الخميس، 15 أبريل، 2010

به‌ره‌و پرۆژه‌ی رزگاركردن له‌ هه‌ژاری‌و بێكاری‌و...



هادی ئه‌مین
قه‌باره‌ی فۆنت بگۆڕه‌
له‌ره‌مه‌زانی پارساڵدا به‌رنامه‌ی به‌ربانكی گه‌لی كوردستان، وه‌ك به‌رنامه‌یه‌كی خزمه‌تگوزاری كۆمه‌ڵایه‌تی رۆڵی خۆی ده‌بینی له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی كێشه‌ی هاوڵاتیان‌و ئازاره‌كانی جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵگاكه‌مان. ئه‌مساڵ خۆشبه‌ختانه‌ به‌رنامه‌یه‌كی دیكه‌م به‌رچاوكه‌وت له‌و بواره‌دا، ئه‌ویش به‌رنامه‌ی "به‌خشین"ی كه‌ناڵی ئاسمانی په‌یامه‌، من وه‌ك توێژه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی زۆر ده‌ستخۆشی ده‌كه‌م‌ له‌وجۆره‌ به‌رنامانه‌‌و هیوای به‌رده‌وامی‌و سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازم، داوایانلێده‌كه‌م هه‌نگاوبنێن به‌ره‌وه‌ بنیاتنانی پرۆژه‌ی رزگاری له‌هه‌ژاری‌و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی وه‌ك: بێكاری‌و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كه‌سانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت‌و چاره‌سه‌ری نه‌خۆشه‌كان.

ئه‌و جۆره‌ به‌رنامانه‌ زۆربه‌سوود بۆ كۆمه‌ڵگا‌و پراكتیككردنی به‌شێكی (زانستی كۆمه‌ڵناسی)یه‌، كه‌ ‫ به‌شێوه‌یه‌كی كرداری هه‌وڵده‌ده‌ن بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌‌و ئازاره‌كانی جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵگاكه‌مان.

‫له‌ كۆمه‌ڵگای سه‌ده‌ی بیست‌و یه‌كه‌مه‌دا چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به‌پله‌ی سه‌ره‌كی ئه‌ركی دامه‌زاروه‌كانی حكومه‌ته‌، ده‌بێت حكومه‌ت چاره‌سه‌ری بنه‌ره‌تی هه‌بێت بۆ هه‌ژاران‌و منداڵانی ئیشكه‌ر‌و بێنازه‌كان‌و بێكاران‌و ئه‌وكه‌سانه‌ی كه‌ توشی نه‌خۆشی قورس بوون، به‌ڵام كاتێك كه‌ زه‌میری حكومه‌ته‌كه‌مان به‌خاوی له‌و بواره‌دا كارده‌كات، ئه‌وا ئیتر ئه‌بێت زیاتروزیاتر له‌ كۆمه‌ڵگاكانی دیكه‌ ئێمه‌ هه‌وڵبده‌ین بۆ كاری به‌خشین‌و بره‌ودان به‌ كاری خۆبه‌خشی.

زه‌میری به‌رپرسان‌و ده‌سه‌ڵاتدارانی حكومه‌ته‌كه‌مان قبوڵێتی مووچه‌ی به‌رز‌و خه‌یاڵی‌و سه‌دان قات بۆ خۆیان دابنێن‌و بۆ هه‌ژاران‌و خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌ته‌كانیش موچه‌ی كوله‌مه‌رگی‌و سووكایه‌تی، ئایا سووكایه‌تی نییه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ مانگانه‌ ته‌نها 90 هه‌زار دینار بدات به‌ كه‌سانی خاوه‌ن پێداویتسی تاییبه‌ت‌و ئه‌ویش به‌ سێ مانگ جارێك‌و موچه‌ی بمره‌و مه‌ژیش بۆ كه‌سانی بێ سه‌رپه‌رشت، له‌كاتێكدا 90 هه‌زار به‌شی رۆژێكی به‌رپرسان ناكات؟!

ئه‌م وڵاته‌ی ئێمه‌ ئه‌وه‌نده‌ جیاوازی كۆمه‌ڵایه‌تی تیایه‌ له‌نێوان به‌رپرسان‌و هاوڵاتیاندا، به‌جۆرێك قورسترین نه‌خۆشی به‌رپرسان ده‌بێته‌ خۆشترین گه‌شت‌و سه‌یران بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا‌و هه‌ڵامه‌تی هه‌ژارانیش كۆشنده‌یه‌!؟ ته‌نانه‌ت جیاكارییه‌كه‌ په‌لیكێشاوه‌ بۆ بواری قیامه‌تیش، ئه‌وه‌تا كه‌سوكاری "شه‌هیدانی سه‌ركرده‌" باشترین‌و خزمه‌تگوزارییان پێشكه‌شكده‌كرێت‌و كه‌سوكاری شه‌هیدانی دیكه‌ش ئه‌و خزمه‌ته‌یان نییه‌؟!

پێویسته‌ به‌رنامه‌ی له‌شێوه‌ی به‌ربانگی گه‌لی كوردستان‌و به‌خشینی په‌یام تیڤی به‌رده‌وامبێت‌و هه‌نگاوبنێن به‌ره‌و پرۆژه‌ی رزگاری له‌هه‌ژاری‌و كێشه‌كان، به‌راستی ئه‌و جۆره‌ به‌رنامانه‌ رۆڵی گه‌وره‌یان هه‌یه‌ بۆ بره‌ودان به‌ كه‌لتوری به‌خشین‌و كاری خۆبه‌خشی.

بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی ئه‌و جۆره‌ به‌رنامانه‌‌و هه‌نگاونان به‌ره‌رو پرۆژه‌ی رزگاری له‌ هه‌ژاری‌و كێشه‌كان ئه‌م پێشنیازانه‌ ده‌خه‌مه‌ڕوو:

- پێشنیازده‌كه‌م له‌ هه‌موو رێگایه‌كی شیاوه‌وه‌ ریكلامبكرێت بۆ ئه‌و جۆره‌ به‌رنامانه‌ سوودی ته‌واو له‌ راگه‌یاندن وه‌ربگیریت له‌ شێوه‌ی راپۆرت‌و چاوپێكه‌وتن ئه‌و به‌خشین‌و هاوكارییانه‌ به‌سه‌ربكرێنه‌وه‌‌و هه‌روه‌ها وتاری تایبه‌ت به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی كه‌لتوری به‌خشین بلاوبكرێته‌وه‌، جگه‌له‌وه‌ش هه‌وڵبدرێت پێشبركێی راگه‌یاندنی سازبكرێت بۆ ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ له‌وبواری په‌ره‌دان به‌ كه‌لتوری به‌خشین بڵاوده‌كرێنه‌وه‌، ساڵانه‌ ده‌ سه‌ركه‌وتوترین كاری ئه‌و بواره‌ خه‌ڵاتبكرێت.

- پێشنیازده‌كه‌م پاره‌ به‌خشراوه‌كانی به‌رنامه‌كه‌ به‌جۆرێك بدرێت به‌كه‌سانی هه‌ژارو شیاو، كه‌ پرۆژه‌یه‌كی به‌داهاتیان بۆ دابینبكرێت، به‌هۆی ئه‌و پرۆژه‌یه‌وه‌ بتوانن داهاتی ژیانیان دابینیبكه‌ن‌و رزگاربن له‌ هه‌ژاری، هاوكات داواینلێبكرێت كه‌ سه‌رمایه‌ی پرۆژه‌كه‌ به‌ قیستی زۆركه‌م‌و درێژخایه‌ن بگه‌ڕێندرێته‌وه‌ بۆ سندوقی به‌رنامه‌كه‌، بۆئه‌وه‌ی دووباره‌ به‌كاربهێنرێته‌وه‌ له‌ ده‌ستگیرۆی كه‌سانی دیكه‌دا، به‌وه‌ش هه‌م به‌رنامه‌كه‌ به‌رده‌وامده‌بێت‌و هه‌م ئه‌و پاره‌یه‌ش كه‌ ده‌به‌خشرێت زۆرترین سوودده‌گه‌یه‌نێت به‌ كۆمه‌ڵگاكه‌مان‌و له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ پاره‌كه‌ی پێدراوه‌ راسته‌وخۆ ده‌بێته‌وه‌ به‌ كه‌سێكی به‌خشنده‌.

- پێشنیازده‌كه‌م ئه‌و هاوكارییانه‌ی كه‌ ده‌درێت به‌ كه‌سانی پێویست له‌ رێی هۆكاره‌ راگه‌یانه‌ جۆراوجۆره‌كانه‌وه‌ بڵاوبكرێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ هاندانێكی زۆرباش بۆ كه‌سانی دیكه‌ش كه‌ به‌خشش بكه‌ن، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شیان بۆ روونده‌بێته‌وه‌ كه‌ به‌خشینه‌كه‌یان رۆڵی خۆی هه‌بووه‌.
Hadi.ameen@yahoo.com
Pring                          page

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق