له‌وڵاتێكدا كه‌ نه‌خۆشیی به‌رپرسان گه‌شت بێت بۆ خوشترین وڵات، هاوڵاتییه‌كیش گورچیله‌ی خۆی بفرۆشت بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشیی هاوسه‌ره‌كه‌ی، ئیتر ده‌بێت فاتیحه‌ بۆ حكومه‌ت دابه‌ده‌ین‌و قوڵی لێ هه‌ڵماڵین‌و خۆمان بیربكه‌ینه‌وه‌ له‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانمان.
Hadi.ameen@gmail.com

Pring page


بۆچوونه‌کان
hemn

dest xosh kak hade
mn gowem lebowa barpersan handek-jar am karyan kerdowa, balam la chowacheway hizbeda-bowa, awashe rawanay darawa krawa peshtewane hizbe habwa, boya xelke hajar bebashkrawa, boya peshneyarany barezt bajen agar kare lasar bkret sode bashe dabet
serkawto bn
كامةران

ده‌ست خۆشبێت كاك هادی بێومان ئه‌مه‌ ئه‌مرۆ گه‌وره‌ترین گرفتی ئێمه‌ی كورده‌،كه‌ده‌بوو هه‌مومان به‌رقسه‌له‌سه‌رهیچ لایه‌نیكی ژیان كاربۆراست كردنه‌وه‌ی سیسته‌می ته‌ندروستی هه‌رێم بكه‌ین،به‌ڵام ئه‌م له‌خودی ئه‌ستۆی حكومه‌تی هه‌ریم و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی دایه‌،ده‌ش توانێ‌ وابكات ئه‌م نه‌خۆشانه‌ له‌ شاشه‌ی تیڤیه‌كانه‌وه‌ نیشان نه‌درێن ودوجار جه‌سته‌یان ئازارنه‌دریت،ئه‌م بوجه‌یه‌ی بۆكاری لاوه‌كی ته‌رخان ده‌كریت بۆئه‌م مه‌به‌سته‌ ته‌رخان بكریت.
د.شيروان
ده ست خوش كاك هادی بۆ ئه‌و شیكردنه وه جوانه‌ هیوادارم ئه‌و كاره‌ بكرێت زۆر زه‌رووره‌ بۆ كه‌سانی نه‌خۆش و كه‌مده‌رامه‌ت.
هاشم غه‌مگین

منیش هاوڕام له‌گه‌ڵ بۆ چون‌و پێشنیاره‌كانی كاك هادی،

ده‌خوازم ئه‌م بابه‌ته‌ هه‌موو لایه‌ك ته‌ماشایبكات پشتیوانی سه‌رخستنی لێبكرێت بۆئه‌وه‌ی خه‌ڵكی هه‌ژار‌و نه‌داری ئێمه‌ ئه‌وانه‌ی نه‌خۆشی سه‌ختیان هه‌یه‌ پێویست به‌وه‌ ده‌كات ببرێنه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردن فه‌رامۆشنه‌كرێن‌و ئاوڕیان لێبدرێته‌وه‌.

پاشان به‌ پێویستی ده‌زانم وێنه‌یه‌ك له‌م پێشنیارانه‌ بدرێت به‌ سه‌رجه‌م فراكسێونه‌كانی په‌رله‌مان هاوكات وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی‌و وه‌زاره‌تی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی بۆئه‌وه‌ی دیراسه‌یبكه‌ن‌و سالانه‌ بودجه‌یه‌ك بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ته‌رخانبكرێت
عبدالعزيز هاشم

به‌راستی كاره‌كی زۆرزۆر جاكه‌ ئه‌كه‌ر بكریت من لیره‌وه‌ بشتكیری خۆمی بۆ ده‌رده‌خه‌م هیوادارم بكه‌ویته‌ بواری جیبه‌جیكردنه‌وه‌و له‌ركای راكه‌یاندنه‌وه‌ دیعایه‌ی بۆ بك

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق