الخميس، 15 أبريل، 2010

نابێت وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف زه‌كات‌و سه‌رفیتره‌ كۆبكاته‌وه‌



هادی ئه‌مین
قه‌باره‌ی فۆنت بگۆڕه‌
له‌ یه‌كێك له‌ هه‌واڵه‌كاندا* ئه‌وه‌م به‌رچاو كه‌وت كه‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف پرۆژه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی زه‌كات‌و سه‌رفیتره‌ گه‌ڵاڵه‌ده‌كات به‌مه‌به‌ستی كۆكردنه‌وه‌‌و دابه‌شكردنه‌وه‌ی زه‌كات‌و سه‌رفیتره‌ تا وه‌ك پێویست سوود له‌و پارانه‌ وه‌ربگیرێت وه‌ك له‌هه‌واڵه‌كه‌دا هاتبوو به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌كانی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف ساڵانه‌ زیاتر له‌ 20ملیۆن دۆلار له‌هه‌رێمی كوردستاندا وه‌ك زه‌كات‌و سه‌رفیتره‌‌و خێرخوازی ده‌درێت، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی زه‌وابت‌و یاسا‌و سستمی كۆكردنه‌وه‌‌و دابه‌شكردنی دیار نییه‌، بۆیه‌ وه‌ك پێویست سوودی لێوه‌رناگیرێت.

من پێموایه‌ نابێت وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف هه‌ستێت به‌ كۆكردنه‌وه‌‌و دابه‌شكردنه‌وه‌ی پاره‌ی زه‌كات‌و سه‌رفیتره‌و خێرات، هۆكاری ئه‌وه‌شم له‌م وتاره‌دا روونكردووه‌ته‌وه‌.

له‌هه‌رێمه‌كه‌ماندا پاره‌یه‌كی زۆر خێروخێرات‌و به‌خشین هه‌یه‌‌و كۆمه‌ڵێك خێرخوازی زۆر هه‌یه‌ كه‌ هاوكاری پێشكه‌ش به‌ كۆمه‌ڵگا ده‌كه‌ن، به‌ڵام بۆئه‌وه‌ی سوودی ئه‌و كارانه‌ زیاتربێت، ئه‌وا پێویستمان به‌ هه‌نگاوی جدی‌و شه‌فاف هه‌یه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌‌و دابه‌شكرنی ئه‌و پارانه‌ به‌جۆرێك له‌ خزمه‌ت چاره‌سه‌ری كێشه‌ی توێژه‌ پێویسته‌كان بێت.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ی ئێمه‌ ئه‌وه‌نده‌ جیاوازی كۆمه‌ڵایه‌تی تیایه‌ له‌نێوان به‌رپرسان‌و هاوڵاتیاندا، كه‌ چه‌ندین كه‌سی هه‌ژار‌و نه‌دار‌و كرێنشین‌و قه‌رزار‌و نه‌خۆشی سه‌خت له‌ وڵاته‌كه‌ماندا هه‌یه‌، جگه‌له‌وه‌ی هه‌موومان ده‌بینین به‌ سه‌رمای زستان‌و گه‌رمای هاوین چه‌ندین منداڵ له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان خه‌ریكی كاركردن یان سواڵكردنن، هه‌موو ئه‌وانه‌ پێمان ده‌ڵێت كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌سانی هه‌ژاور خاوه‌ن پێویستیمان هه‌یه‌‌و ده‌بێت هه‌نگاوبنێن به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان.

من وه‌ك توێژه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌مه‌به‌ستی پشتگیریكردن له‌ كێشه‌ی هه‌موو ئه‌و توێژانه‌ی كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگاكه‌ماندا پێویستیان به‌یارمه‌تییه‌ وه‌ك (هه‌ژاران‌و بێكاران‌و كه‌مده‌رامه‌تان، قه‌رزاران، نه‌خۆشی قه‌رس، خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت...) پێشنیازه‌ده‌كه‌م (سندوقی رزگاركردن له‌هه‌ژاری‌و بێكاری‌و كێشه‌كان) دابمه‌زرێت، تا هه‌نگاوبنێین به‌ره‌و جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی رزگاركردن له‌هه‌ژاری‌و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان.

دامه‌زارندنی ئه‌و سندوقه‌ش پێویستی به‌ كاری هه‌مه‌لایه‌نه‌ هه‌یه‌‌و ته‌نها به‌ وه‌زاره‌تێك ناكرێت، به‌ڵكو پێویستی به‌كاری هه‌ندێك لایه‌نه‌ له‌وانه‌ش: كار‌و هاندانی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف، ئاسانكاری وه‌زارتی دارایی‌و بانكه‌كان، كاری تیمه‌كانی وه‌زاره‌تی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، چاودێری وردی راگه‌یاندنه‌كان.

بۆ هه‌نگاونان به‌ره‌رو پرۆژه‌ی رزگاركردن له‌ هه‌ژاری‌و دامه‌زارندنی (سندوقی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان) ئه‌م پێشنیازانه‌ ده‌خه‌مه‌ڕوو:

1- رۆڵی وه‌زاره‌اتی ئه‌وقاف ئه‌وه‌بێت كه‌ داوابكات له‌خه‌ڵكی له‌ڕێگه‌ی مامۆستایانی ئایینه‌وه‌ كه‌ هانی خه‌ڵك بده‌ن بۆئه‌وه‌ی زه‌كات‌و خێروخێرات‌و سه‌رفیتره‌كانیان بخه‌نه‌ ئه‌و سندوقه‌وه‌.

2- كۆكردنه‌وه‌ی زه‌كات‌و خێروخێرات‌و سه‌رفیتره‌ ته‌نها به‌وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف ناكرێت، ده‌بێت سیتمێكی رێكوپێك هه‌بێت بۆ كۆكردنه‌وه‌ی، بۆیه‌ پێشنیازده‌كه‌م وه‌زاره‌تی دارایی له‌ڕێگه‌ی بانكه‌كانه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك حسابی دابنرێت بۆ (سندوقی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان) تا خه‌ڵك زه‌كاته‌كه‌ی له‌وێ دابنێت، بێگومان له‌ هه‌رێمه‌كه‌ماندا خه‌ڵكانی خێرخواز زۆرن‌و ئه‌گه‌ر سندوقێكی شه‌فاف‌و دڵسۆز دابمه‌زرێت، دڵنیام خه‌ڵكه‌ خێرحوازه‌كه‌ پێده‌به‌خشن‌و متمانه‌ی هاوكاری ئه‌و سندوقه‌ ده‌كه‌ن.

3- دابه‌شكردنی پاره‌ی خێروخێرات بۆ گه‌یاندنی به‌كه‌سانی شیاو پێویستی به‌ كاری توێژینه‌وه‌ی مه‌یدانی‌و كاری توێژه‌ره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌، بۆیه‌ پێشنیازده‌كه‌م وه‌زاره‌تی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ رێگه‌ی توێژه‌ره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ تمی مه‌یدانی دابمه‌زرێنێت بۆ دیاركردنی هه‌موو ئه‌و كه‌س‌و خێزانانه‌ی كه‌ كێشه‌ی جۆراوجۆریان هه‌یه‌ له‌: (هه‌ژاری‌و كه‌مده‌رامه‌تی، كرێنشینی، بێكاری، نه‌خۆشی قورس، بوونی منداڵی بێشه‌رپه‌رشت، كه‌سانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت...) وه‌ واته‌ پۆلێنی حاڵه‌ته‌كان بكرێت له‌ هه‌ره‌ حاڵه‌تی موحتاجه‌وه‌ بۆ موحتاجتر‌و ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر چه‌ند بنه‌مایه‌ك، پاشان ئه‌وله‌ویه‌ت دیاریبكات بۆ چۆنێتی چاره‌سه‌ری حاڵه‌ت‌و كێشه‌كان.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ وه‌زاره‌تی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی نوسینگه‌ی خۆی له‌ شارو شارۆچكه‌كان بكاته‌وه‌، بۆئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ هه‌ژارن‌و كێشه‌یان هه‌یه‌‌و تیمه‌كانی وه‌زاره‌ت نه‌یتوانیوه‌ سه‌ردانیان بكات، ئه‌وا با خۆیان سه‌ردانی ئه‌و نوسینگانه‌ بكه‌ن‌و كێشه‌كانی خۆیان بخه‌نه‌ڕوو، وه‌زارتیش له‌ڕێگه‌ی توێژه‌ره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ دیراسه‌ی حاڵه‌ته‌كه‌یان بكات‌و پۆلێنیان بكه‌ن.

هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ وه‌زاره‌ت ده‌ستنیشانیان ده‌كات له‌ تۆماری تایبه‌تددا ناوو ناونیشانیان دیاریبكرێت.

4- پێشنیازده‌كه‌م پاره‌ی سندوقی (چاره‌سه‌ركردنی هه‌ژاری‌و كێشه‌كان) له‌رێگه‌ی وه‌زاره‌تی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ به‌ تۆماری تایبه‌ت بدرێت به‌و كه‌سانه‌ی كه‌ تیمه‌كانی وه‌زاره‌ت دیاریكردوون، ئه‌ویش به‌جۆرێك بدرێت به‌كه‌سانی هه‌ژارو شیاو، كه‌ پرۆژه‌یه‌كی به‌داهاتیان بۆ دابینبكرێت، تا به‌هۆی ئه‌و پرۆژه‌یه‌وه‌ بتوانن داهاتی ژیانیان دابینیبكه‌ن‌و رزگاربن له‌ هه‌ژاری، هاوكات داواینلێبكرێت كه‌ سه‌رمایه‌ی پرۆژه‌كه‌ به‌ قیستی زۆركه‌م‌و درێژخایه‌ن بگه‌ڕێندرێته‌وه‌ بۆ سندوقه‌كه‌، بۆئه‌وه‌ی دووباره‌ به‌كاربهێنرێته‌وه‌ له‌ ده‌ستگیرۆی كه‌سانی دیكه‌دا، به‌وه‌ش هه‌م سندوقه‌كه‌ به‌رده‌وامده‌بێت‌و هه‌م ئه‌و پاره‌یه‌ش كه‌ ده‌به‌خشرێت زۆرترین سوودده‌گه‌یه‌نێت به‌ كۆمه‌ڵگاكه‌مان‌و له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ پاره‌كه‌ی پێدراوه‌ راسته‌وخۆ ده‌بێته‌وه‌ به‌ كه‌سێكی به‌خشنده‌.

نابێت پاره‌كه‌ به‌جۆرێك كه‌مبكرێته‌وه‌ كه‌ سوودی نه‌مێتێت، واته‌ نابێت بكرێته‌ به‌ش به‌شی بچووك‌و دابه‌شبكرێت، واته‌ هه‌ر پێنجسه‌د هه‌زار بۆ خێزانێكی هه‌ژار، چونكه‌ ئه‌و خێزانه‌ هه‌ژاره‌ بۆماوه‌ی مانگێك كێشه‌كه‌یان چاره‌سه‌رده‌بێت‌و دوای ته‌واوبوونی ئه‌و پێنجسه‌د هه‌زاره‌ ده‌چنه‌وه‌ باره‌ ناهه‌مواره‌كه‌ی خۆیان، بۆیه‌ ده‌بێت پاره‌كان به‌جۆرێك دابه‌شبكرێت كه‌ بنه‌بڕی كێشه‌ی كه‌سه‌كان به‌ته‌واوی بكات.

5- پێشنیازده‌كه‌م هه‌موو هه‌نگاوه‌كانی پرۆسه‌كه‌ بۆ میدیاكان‌و رۆژنامه‌نوسان به‌شه‌فافی بخرێته‌روو، واته‌ پرۆژه‌كه‌ بڵاوكراوه‌ی خۆی هه‌بێت كه‌ تیادا راپۆرتی بانكه‌كان بخرێته‌ڕوو له‌باره‌ی بڕی ئه‌و پارانه‌ی كه‌ كراوه‌ته‌ ناو سندوقه‌كه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ناوی كه‌سه‌ به‌خشه‌ره‌كان (ئه‌گه‌ر كه‌سه‌كان رازیبن)، هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌و بڵاوكراوه‌یه‌دا ناوی هه‌موو ئه‌و خێزانانه‌ به‌ بڵاوكراوه‌ی تایه‌بت بڵاوبكاته‌وه‌ كه‌ سلفه‌ی پرۆژه‌ی رزگاركردن له‌ هه‌ژاری‌و كێشه‌كان گرتونێتییه‌وه‌، داوا له‌ خه‌ڵكیش بكات ئه‌گه‌ر هه‌ر گه‌نده‌ڵی‌و ناعه‌داله‌تییه‌ك له‌و دابه‌شكردنه‌دا هه‌یه‌ ئه‌وا با شكات بكه‌ن. ئه‌وه‌ش بۆئه‌وه‌ی رێبگیرێت له‌وه‌ی پاره‌كه‌ بچێته‌ ده‌ستی كه‌سانی نه‌شیاو‌و نا موسته‌حه‌ق.


بۆیه‌ من پێموایه‌ كۆكردنه‌وه‌‌و دابه‌شكردنی پاره‌ی خێروخێرات به‌وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف ناكرێت.
Hadi.ameen@yahoo.com

* هه‌واڵه‌كه‌م له‌ رۆژنامه‌ی ئاسۆ‌و سایتی ده‌نگوباس خوێنده‌وه‌ به‌م ئه‌دره‌سه
Pring                          page


بۆچوونه‌کان
ئوميد

وابزانم زه‌حمه‌ته‌ ئه‌م كاره‌ به‌حكومه‌ت بكریت به‌لكو داوا له‌ كه‌سانی خاوه‌ن ئه‌زموون له‌م بواره‌ بكریت كه‌سانی وه‌كو رابیته‌ ئیسلامی كورد كه‌ دكتور علی قه‌ره‌داغی سه‌ربه‌رشتی ده‌كات كه‌ خه‌بیری بواری ئابووریه‌ وله‌م بواره‌ ئه‌زمونیان هه‌یه‌ وابزانم له‌ده‌ست باكی كه‌سی وه‌كو ئه‌م ریكخراوه‌ نمونه‌ییه‌.خه‌لكیش باوه‌ریان بیده‌كات .ده‌كریت حكومه‌ت سوود له‌ئه‌زمه‌نیان وه‌ربكریت دوور له‌هه‌ستی حیزبایه‌تی.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق