الخميس، 15 أبريل، 2010

چاره‌سه‌ری كێشه‌ ده‌روونییه‌كان له‌نێوان خورافه‌‌و زانستدا



هادی ئه‌مین
قه‌باره‌ی فۆنت بگۆڕه‌
سه‌ره‌رایی پێشكه‌وتنی زانسته‌كان، هێشتا له‌كوردستاندا خورافه‌ بره‌وی هه‌یه‌‌و چه‌ندین كه‌س بۆ چاره‌سه‌كردنی كێشه‌‌و نه‌خۆشییه‌كان په‌ناده‌به‌نه‌به‌ر هۆكاری خوارفی، نه‌ك پسپۆری تایبه‌تی نه‌خۆشییه‌كان.

خورافه‌ له‌وشه‌ی عه‌ره‌بی‌ (خرف)ـه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌ به‌واتای خراپبونی عه‌قڵ دێت، خورافه‌ خۆیده‌بینێته‌وه‌ له‌بیركردنه‌وه‌‌و ره‌فتاردا‌و پشتـنابه‌ستێت به‌ ڕاستی‌و واقیع، به‌ڵكو پشتده‌به‌ستێت به‌ سۆز‌و به‌خت‌و سودفه‌‌و بابه‌ت‌و رێگه‌چاره‌كانی ئاڵۆزن‌و ئالوده‌ن به‌بۆچوونی ناعه‌قڵانی‌و نازانستی‌و ناڕوون، واته‌ پێچه‌وانه‌ی بیركردنه‌وه‌ی عه‌قڵی‌و زانستییه‌.

بیركردنه‌وه‌ی زانستی، دامه‌زراوه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای رێكوپێك بۆ هه‌وڵدان‌و ئه‌زمونكردن‌و تێبینكردن، به‌ڵگه‌هێنانه‌وه‌، دۆزینه‌وه‌ی زانیارییه‌كان‌و‌و رێكخستنی په‌یوه‌ندی دیارده‌كان‌و زانینی چۆنێتی كاریگه‌ری هۆكاره‌كان.

ئاشكرایه‌ بیركردنه‌وه‌ی خورافی یه‌كێكه‌ له‌ بابه‌ته‌كانی مێژ‌وی مرۆڤایه‌تی. مرۆڤی كۆمه‌ڵگه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان بۆ پڕكردنه‌وه‌ی نه‌توانی (عجز)‌و وه‌ڵامی پرسیاره‌ نه‌زانراوه‌كان په‌نایبردوته‌به‌ر بیركردنه‌وه‌ی خورافی، كاتێك نه‌یزانیوه‌ هه‌وره‌گرمه‌ چییه‌ وتویه‌تی ئه‌وه‌ ده‌نگی خوداكانه‌.. یان كاتێك توشی هه‌ڵوێستێكی نه‌توانی بووه‌‌و هیوای لاوازبوه‌ به‌ ده‌ربازبون له‌ هه‌ڵوێسته‌كه‌، په‌نای بردۆته‌به‌ر هه‌ر شت كه‌ ئومێدێكی پێبدات، به‌ڵام ئومێده‌كه‌ ئومێدێكی موزه‌یه‌ف بووه‌‌و چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی بۆ نه‌كردووه‌.

له‌كوردستاندا چه‌ندین جۆری بیركردنه‌‌وه‌‌و ره‌فتاره‌ خورافی هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌م وتاره‌دا جێگه‌ی مه‌به‌سته‌ بریتییه‌ له‌ ره‌فتاری خورافی له‌چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشییه‌ ده‌روونییه‌كاندا، وه‌ك په‌نابردنه‌به‌ر نوشته‌‌و مه‌رقه‌دی پیاوچاكان‌و سه‌ردانی فاڵچی‌و شێخه‌كان‌و ده‌ركردنی جنۆكه‌ له‌ له‌ش..!!

بێگومان كێشه‌و نه‌خۆشییه‌ ده‌رونییه‌كان ئاماژه‌ن بۆ ناته‌ندروستی ده‌روونی‌و پێویسته‌ گرنگی تایبه‌تییان پێ بدرێت تا به‌شێوه‌ی زانستی چاره‌سه‌ربكرێن، چونكه‌ ده‌روونــدروستی زامنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئارامه‌‌و هاوسه‌نگی‌و ته‌واوكاری ده‌رونی‌و جه‌سته‌یی له‌نێوان تواناكانی تاك دروستده‌كات‌و ده‌بێته‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ تاكه‌كه‌س خودی خۆی قبوڵــبكات‌و كۆمه‌ڵگه‌ش ئه‌و قبوڵــبكات، به‌وه‌ش ره‌زامه‌ندی‌و به‌خته‌وه‌ری بۆ دروستده‌بێت.

ئاساییه‌ وه‌ك چۆن لایه‌نی جه‌سته‌یی مرۆڤ نه‌خۆشـده‌كه‌وێت به‌هه‌مانشێوه‌ش لایه‌نی ده‌روونی نه‌خۆشبكه‌وێت، به‌ڵام نائاسایی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ جه‌سته‌ییه‌كان په‌ناببرێته‌به‌ر پزیشكی پسپۆر، كه‌چی بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه‌ ده‌رونییه‌كان په‌ناببرێته‌به‌ر هۆكاری خورافی.

شاره‌زایانی بواری ده‌روونی باسله‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ هه‌ندێك له‌نه‌خۆشییه‌ ده‌رونییه‌كان به‌ئاسانی چاره‌سه‌رده‌بن‌و هه‌ندێكیشیان وه‌ك نه‌خۆشی شه‌كره‌‌و فشاری خوێن پێویستیان به‌كاتی زیاتره‌.

به‌راوردی چاره‌سه‌ری خوارفی‌و چاره‌سه‌ری زانستی:
1- چاره‌سه‌ری خورافی، (ئه‌نجام‌و سه‌ره‌تا) پێكه‌وه‌ده‌به‌ستێته‌وه‌ بێــئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی زنجیره‌یی‌و مه‌نتقی بدۆزێته‌وه‌ له‌ نێوانیاندا، به‌ڵام چاره‌سه‌ری زانستی په‌یوه‌ندی وردی به‌شه‌كانی سه‌ره‌تا‌و كۆتا دیاریده‌كات، ده‌یه‌وێت ئه‌وه‌ رونبكاته‌وه‌ چۆن بابه‌تێك كارده‌كاته‌سه‌ر بابه‌تێكی دیكه‌.

بۆ نموونه‌ له‌ چاره‌سه‌ری خورافیـدا (لێدان به‌ دار، هه‌ڵواستنی مور‌و نوشته‌..) به‌كارده‌هێنرێت، بێئه‌وه‌ی بپرسرێت "لێدان به‌دار" چ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌، ئایا ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ هه‌ڵده‌سێت به‌ لێدان به‌دار بۆچی ئه‌و كاره‌ی پێده‌سپێردێت، چی خوێندوه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌، چۆن ده‌یسه‌لمێنێت كه‌ په‌یوه‌ندییكی پته‌ر هه‌یه‌ له‌وبواره‌دا له‌نێوان نه‌خۆشه‌كه‌‌و لێدانه‌كه‌دا. به‌ڵام چاره‌سه‌ره‌ زانستییه‌كان وه‌ڵامی پرساره‌كانیان پێیه‌ به‌شێوه‌یه‌كی رێكوپێك ده‌رمان‌و چاره‌سه‌ر پێشنیازاده‌كه‌ن بۆ نه‌خۆشه‌كان‌و ئه‌زموونی زانستیانه‌شی بۆ ده‌كه‌ن.

2- بیركردنه‌وه‌ی خورافی پێیوایه‌: گۆڕان له‌ده‌ره‌وه‌ی ژیانی مرۆڤه‌ دێت، نه‌ك له‌ناو ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌و به‌هه‌وڵی مرۆڤه‌كان. واته‌ شیكردنه‌وه‌ی عه‌قڵیانه‌ ناكات بۆ هۆكاره‌كانی (سه‌ركه‌وتن، شكست) له‌ ژیانداو هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان ده‌گه‌رێنێته‌وه‌ بۆ هۆكاری ناڕون.

بۆ نموونه‌ هه‌ندێك خێزان كاتێك كه‌سێكییان توشی نه‌خۆشی ده‌روونی ده‌بێت، ده‌چن له‌ نزرگه‌یه‌ك نه‌خۆشه‌كه‌ ده‌یبه‌ستنه‌وه‌ بۆ چه‌ند رۆژێك به‌هیوای ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه‌كه‌ی ببێت، یان موورو نوشه‌ی پیاهه‌ڵده‌واسن پێنوایه‌ ئه‌و شتانه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی ژیانی مرۆڤن‌و هێزگه‌لی پیرۆز‌و غه‌یبیان هه‌یه‌‌و چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه‌كه‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام چاره‌سه‌ری زانستی هه‌ڵقوڵاوی هه‌وڵی زانستی مرۆڤه‌كانه‌‌و له‌به‌رئه‌نجامی توێژینه‌وه‌‌و دیاركردنی وردی كاریگه‌ری بابه‌ته‌كانه‌وه‌ به‌رهه‌مدێت.

3- چاره‌سه‌ری خورافی پێیوایه‌: كه‌سان‌و شتگه‌لێك هه‌ن، خاوه‌نی هێز‌و پیرۆزیین‌و ده‌توانن كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیی‌و جه‌سته‌یی‌و ده‌روونییه‌كان چاره‌سه‌ربكه‌ن، هه‌ربۆیه‌ سه‌ردان‌و ته‌قدیسی (كه‌سێك، قه‌برێك، دارێك، به‌ردێك..) ده‌كه‌ن، به‌ڵام بیركردنه‌وه‌ی زانستی پێوایه‌ چاره‌سه‌ر په‌یوه‌ندی نییه‌ به‌ پیرۆزییه‌وه‌، به‌ڵكو په‌یوه‌سته‌ به‌ ئه‌زموون‌و كاركردن‌و هه‌وڵدانی رێكوپێك‌و مه‌نیقییه‌وه‌. له‌چاره‌سه‌ری زانستیدا خه‌ڵكی ده‌گه‌ڕێن به‌ دوای پزیشكی پسپۆر له‌ نه‌خۆشییه‌كاندا، ده‌پرسن ئایا له‌ كوێ خوێندویه‌تی‌و توانای چۆنه‌، نه‌ك حه‌سه‌ب‌و نه‌سه‌بی چییه‌‌و تاچه‌ند پیرۆزه‌..

هۆكاره‌كانی بڵاوبوونه‌وه‌‌و به‌رداوامبوونی ره‌فتاری خوارفی:

1- لاوازی كه‌لتوری كۆمه‌ڵایه‌تی:
لاوازی ئاستی رۆشنبیری كۆمه‌ڵگاكه‌مان به‌تایبه‌ت له‌بواری رۆشنبیری ده‌روونی وایكردووه‌ هه‌ندێك له‌خه‌ڵكی (نه‌خۆشی ده‌ورونی) به‌ نه‌خۆش له‌ قه‌ڵه‌منه‌ده‌ن. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ بۆچونێك بڵاوه‌ له‌كۆمه‌ڵگاكه‌ماندا كه‌ رایوایه‌ (نه‌خۆشی ده‌روونی) چاره‌سه‌ری قورسه‌، هێشتا ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌ بڵاونه‌بووه‌ته‌وه‌ كه‌ حاڵه‌ته‌ ده‌روونیه‌كانیش وه‌ك نه‌خۆشییه‌ جه‌سته‌ییه‌كان ئاسایین‌و ئه‌گه‌ری چاره‌سه‌ریان ئاسانه‌، تائێستاش خه‌ڵكی هه‌ندێك ناوچه‌ بڕوایانوایه‌ رۆحی شه‌رانی، دیوه‌زمه‌، جنۆكه‌. هۆكاری هه‌ندێك له‌ نه‌خۆشییه‌كانن، كه‌ ئه‌وه‌ش هه‌لقوڵاوی بۆچونێكی كۆنه‌ كه‌ باوه‌ڕی وایه‌ هه‌ندێك له‌ نه‌خۆشییه‌كان په‌یوه‌ستن به‌هێزه‌ شه‌رانییه‌كانی جیهانه‌وه‌.

له‌وه‌ش مه‌ترسیدارتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ندێك كه‌س (نه‌خۆشی ده‌رونی) به‌ كه‌سانی شێت له‌قه‌ڵه‌مده‌ده‌ن، ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ خه‌ڵكی نه‌وێرن باسی كێشه‌ ده‌رونییه‌كانیان بكه‌ن‌و سه‌ردانی پسپۆری تایبه‌تمه‌ندی بۆ بكه‌ن. له‌راستیدا تێڕوانینی خه‌ڵك هه‌ڵه‌یه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و خه‌ڵكانه‌ خۆیان رۆشنبیری ده‌رونییان لاوازه‌ بۆیه‌ ئه‌و ناوزه‌ندكردنه‌ ده‌نێن، یان ئه‌وانیش خۆیان گرفتی ده‌روونیان هه‌یه‌، ئه‌گینا كه‌سانی ئاسایی (نه‌خۆشی ده‌روونی) ناچه‌وسێننه‌وه‌‌و سه‌ركوتنیان ناكه‌ن‌و ناوی خراپیان به‌سه‌ردا نابڕن، به‌ڵكو رێزده‌گرن له‌ بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ‌و وه‌ك هه‌ر نه‌خۆشێكی دیكه‌ی جه‌سته‌یی ته‌ماشای ده‌كه‌ن.

هه‌ندێك خێزان ئه‌گه‌ر كه‌سێكیان توشی نه‌خۆشیه‌كی جه‌سته‌یی ببێت، ئه‌وا به‌ خێرایی په‌ناده‌به‌نه‌به‌ر پزیشكی جه‌سته‌یی‌و رێنمایی پزیشكه‌كه‌ به‌وردی جێبه‌جێده‌كه‌ن، به‌ڵام ئاماده‌نین سه‌ردانی پسپۆری ده‌رونی بكه‌ن‌و ته‌نانه‌ت هه‌ندێك گومانیان هه‌یه‌ له‌چاره‌سه‌ره‌ ده‌روونییه‌كان‌و پێیوانوایه‌ ده‌رمانه‌كانی نه‌خۆشی ده‌رونی زیانبه‌خش‌و ماده‌ی هۆشبه‌رن‌و مرۆڤ توشی ئیدمان ده‌كه‌ن! كه‌ له‌راستیدا ئه‌و بۆچونه‌ش هه‌ڵه‌یه‌‌و هه‌ڵقوڵاوی نزمی ئاستی رۆشنبیرییه‌.

2- تێكه‌ڵبوونی خوارفه‌ به‌ ئاین:
له‌ كۆمه‌ڵگاكه‌ماندا كه‌ زۆرینه‌ ئاینیان ئیسلامه‌، ئاین وه‌ك ده‌ق، دژایه‌تی دیارده‌‌و بۆچونه‌ خورافیه‌كان ده‌كات، مه‌حكومی سیحر‌و فاڵچێتی‌و ته‌قدیسی قه‌بر‌و كه‌سه‌كان ده‌كات. بۆ ڕاپه‌ڕندنی كاره‌كان داواده‌كات پشتببه‌سترێت به‌ هۆكاره‌كان، بۆ چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشیه‌كان ده‌رمان به‌كاربهێنرێت، به‌ڵام له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ له‌و كه‌لتوره‌ ئاینییه‌ی كه‌ لای خه‌ڵكی هه‌یه‌ ده‌بینین چه‌ندین كه‌س ئیدیعای چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی ده‌كه‌ن‌و خه‌ڵكیش وه‌ك پیاوچاك‌و پیرۆز، سه‌ردانیـده‌كه‌ن. واته‌ ئاین‌و خورافه‌ تێكه‌ڵبوه‌ لای‌ خه‌ڵك.

3- هۆكاره‌كانی راگه‌یاندن:
هه‌ندێك له‌كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن به‌رهه‌مه‌ خورافییه‌كان بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌‌و ئه‌رشیفده‌كه‌ن، چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ بلاوده‌كرێته‌وه‌ كه‌ گوایا جنۆكه‌ له‌له‌شی خه‌ڵكی ده‌رده‌هێنن یان به‌لێدان‌و شتگه‌لی ناڕون، مرۆڤ چاره‌سه‌رده‌كه‌ن.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌شه‌وه‌ راگه‌یاندن به‌گرنگیدانیان به‌ گۆشه‌ی بورجه‌كان رێخۆشده‌كه‌ن بۆئه‌وه‌ی خورافه‌ به‌ ئاسانی بچێته‌ناو ناخی جه‌ماوه‌ره‌وه‌، چونكه‌ بنه‌مای بیركردنه‌وه‌ له‌ بورجه‌كاندا هه‌رهه‌مان بنه‌مایه‌ كه‌ له‌ بۆچوونه‌ خۆرافه‌یه‌كانیتردا هه‌یه‌. چ جیاوازیه‌ك هه‌یه‌ له‌نێوان نه‌خوێنده‌وارێكدا كه‌ له‌ فاڵچی‌و قه‌بر‌و ساحیرێك ده‌خوازێت كه‌ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه‌كانی بۆ بكات‌و پێشهاته‌كانی ژیانی بۆ ڕونبكاته‌وه‌، له‌گه‌ڵ خوێنده‌وارێك كه‌ بورجه‌كه‌ی ده‌خوێنێته‌وه‌ تابزانێت پێشهاته‌كانی ژیانی چیه‌؟

خورافه‌ی بورجه‌كان ده‌ڵێت بواره‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ده‌رونی‌و بازرگانی‌و سۆزداری‌و.. ده‌كه‌وێته‌ژێر كاریگه‌ری هێزی هه‌ساره‌كانه‌وه‌، ‌واته‌ به‌ناراسته‌وخۆ ده‌ڵێن (مرۆڤ خاوه‌ن داهاتووی خۆی نیه‌و زۆرلێكراوه‌ بۆكردنی چالاكیه‌كانی ژیانی، لێكدانه‌وه‌ی عه‌قڵی‌و هه‌وڵدان سوودێكی ئه‌وتۆی نییه‌، چونكه‌ به‌خت كاری خۆیده‌كات!)، به‌پێی ئه‌و بۆچوونه‌ هه‌ر بورجه‌ كارده‌كاته‌سه‌ر كه‌سانی خۆی، به‌واتا ئه‌م هێزانه‌ توانای جوداكاری‌و دۆزینه‌وه‌ی كه‌سانی خۆیانیان هه‌یه‌، ده‌گه‌ڕێن به‌دوای جه‌ماعه‌ته‌كه‌ی خۆیانداو كه‌سه‌كانی خۆیان ده‌ناسنه‌وه‌ له‌هه‌ر سوچێكی ئه‌م دنیایه‌دابێت!! به‌واتا ئه‌و هێزانه‌ هێزێكی بینه‌رن‌و توانای گه‌ڕان‌و جوداكاریان هه‌یه‌!؟

گرفته‌كه‌ش له‌وه‌دایه‌، كه‌سانی رۆشنبیرو خوێنده‌وار نمونه‌ی بالاَی جه‌ماوه‌رن، كاتێك جه‌ماوه‌ر ده‌بینێت رۆشنبیران‌و خوێنده‌واران گرنگی به‌ ئه‌ستێره‌ی به‌ختده‌ده‌ن، ئه‌وا بۆچونێك لای جه‌ماوه‌ر دروستده‌بێت كه‌ ده‌ڵێت: (ناگونجێت ئه‌و هه‌موو كه‌ناڵ‌و رۆژنامانه‌و رۆشنبیرانه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵه‌بن)، به‌وه‌ش بۆچوونی خورافی گه‌رای خۆی داده‌نێت له‌ ناخی جه‌ماوه‌ردا، به‌ جۆرێك ئاماده‌ده‌بن بۆ ‌وه‌رگرتنی هه‌موو جۆره‌ خورافه‌تێك، ئاماده‌ده‌بن كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ئاسایی سه‌ردانی (قاوه‌گره‌وه‌، فاڵچی، به‌ختگره‌وه‌، مه‌رقه‌د، سیحرباز)یش بكه‌ن بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه‌كانیان‌و زانینی پێشهاته‌كانی ژیانیان.

هه‌رچه‌نده‌ بورجه‌كان له‌ كه‌ناڵه‌كاندا رۆڵێكی كاتبه‌سه‌ربردنی خۆش ده‌بینن، به‌ڵام هیچ كۆمێنتێك نییه‌ له‌سه‌ر لاپه‌ره‌ی بورجه‌كان نییه‌ تا به‌خه‌ڵك بڵێت ئه‌مانه‌ راست نیین‌و ته‌نها بۆ كات به‌سه‌ربردنن.

4- بازرگانی:
هه‌ندێك بۆ دابینكردنی حه‌ز‌و ئامانجه‌ خودپه‌رستیه‌كانیان زۆر شت ده‌كه‌ن ماده‌ی هۆشبه‌ر ده‌فرۆشن، گوێ به‌زیانه‌كانیشی ناده‌ن. هه‌روه‌ها بۆئه‌و مه‌به‌سته‌ گرنگی به‌ بابه‌تی خورافی ده‌درێت‌و ره‌فتاره‌ خورافیه‌كان تێكه‌ڵــده‌كه‌ن به‌ ئاین بۆئه‌وه‌ی قبوڵبكرێن‌و بازاڕیان گه‌رمبێت.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ كارگه‌‌و چاپه‌مه‌نیش هه‌یه‌ به‌رهه‌مه‌ خورافییه‌كان به‌رهه‌مدێنن، چونكه‌ سه‌رفیاتی هه‌یه‌، ده‌بینین چه‌ندین كتێب سه‌باره‌ت به‌ جۆره‌كانی سیحر‌و فاڵچێتی‌و...هه‌یه‌‌و به‌نرخێكی گران ده‌فرۆشرێن، چه‌ندین جۆر له‌ چاوه‌زار دروستده‌كرێت بۆ چاره‌سه‌ر‌و پارێزگاری له‌ نه‌خۆشی!

جگه‌له‌وانه‌ش هه‌ندێك له‌ به‌رهه‌مه‌كانی راگه‌یاندن وێنای كه‌سانی پسپۆری ده‌روونی‌و نه‌خۆشی ده‌روونی به‌ ناشرینی وێناده‌كه‌ن، به‌وه‌ش بواری ده‌روونی ناشرینده‌كه‌ن لای خه‌ڵكی.

زیانه‌كانی ره‌فتاری خورافی له‌ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی ده‌روونییدا:
1- زیانه‌ تاكه‌ كه‌سییه‌كان:
په‌نابردنه‌به‌ر خورافه‌ ده‌بێته‌هۆی كۆیله‌بوونی عه‌قڵ‌و بڕوابه‌خۆنه‌بوون‌و نائارامی ده‌روونی‌و ته‌مه‌ڵی‌و گرنگینه‌دان به‌كاركردن‌و هه‌وڵنه‌دان له‌ به‌رامبه‌ر پێشهاته‌كانی ژیاندا، بۆنموونه‌ كاتێك كه‌سێَك بورجه‌كه‌ی ده‌خوێنێته‌وه‌ كه‌ باسی ئه‌گه‌رو پێشهاته‌ خۆشه‌كانی بۆ ده‌كات‌و پێیده‌ڵێت توشی خۆشیه‌كی زۆرده‌بیت به‌خت یاوه‌رتده‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ‌واده‌رناچوو، ئه‌وا كه‌سه‌كه‌ ڕقی له‌خۆی ده‌بێته‌و تووشی ڕه‌شبینی ده‌بێت، ‌واده‌زانێت كه‌سێكی بێبه‌خته‌، خۆئه‌گه‌ر بورجه‌كه‌ ئه‌گه‌ره‌ ناخۆشه‌كانی بۆ باسبكات‌و بڵێت په‌یوه‌ندیه‌كانت روو له‌ ئاڵۆزبون ده‌كه‌ن.. ئه‌مه‌یان مرۆڤه‌كه‌ توشی شكستده‌كات‌و له‌ تواناو هه‌وڵدانی كه‌مده‌كاته‌وه‌ ده‌بێته‌ بۆچونێكی نه‌گه‌تیف له‌سه‌ر ده‌روونی، به‌هه‌مانشێوه‌ بۆ چاره‌سه‌ره‌ خورافییه‌كانیش.

2- زیانه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان:
په‌نابردن بۆ چاره‌سه‌ری خورافی زیانی كۆمه‌ڵایه‌تی لێده‌كه‌وێته‌وه‌، هه‌ندێك جار فاڵچی‌و قاوه‌گره‌وه‌كان گومانی خراپ له‌نێوان ئه‌ندامانی خێزان‌و هاوڕێیاندا بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌‌و ده‌بنه‌هۆی لاوازبونی په‌یوه‌ندییه‌ خێزانی‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.

3- زیانه‌ ئابورییه‌كان:
چاره‌سه‌ره‌ خورافییه‌كان ده‌بنه‌هۆی به‌فیرۆدانی پاره‌‌و سامان، هه‌ندێك له‌ نوشته‌چی‌و قاوه‌گره‌وه‌‌و ساحیره‌كان بڕێك پاره‌ی زۆر داواده‌كه‌ن بۆئه‌وه‌ی كارێك بۆ نه‌خۆشێك بكه‌ن، كه‌ دواجار كه‌ركه‌شیان هیچ سوودێكی نابێت بۆ نه‌خۆشه‌كه‌.

پێشنیازه‌كان بۆ رێگری له‌ په‌نابردن بۆ چاره‌سه‌ری خورافی:
1- زه‌مینه‌خۆشكردنی كۆمه‌ڵایه‌تی:
زه‌مینه‌خۆشكردنی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ قبوڵكردنی نه‌خۆشییه‌ ده‌رونییه‌كان‌و چۆنێتی چاره‌سه‌ریان، له‌م له‌رێگایانه‌وه‌:

ا- كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن:
بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشیاری ده‌رونی‌و رونكردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ مرۆڤ وه‌ك چۆن لایه‌نی جه‌سته‌یی نه‌خۆشده‌كه‌وێت به‌هه‌مانشێوه‌ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ لایه‌نی ده‌رونیشی نه‌خۆش بكه‌وێت، هه‌روه‌ها بڵاوكردنه‌وه‌ی مه‌فهومی ئه‌وه‌ی كه‌ نه‌خۆشییه‌ ده‌رونیه‌كانیش چاره‌سه‌ری زانستیان هه‌یه‌‌و وه‌ك نه‌خۆشییه‌ جه‌سته‌یه‌كان پێویسته‌ سه‌ردانی پزیشكی پسپۆری بۆ بكرێت.

ب- ده‌زگاكانی په‌روه‌رده‌:
له‌ پرۆژگرامه‌كانی خوێندندا به‌تایبه‌ت گرنگی نه‌دراوه‌ به‌ خستنه‌رووی كێشه‌ ده‌روونییه‌كان‌و چۆنێتی چاره‌سه‌ركردنیان، بۆیه‌ من پێشنیازده‌كه‌م پرۆژگرامێك بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئاماده‌بكرێت‌و بخرێته‌نێو بواری خوێندنه‌وه‌.

2- هه‌وڵدان بۆ جیاكردنه‌وه‌ی چاره‌سه‌ره‌ خورافیه‌كان له‌ ئاین:
وه‌ك ئاماژه‌مانپێدا ره‌فتاره‌ خورافییه‌كان بۆئه‌وه‌ی قبوبڵبكرێن تێكه‌ڵده‌كرێن به‌ ئاین، بۆیه‌ زه‌روره‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كی زانستیانه‌ بۆ كه‌لتوری ئاینی بكرێت له‌ كۆمه‌ڵگاكه‌ماندا‌و دوربخرێته‌وه‌ له‌ بیركردنه‌وه‌‌و ره‌فتاره‌ خورافییه‌كان. ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی ده‌زگاكانی سه‌ر به‌ وه‌زارتی ئه‌وقاف‌و په‌روه‌رده‌وه‌.

3- كاركردنی فراوانی رێكخراوه‌كان:
چ به‌ توێژینه‌وه‌ یان به‌ كاركردن له‌ پرۆژه‌ی دیكه‌دا، رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان هه‌وڵبده‌ن به‌ مه‌به‌ستی به‌رزكردنه‌وه‌ی هۆشیاری ده‌رونی لای خه‌ڵكی، ئه‌وه‌ی تێبیده‌كرێت كه‌مێك له‌ رێكخراوه‌كان كارده‌كه‌ن له‌و بواره‌دا.

Hadi.ameen@yahoo.com
* توێژه‌ری ده‌روونی
Pring                          page


بۆچوونه‌کان
سه‌رهه‌نگ که‌ریم قه‌ره‌نی

یه‌کێك له‌ هۆیه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی دواکه‌وتنی کۆمه‌ڵگا یاخود تاکه‌که‌س ئه‌م خورافاتانه‌یه،‌ که‌ نوسه‌ری به‌ڕێز کاك هادی ئاماژه‌یپێداوه‌، که‌ ئه‌بێته‌هۆی ئه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌ سنورێکی ته‌سك‌و ناواقعیدا هه‌وڵبدات بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی، ئه‌وه‌ش ڕێگره‌ بۆ پێشکه‌وتن‌و سه‌روه‌تی زانستی.

به‌ڵێ له‌چه‌ند حاڵه‌تێکدا چاره‌سه‌ری بێ سود توانای ئه‌وه‌ی هه‌بووه‌ که‌ ئازارێکی له‌ شی ئینسان به‌وه‌هم که‌مبکاته‌وه‌، ئه‌ویش بۆ کاتێکی که‌م له‌ ڕێی قه‌ناعه‌ت به‌و نه‌خۆشه‌ بکه‌یت که‌ ئه‌مه‌ چاره‌سه‌ری کێشه‌که‌ته‌ به‌ شتێك که‌ له‌ واقیعدا هیچ بوونێکی نیه‌ یاخود عیلاجی ڕاسته‌ قینه‌ نیه‌‌و‌ باوه‌ری خاوه‌ن کێشه‌که‌ که‌ به‌وعیلاجه‌ شتێکی ده‌رونیه‌ (نه‌فسی).

بۆ نمونه‌ له‌کاتی جه‌نگدا برینداره‌کان زۆر ئازاریان هه‌بووه‌‌و که‌ ده‌رزی مۆرفین ده‌ست نه‌که‌وتووه‌ بۆ لابردنی ئه‌و ئازاره‌، مه‌جبوربون که‌ ئاوی موقه‌ته‌ر بکه‌ن به‌ده‌رزی عیلاج‌و به‌ برینداره‌که‌ بڵێن که‌ ئه‌مه‌ مۆرفینه‌و ئازاره‌که‌ت نایه‌ڵێت، یه‌کسه‌ر ئه‌و که‌سه‌ نه‌فسیه‌ن وای لێ دێت که‌ ئازاره‌که‌ی له‌بیرئه‌چێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ شتێکی کاتی‌و ده‌رونییه‌‌و چاره‌سه‌رنیه‌.

داوای لێبوردن ئه‌که‌م که‌ که‌مێك له‌ ناوه‌رۆکی وتاره‌که‌ ده‌رچوم، به‌ڵام مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ چاره‌سه‌ری هه‌مو کێشه‌و ئازاره‌کان‌و نه‌خۆشیه‌کان به‌ خورافات هیچ سودێکی نیه‌و ته‌نها ناچاریه‌ك‌و بێ تواناو بێ ده‌سه‌ڵاتیه‌ له‌ بۆ چاره‌سه‌ری ڕاسته‌قینه‌.

سوپاس بۆ نوسه‌ری برێز کاك هادی

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق