الخميس، 15 أبريل، 2010

له‌كوردستان دزیكردن هه‌یه‌، نه‌ك گه‌نده‌ڵی!؟



هادی ئه‌مین
قه‌باره‌ی فۆنت بگۆڕه‌
گه‌نده‌ڵی شێوازی جیاجیای هه‌یه‌، وه‌ك خراپ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات، رۆتینی زۆری ئیداری بێسوود، سووده‌وه‌گرتن له‌ "ماڵ‌و سامانی گشتی خه‌ڵك" بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تاكه‌كه‌سی به‌شێوازی جۆراوجۆر، مه‌حسوبه‌ییت‌و پاره‌دان بۆ رایكردنی كارێك، كاركردن به‌ دوور له‌ بنه‌ماكانی كار...

به‌ڵام لێره‌دا قسه‌ده‌كه‌ین له‌سه‌ر (وه‌لانانی پاره‌ی خه‌ڵك له‌لایه‌ن به‌رپرسانه‌وه‌ بۆ خۆیان)، ئه‌گه‌ر ئه‌م حاڵه‌ته‌ به‌ دزیكردن ناوزه‌ندبكه‌ین باشتره‌، نه‌ك به‌ گه‌نده‌ڵی، چونكه‌ وشه‌ی گه‌نده‌ڵی ساده‌بووه‌ته‌وه‌ له‌هه‌رێمی كوردستاندا‌و لێپرسینه‌وه‌ی جدیش نییه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی گه‌نده‌ڵی ده‌كه‌ن.

له‌ میدیاكاندا ئه‌وه‌مان به‌رچاوده‌كه‌وێت كه‌ به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان دانــبه‌وه‌داده‌نێن كه‌ گه‌نده‌ڵی بوونی هه‌یه‌ له‌ كوردستاندا. بۆنموونه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی (رۆژنامه‌)ـه‌دا باسله‌وه‌ده‌كات كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا گه‌نده‌ڵی دیارده‌یه‌كی‌ به‌رچاوه‌. هه‌ندێك به‌رپرسی دیكه‌ش باسله‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ گه‌نده‌ڵی دیارده‌یه‌كی جیهانییه‌. ئه‌مه‌ش ئیحای ئه‌وه‌ده‌دات كه‌ گه‌نده‌ڵی كه‌ بوونی هه‌یه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا، ئه‌وا ئاساییه‌، چونكه‌ دیارده‌یه‌كی جیهانییه‌‌و له‌ زۆربه‌ی وڵاتاندا هه‌یه‌!

بۆیه‌ پێویسته‌ بیرله‌وه‌بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌بری وشه‌ی گه‌نده‌ڵی وشه‌ی دزیكردن به‌كاربهێنین، ئه‌وسا بزانین ئایا به‌رپرسان ده‌توانن دانبه‌وه‌دابنێن كه‌ به‌رپرسان دزی ده‌كه‌ن له‌ سامانی گشتی خه‌ڵك؟!

هه‌رچه‌نده‌ گه‌نده‌ڵی دیارده‌یه‌كی جیهانی بێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ موبه‌ریری بونی گه‌نده‌ڵی نییه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا.

ئه‌گه‌ر له‌بری وشه‌ی گه‌نده‌ڵی "دزیكردن" به‌كاربهێنین، ئه‌وا سه‌ره‌رای دانــنانی بێزارانه‌ به‌ بوونی ئه‌و نه‌خۆشییه‌دا، هه‌ستی لێپرسینه‌وه‌ به‌رامبه‌ری به‌رزده‌بێته‌وه‌‌و پاڵنه‌رێكی ده‌روونی كۆمه‌ڵایه‌تی زیاتر دروستده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و نه‌خۆشییه‌، چونكه‌ دزیكردن لای‌ زۆربه‌ی خه‌ڵك روونه‌، به‌ڵام وشه‌ی گه‌نده‌ڵی (له‌ به‌شێكیدا) وه‌ك داپۆشینێكی لێهاتووه‌ بۆ وشه‌ی دزیكردن.

لێره‌دا مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وشه‌ی گه‌نده‌ڵی مانایه‌كی سۆسیۆلۆژی به‌هێزی نییه‌ له‌كۆمه‌ڵگاكه‌ماندا‌و خه‌ڵك باش لێیــتێناگات، به‌ڵام وشه‌ی دزیكردن بۆ ئه‌وبه‌شه‌ی گه‌نده‌ڵی كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌م وشه‌یه‌وه‌ مانایه‌كی سۆسیۆلۆژی به‌هێزتر‌و كاریگه‌رتری هه‌یه‌‌و قیزه‌ونتره‌‌و كاریگه‌ری زیاتره‌ وه‌ك له‌ وشه‌ی دزیكردن.

بۆیه‌ من پێموایه‌ له‌ كوردستان دزیكردن هه‌یه‌، نه‌ك گه‌نده‌ڵی.
Pring                          page


بۆچوونه‌کان
سه‌رهه‌نگ که‌ریم قه‌ره‌نی

ده‌ست خۆش وتاره‌که‌ت له‌ جێی خۆیه‌تی، هه‌ر سه‌رکه‌وتوبیت.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق