الخميس، 15 أبريل، 2010

جیاكاری‌و موچه‌ی ناتایبه‌ت بۆ خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت!!



هادی ئه‌مین
قه‌باره‌ی فۆنت بگۆڕه‌

له‌هه‌رێمی كوردستاندا "جیاكاری" زۆر بواری ژیانی گرتوه‌ته‌وه‌‌و ته‌نانه‌ت په‌لیكێشاوه‌ بۆ جیاكاریكردن له‌توێژی كه‌مئه‌ندامانیشدا، جگه‌له‌وه‌ش هه‌ندێك له‌ خاوه‌ن پێداویستیه‌ تایبه‌ته‌كان موچه‌ی ناتایبه‌تیان پێده‌درێت!؟

به‌پێی‌ ئاماره‌ بڵاوكراوه‌كان‌، باسله‌وه‌ده‌كرێت كه‌ نزیكه‌ی‌ 65 هه‌زار كه‌مئه‌ندام له‌ سنوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا هه‌یه‌. بێگومان ئه‌م رێژه‌یه‌ش پێویستی به‌ كاركردنی جدی هه‌یه‌ له‌لایه‌نی حكومه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌و توێژه‌، وه‌ك چۆن ناویانلێنراوه‌ "خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت" ده‌بێت به‌شێوه‌ی تایبه‌تیش مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت‌و پێداویستییه‌كانیان بۆ دابنبكرێت.
وه‌ك له‌میدیاكان ئاگاداریبووین رۆژی سێی ئه‌م مانگه‌ یادی‌ رۆژی‌ جیهانیی‌ خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت له‌كوردسان به‌ڕێوه‌چوو، چه‌ندین مه‌راسم‌و چالاكی ئه‌نجامدرا، چه‌ند میدیایه‌كیش نوێنه‌ری ئه‌و توێژه‌یان میوانداریكردوو له‌باره‌ی كێشه‌كانیاینه‌وه‌ گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ كرا.
له‌ئه‌نجانی گفتوگۆی نوێنه‌ری ئه‌و توێژه‌وه‌ ئه‌وه‌ روونبویه‌وه‌: كه‌ حكومه‌ت وه‌ك پێویست هاوكاریانناكات‌و كه‌مئه‌ندام هه‌یه‌ مانگانه‌ ته‌نها په‌نجا هه‌زار دیناری پێده‌درێت.
ده‌پرسین: ئایا ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ موچه‌ی ئه‌و توێژه‌یان داناوه‌ به‌چ پێوه‌رێك په‌نجا هه‌زار به‌ڕه‌واده‌بیننن بۆ به‌ڕێكردنی ژیانی مانگانه‌ی كه‌سێكی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت، كه‌ ئه‌و په‌نجا هه‌زاره‌ هه‌ندێك ته‌نها له‌ ژه‌مه‌ خۆراكێكدا خه‌رجیده‌كه‌ن.
كه‌سی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت، ره‌نگه‌ بۆئه‌وه‌ی بچێت موچه‌كه‌ی وه‌ربگرێت نزیكه‌ی ده‌ هه‌زار دیناری سه‌رفبكات به‌ كرێی هاتوچۆ‌و خواردن، به‌وه‌ش چل هه‌زاری بۆ ده‌مێنێته‌وه‌. كه‌واته‌ ئیتر چی بدات به‌ كرێ خانوو ئه‌گه‌ر كرێچی بێت، چی بدات به‌ جلوبه‌رگ‌و پێداویستی منداڵه‌كانی ئه‌گه‌ر خاوه‌ن منداڵ بێت، ئه‌ی به‌چی ژیانی رۆژانه‌ی دابینبكات.
ئه‌بێت ئه‌وه‌ چ "حه‌كیم"ـێك بێت كه‌ په‌نجا هه‌زار دینار به‌ره‌وا زانیوه‌ بۆ به‌ڕێكردنی ژیانی كه‌سێكی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت له‌م رۆژگاره‌ سه‌خته‌دا، له‌كاتێكدا كه‌سێكی ئاسایی نیو ملیۆن دینار به‌باشی ژیانی دابنناكات.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئه‌وه‌مان بیست كه‌ له‌ناو كه‌مئه‌ندام جیاكاریكراوه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای به‌"چی كه‌مئه‌ندامبووه‌"، وه‌ك باسكرا ئه‌وانه‌ی له‌سه‌نگه‌ردا كه‌مئه‌ندامبوون موچه‌یه‌كی باشتریان پێده‌درێت وه‌ك له‌وانه‌ی به‌هۆكاری دیكه‌ كه‌مئه‌ندامبوون.
ئه‌مه‌ش نایه‌كسانییه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌سانی كه‌مئه‌ندام هه‌مان كێشه‌‌و موعانات‌و گرفتیان هه‌یه‌‌و وه‌كیه‌ك پێداویستیان ده‌وێت، كه‌سێك له‌ سه‌نگه‌ر قاچی له‌ده‌ستدابێت‌و كه‌سێكیش به‌هۆی كاره‌ساتی ئۆتۆمبێل، هه‌ردووكیان وه‌كیه‌ك گرفتیان هه‌یه‌‌و پێویسته‌ وه‌كیه‌ك هاوكاریبكرێن، نه‌ك جیاكارییان له‌نێواندا بكرێت.
هیوادارم به‌رپرسان ره‌چاوی موعاناتی كه‌سانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت بكه‌ن‌و كۆسپه‌كانیان بۆ چاره‌سه‌ربكه‌ن له‌هه‌موو روویه‌كی ژیانه‌وه‌و موچه‌ی تایبه‌تیان بۆ دابینبكه‌ن، موچه‌یه‌كی به‌رز به‌جۆرێك بتوانن به‌هۆیه‌وه‌ دابینی هه‌موو پێداویتسیه‌كانی ژیانیان بكه‌ن.
هادی ئه‌مین
Hadi.ameen@yahoo.com
Pring                          page

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق