الخميس، 15 أبريل، 2010

چه‌ند پێشنیازێك بۆ په‌رله‌مانتارانی لیسته‌ جیاجیاكانی كوردستان


هادی ئه‌مین

بۆ زیاتر كارلێكـكردنی خه‌ڵكی له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتاران‌و به‌ مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی كه‌لتوری دیموكراتی‌و گوێگرتن له‌ رای خه‌ڵك‌و راگۆرینه‌وه‌، ئه‌م چه‌ند پێشنیازه‌ ده‌خه‌مه‌ به‌رده‌ست په‌رله‌مانتارانی لیسته‌ جیاوازه‌كانی كوردستان.

1- تكایه‌ زیاتر وه‌رنه‌ ناو خه‌ڵكه‌وه‌:
هاتنه‌ناو خه‌ڵك‌و گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵیان، ده‌ریده‌خات بۆ خه‌ڵكی كه‌ په‌رله‌مانتاران خاوه‌نی چالاكیین‌و سه‌رقاڵی كارن، چونكه‌ به‌راستی زۆربه‌ی خه‌ڵكی هه‌موو په‌رله‌مانتاران ناناسین‌و نازانن خه‌ركی چیین، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ نه‌هاتونه‌ته‌ ناو خه‌ڵكه‌وه‌، بۆیه‌ خه‌ڵك ده‌ڵێت هیچیان دیارنییه‌، بۆیه‌ گرنگه‌ بێنه‌ناو خه‌ڵك‌و شتیان بۆ رونبكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ ته‌نها پشتبه‌ستن به‌ له‌له‌فزۆینه‌كان بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی چالاكییه‌كان به‌س نییه‌.

بۆنموونه‌: با په‌رله‌مانتاران له‌ رێگه‌ی كۆڕ‌و سیمیناره‌وه‌ بێنه‌ناو خه‌ڵك‌و پرسه‌ گرنگه‌كان بۆ خه‌ڵك روونبكه‌نه‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی رونیكه‌نه‌وه‌ یاساكان چۆن تێپه‌رده‌بن، هه‌نگاوه‌كانی لێپرسینه‌وه‌ له‌به‌رپرسان گه‌یشتووه‌ به‌چی، مووچه‌ی وه‌زیر‌و ئه‌ندام په‌رله‌مان چه‌نده‌...

هه‌روه‌ها ده‌توانن باسله‌وه‌بكه‌ن په‌رله‌مانتاران چۆن رۆژانه‌ كارده‌كه‌ن له‌كوێ داده‌نیشتن له‌كاتی به‌تاڵ، چۆن خه‌ڵك په‌یوه‌ندیان پێوه‌بكات، ئه‌و موچه‌یه‌ی وه‌ریده‌گرن چۆن سه‌رفیده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش زیاتر نزیكیان ده‌كاته‌وه‌ له‌خه‌ڵكی.

په‌رله‌مانتاران ده‌توانن به‌ چه‌ند هه‌نگاوێك زیاتر بێنه‌ ناو خه‌ڵكه‌وه‌ له‌وانه‌ش:
أ‌- مانگانه‌ یان دوو مانگ جارێك، كۆبونه‌وه‌ی رۆژنامه‌گه‌ری بكه‌ن‌و ئه‌وه‌ی كه‌ كردیویانه‌‌و ئه‌وه‌ی رووده‌دات له‌ په‌رله‌مان بیگوازنه‌وه‌ بۆ رۆژنامه‌كان‌و وه‌ڵامی پرسیاری رۆژنامه‌كان بده‌نه‌وه‌، ده‌توانن له‌ده‌ره‌وه‌ی هۆڵه‌كانی په‌رله‌مان ئه‌وه‌ بكه‌ن.

ب‌- مانگانه‌ یان دوو مانگ جارێك، هه‌ر ئه‌ندام په‌رله‌مانێك، یان ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی له‌ یه‌ك لیژنه‌دان سیمینار‌و كۆڕ ببه‌ستن، كه‌سانی پسپۆر‌و هاوڵاتی‌و خوێندكاری زانكۆ‌و رۆژنامه‌نوسان داوه‌تبكه‌ن، بۆئه‌وه‌ی له‌ نزیكه‌وه‌ گفتوگۆبكه‌ن، له‌سه‌ر ته‌وه‌رێك، به‌وه‌ش په‌رله‌مانتاره‌كان سوودی زۆر وه‌رده‌گرن له‌ گفتوگۆكان، هه‌ندێك وزه‌یان ده‌ستده‌كه‌وێت كه‌ هه‌ستیان پێنه‌كردووه‌.

بۆ نموونه‌ كه‌ ئێستا سه‌روبه‌ندی رێكخستنی بوجه‌یه‌، ه‌مانبینی په‌رله‌مانتاران سیمینار‌و كۆبوونه‌وه‌ سازبكه‌ن بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی له‌سه‌ر ئه‌و پرۆژه‌یه‌، ده‌توانن وه‌ك رێكخراوه‌كان چۆن بۆ پڕۆژه‌یه‌ك به‌ چه‌ند میكانیزمێكی جیاواز خه‌ڵكی جیاجیا كۆده‌كه‌نه‌وه‌ سیمینار‌و گفتوگۆ رێكده‌خه‌ن، بۆ وه‌رگرتنی رای جیاواز، ده‌بوایه‌ هۆڵه‌كانی رۆشنبیری‌و هۆڵی كتێبخانه‌‌و زانكۆكان چه‌ندین سیمینار‌و گفتوگۆی به‌خۆوه‌ ببینایه‌.

جـ‌- كارێكی زۆر گونجاوه‌ په‌رله‌مانتاران تێكه‌ڵاوی زانكۆكان بن، مانگانه‌ یان دوو مانگ جارێك كۆڕیان بۆ ببسه‌تن‌و گوێبیتسی رای خوێندكاران بن.

د‌- هه‌ر په‌رله‌مانتارێك ئۆفیسی خۆی بكاته‌وه‌ به‌ ره‌سمی، له‌ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان، به‌ڵكو له‌ ناو بازار‌و له‌ شه‌قامه‌ سه‌ره‌كییه‌كان، له‌ كاته‌ به‌تاڵه‌كانی له‌وێ ده‌وامبكات‌و پێشوازی له‌خه‌ڵك بكات‌و كاره‌كانی خۆی تیا رێكوپێك بكات له‌ مه‌له‌فات‌و ئه‌رشیف‌و رێكخستنی مه‌وعیده‌كان‌و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ كه‌سانی تایبه‌تمه‌ند‌و چاوپێكه‌وتنی رۆژنامه‌ونی...
ه‌- هه‌ر ئه‌ندام په‌رله‌مانێك به‌پێی ئه‌و لیژنه‌یه‌ی كه‌كاری تیاده‌كات، ناونیشانی خۆی له‌گه‌ڵ په‌یامێك ئاراسته‌ی جه‌ماوه‌ربكات، له‌ڕێگه‌ی میدیاكانه‌وه‌، به‌جۆرێك ئیمه‌یڵ‌و ژماره‌ مۆبایلێك بخاته‌ڕوو به‌مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی په‌یوه‌ندیان پێوه‌بكه‌ن‌و زنیارییان بۆ بنێرن.

2- تێكه‌ڵاوی ته‌واوی رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان بن:
سه‌ردانی رێكخراوه‌كان بكه‌ن‌و موفاته‌حه‌یان بكه‌ن به‌ شێوه‌ی ره‌سمی، بۆ ئه‌م مه‌به‌ستانه‌:
ا- راوێژكردن: په‌یوه‌ندیكردن له‌گه‌ڵیان به‌پێی پسپۆریان، بۆنموونه‌ رێكخراو هه‌یه‌ تایبه‌تمه‌نده‌ به‌ بواری یاسا، ده‌توانن بۆ هه‌موو كارێكی یاسایی راوێژیان له‌گه‌ڵ بكه‌ن‌و به‌رنامه‌ی كار پێكه‌وه‌ دابنێن.

ب- داكۆكی: په‌یوه‌ندیكردن له‌گه‌ڵیان به‌مه‌به‌ستی كاراكردنی شێوازه‌كانی ئه‌دڤۆكه‌سی‌و داكۆكی له‌ پرسێك‌و مسۆگه‌ركردنی پشتگیرییان.

ج – سوودوه‌رگرتن له‌تواناییه‌كانیان: هه‌ندێك رێكخراو ئه‌وه‌ی من زانیومه‌ ئاماده‌ییان هه‌یه‌ كۆرسی تایبه‌تمه‌ند بۆ په‌رله‌مانتاره‌كان بكه‌نه‌وه‌ بۆ هاوكاریكردینان له‌ شێوازه‌كانی كاری په‌رله‌مانتاری.. هه‌یانه‌ ئاماده‌ییه‌ هاوركای‌و راوێژكاری پێشكه‌شبكات..

3- په‌رله‌مانتار بڕێك پاره‌ ته‌رخانبكات بۆ بینینی كۆرسی راهێنان:
بۆئه‌وه‌ی مامۆستای تایبه‌تمه‌ندی بیانی‌و رێكخراوی تایبه‌مه‌تمه‌ند داوه‌تبكه‌ن، بۆ رێنماییكردنیان بۆ چۆنێتی كاری په‌رله‌مانی، بێگومان كاری په‌رله‌مانی ته‌نها دانیشتن نییه‌ له‌ هۆڵی په‌رله‌مان‌و كۆمه‌ڵێك رێوشوێنی دیكه‌ی هه‌یه‌‌و بۆ ئه‌وه‌ش ده‌توانن سوودوه‌ربگرن له‌ راهێنه‌ری به‌توانای ئه‌و بواره‌.

4- بڵاوكراوه‌ی مانگانه‌:
په‌رله‌مانتارانی لیسته‌ جیاجیاكان مانگانه‌ بڵاوكراوه‌ی خۆیان هه‌بێت، له‌باره‌ی كارو چالاكییه‌كاننیان‌و تیادا وتاری تایبه‌ت بڵاوبكرێته‌وه‌ له‌سه‌ر كه‌لتوری كاری په‌رله‌مانی‌و وتاری په‌رله‌مانتاره‌كانی تیا بڵاوبێته‌وه‌، تا خه‌ڵك بزانێت ئاستی ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ چه‌نده‌‌و بیركردنه‌وه‌یان چۆنه‌، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ خه‌ڵكیش وتار بۆ ئه‌و بڵاوكراوه‌یه‌ بنێرێت، تا كه‌لتوری كاری په‌رله‌مانی‌و دیموكراتی ده‌وڵه‌مه‌ندبێت، هاوكات به‌هۆی ناونیشانه‌كانییه‌وه‌ ده‌بێته‌ كه‌ناڵێك بۆ وه‌رگرتنی سكاڵاو زانیاری...
Hadi.ameen@gmail.com

Pring page


بۆچوونه‌کان
gabar
بابه‌تێكی به‌پێزه‌ ده‌ستخۆشیت لێده‌كه‌م هیوادارم په‌رله‌مانتاران سوودی لێوه‌ربگرن و ئه‌م ڕه‌فتارانه‌ پیاده‌ بكه‌ن ، ئه‌گه‌ر تائێستاش ئه‌م ڕه‌فتارانه‌ ڕه‌چاو نه‌كراوه‌ ئه‌وا به‌ڕای من یه‌كێ‌ له‌هۆكاره‌كانی شێوازی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌ كه‌ تائێستا پشت به‌لیستی داخراو به‌ستراوه‌ و كه‌متر كه‌سایه‌تییه‌كه‌ ڕۆلی بینیوه‌ و له‌سه‌ر سه‌رمایه‌ معنویه‌كه‌ی حیزبه‌كی متمانه‌ی پێدراوه‌ ، به‌ڵام ئه‌م جاره‌ دۆخێكی جیاوازه‌ سه‌ره‌تایی دروستبوونی معاره‌زه‌ی په‌رله‌مانی سه‌ریهه‌ڵداوه‌ هه‌روه‌ها هڵبژاردنی ئه‌م جاره‌ش ، لیستی كراوه‌ی سنورداره‌ .
hemn
ده‌ستخۆشی له‌ نوسه‌ر ده‌كه‌م و ئه‌م پێشنیاره‌م هه‌یه‌،

حه‌فوایه‌ رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ته‌نها رۆڵی بینه‌ر‌و ره‌خنه‌گر نه‌بینن، حه‌فوایه‌ به‌شداریان هه‌بێت له‌ بنیاتنانی كه‌لتوری دیموكراسی و په‌رله‌مانی.. له‌ روانگه‌ی پێشنیاری ئه‌وه‌ی كه‌ په‌رله‌مانتاره‌كان هه‌وڵبده‌ن خول ببینن، من ده‌ڵێم با رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ئه‌و هه‌نگاوه‌ بنێن‌و خول‌و گفتوگۆ سازبكه‌ن بۆ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی لیسته‌ جیاجیاكان.

با ئه‌وان به‌ توانای ناوخۆی‌و ده‌ره‌وه‌كی هه‌وڵبده‌ن كه‌ لتوری كاری په‌رله‌مانی پێشكه‌وتوو بگوازنه‌وه‌ بۆ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كه‌ن نه‌ك هه‌ر بینه‌ر بن‌و رۆڵی راسته‌وخۆیان نابێت.

پێشنیارم ئه‌وه‌یه‌ بۆ سه‌رجه‌م رێكخراوه‌كان‌و ئه‌و رێكخراوه‌ش كه‌ له‌پشت ئه‌م ماڵپه‌ره‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ستن به‌و كاره‌‌و جێده‌ستایان دیاربخه‌ن.. چونكه‌ په‌رله‌مانی ئێستا جیاوازه‌ له‌ په‌له‌مانه‌كانی دیكه‌.. به‌هیوای كاركردن

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق