الخميس، 15 أبريل، 2010

به‌تاڵكردنه‌وه‌ی سیحره‌كه‌، پرۆژه‌كانی حكومه‌ت گیرفانی كۆمپانیاكانی پارتی‌و یه‌كێتی پڕكردووه‌



هادی ئه‌مین

له‌م ماوه‌یه‌دا راگه‌یاندنه‌كانی پارتی‌و یه‌كێتی ئاماژه‌ده‌كه‌ن به‌ زۆری پرۆژه‌كانی حكومه‌ت بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كه‌رته‌ جیاوازه‌كان، ئه‌وه‌ش وه‌ك موعجیزه‌‌و سیحرێك نیشانده‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی تێبینیكردنه‌ ئاماژه‌ناده‌ن به‌ناوی ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی كه‌ موسته‌فیدبوون له‌و پرۆژانه‌‌و بوجه‌ی پرۆژه‌كان چووه‌ته‌ گیرفانیانه‌وه‌؟! وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌وه‌پرسیاره‌ش ئه‌و سیحره‌ به‌تاڵده‌كاته‌وه‌.

راسته‌ ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ له‌ بواره‌ جیاجیاكان جێبه‌جێكراون، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه‌: ئایا چۆن ته‌نده‌ركراوه‌ بۆ پرۆژه‌كان، ئایا پاره‌‌و بوجه‌ی پرۆژه‌كان چووه‌ته‌ گیرفانی كام كۆمپانیایانه‌وه‌؟

سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی كه‌ راگه‌یاندنه‌كانی پارتی‌و یه‌كێتی ناوی ئه‌و كۆمپانیایانه‌ باسناكه‌ن كه‌ پاره‌ی پڕۆژه‌كان چووه‌ته‌ گیرفانیانه‌وه‌‌و به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ بازاڕیان گه‌رمبووه‌، جگه‌له‌وه‌ش ئاماژه‌ناكه‌ن به‌: جۆری پرۆژه‌كان، سستی به‌ڕێوه‌چوونی پرۆژه‌كان، كه‌ هه‌ندێكیان هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ شكستیانهێناوه‌.

ئه‌گه‌ر به‌دواداچوون بكرێت بۆ پرۆژه‌كان، ئه‌وا روونده‌بێته‌وه‌، كه‌ پێدانی ره‌زامه‌ندیی بۆ پرۆژه‌كان ناڕوونی تیادایه‌، جگه‌له‌وه‌ش هه‌ندێك پڕۆژه‌ چه‌ند ده‌ستێكی كردووه‌ تا گه‌یشتووه‌ به‌ كۆمپانیایه‌كی جێبه‌جێكار، كه‌ له‌و سه‌روبه‌نده‌شدا چه‌ندین مامه‌ڵه‌و كڕین‌و فرۆشی پێوه‌كراوه‌.

به‌هۆی ناڕوونی بازاڕی پڕۆژه‌كانه‌وه‌، گومانی ئه‌وه‌ده‌كرێت كه‌ وه‌ك بازای شه‌ڕی ناوخۆ وابێت.

براده‌رێك بۆی باسكردم، له‌ شه‌ڕی ناوخۆدا كاری كڕین‌و كه‌لوپه‌ل بووه‌ بۆ هێزی یه‌كێك له‌ حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان، وتی: "له‌یه‌كێك له‌ شه‌ڕه‌كاندا به‌ بڕی سێ هه‌زار دیناری سویسری، كه‌لوپه‌ل‌و پێداویستیم كڕیبوو، وه‌سڵی ئه‌و شتانه‌م برد بۆ به‌رپرسه‌كه‌م تا ئیمزایبكات‌و بچین پاره‌كه‌ وه‌ربگرین له‌ مالییه‌ی حیزبه‌كه‌مان، به‌ڵام به‌رپرسه‌كه‌ قه‌ڵه‌مێكی گرت به‌ده‌سته‌وه‌‌و یه‌ك نوكته‌ی بۆ سێ هه‌زاره‌كه‌ زیادكرد‌و وتی وه‌سڵه‌كه‌ بگۆڕه‌ به‌ سی هه‌زاردینار".

براده‌ره‌كه‌م وتی من ئه‌و كاره‌م نه‌كر، به‌ڵام به‌رپرسه‌كه‌ خۆی زیادیكرد‌و سی هه‌زاردیناری سویسری وه‌رگرت. ئه‌و برارده‌ره‌ وتی كه‌ سه‌ره‌وه‌م ئاگاداركرد له‌و گه‌نده‌ڵییه‌، له‌باتی ئه‌وه‌ی ئیجرائات بكه‌ن، منیان ده‌ركرد.

بۆیه‌ من لێره‌وه‌ داوا له‌ راگه‌یاندنه‌كانی پارتی‌و یه‌كێتی ده‌كه‌م كه‌ ئاماژه‌بده‌ن به‌ ناوی ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی كه‌ پرۆژه‌كانیان جێبه‌جێكردووه‌ یان كڕین‌و فرۆشیان پێوه‌كردوه‌.

بڵاونه‌كردنه‌وه‌ی ناوی ئه‌و كۆمپانیایانه‌ ئه‌و سیحره‌ به‌تاڵده‌كاته‌وه‌ كه‌ راگه‌یاندنی دوو حزبی ده‌سه‌ڵاتدار باسیده‌كه‌ن له‌ بوونی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ پرۆژه‌ی ئاوه‌دانكردووه‌، چونكه‌ ئه‌و پرۆژانه‌ گیرفانی كۆمپانیاكانی دوو حزبی ده‌سه‌ڵاتداری پڕكردووه‌.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق