الخميس، 15 أبريل، 2010

چه‌ند هه‌ڵه‌یه‌كی كوشنده‌ له‌ راپرسییه‌كه‌ی سه‌نته‌ری راپرسی كوردستاندا



هادی ئه‌مین
قه‌باره‌ی فۆنت بگۆڕه‌

سه‌نته‌ری راپرسی به‌هه‌ڵه‌ پێمانده‌ڵێت: له‌ كوردستاندا نزیكه‌ی سێ ملیۆن‌و نیو كه‌س رۆژنامه‌ ده‌خوێننه‌وه‌‌و یه‌ك ملیۆن‌و نیویش رۆژنامه‌ ده‌كڕن!!

له‌ لاپه‌ره‌ 13ـی رۆژنامه‌ی هاوڵاتی ژماره‌ 460‌و هه‌روه‌ها له‌ماڵپه‌ری هاوڵاتی به‌PDF ئه‌نجامی ئه‌و راپرسییه‌م خوێنده‌وه‌ كه‌ (سه‌نته‌ری راپرسی كوردستان) ئه‌نجامیاندابوو له‌باره‌ی (خوێندنه‌وه‌ی رۆژنامه‌كان)ـه‌وه‌، دوای سه‌رنجدانم بۆمده‌ركه‌وت چه‌ند هه‌ڵه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی له‌و راپرسییه‌دا هه‌یه‌، كه‌ بووته‌هۆی تێكشكاندنی ئه‌نجام‌و میسداقه‌تی راپرسییه‌كه‌، بۆیه‌ ناومبردووه‌ به‌ هه‌ڵه‌ی كوشنده‌.
هه‌رچه‌نده‌ ستافی سه‌نته‌ری راپرسی كوردستان هاوڕێمن، ئه‌وان ماندووبوون له‌كاره‌كه‌یاندا‌و هه‌وڵی خۆیانداوه‌، به‌ڵام نه‌یانپێكاوه‌‌و ئه‌نجامه‌كه‌یان هه‌ڵه‌یه‌‌و ئه‌و هه‌ڵانه‌شیان بۆ رای گشتی خستووه‌ته‌ڕوو، بۆیه‌ به‌پێویستمزانی هه‌ندێكیان ده‌ستنیشانبكه‌م.
بێگومان ره‌خنه‌گرتن له‌ به‌رهه‌می هه‌ڵه‌‌و هاوڕێیه‌تی دوو بواری جیاوزان، پێموایه‌ ئه‌گه‌ر له‌به‌ر خاتری هاوڕێیه‌تی‌و په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان موجامه‌له‌ی یه‌كتربكه‌ین‌و ره‌خنه‌ له‌هه‌ڵه‌ی به‌رهه‌می یه‌كترنه‌گرین، ئه‌وا گه‌نده‌ڵی رووده‌كاته‌ سه‌رجه‌م كاره‌كانمانه‌وه‌‌و هه‌رگیز به‌ره‌وباشتر هه‌نگاونانێین.
من رێگه‌ به‌خۆم ده‌ده‌م له‌م بواره‌دا قسه‌بكه‌م، له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌رچووی به‌شی كۆمه‌ڵناسیم‌و شاره‌زاییه‌كم هه‌یه‌ له‌بواری راپرسی‌و توێژینه‌وه‌‌و له‌و بواره‌دا كارده‌كه‌م‌و چه‌ند راپرسی‌و توێژینه‌وه‌یه‌كم داتائینتری‌و ده‌رئه‌نجامهێناوه‌ بۆ رێكخراوه‌كان به‌ به‌رنامه‌ی SPSS كه‌ به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ داتائینتری‌و وه‌رگرتنی ئه‌نجامه‌كان.
هه‌ندێك له‌هه‌ڵه‌كانی راپرسییه‌كه‌ی سه‌نته‌ری راپرسی كوردستان به‌مجۆره‌ی لای خواره‌وه‌ن:
1- سه‌نته‌ری راپرسی پێمانده‌ڵێت له‌كوردستاندا نزیكه‌ی سێ ملیۆن‌و نیو كه‌س رۆژنامه‌ ده‌خوێننه‌وه‌:
له‌وه‌ڵامی پرسیاری: "ئایا رۆژنامه‌كان ده‌خوێنیته‌وه‌ ؟"، سه‌نته‌ری راپرسی له‌شێوه‌ی ژماره‌ حه‌وتدا ئه‌نجامه‌كه‌مان پێده‌ڵێت به‌وه‌ی كه‌: 74%ـی به‌شدارانی راپرسییه‌كه‌ رۆژنامه‌ ده‌خوێننه‌وه‌‌و ته‌نها 26% رۆژنامه‌ ناخوێننه‌وه‌. سه‌یری شێوه‌ی 7 بكه‌، كه‌ له‌ ئه‌نجامی راپرسییه‌كه‌یانه‌وه‌ كۆپیمكردووه‌.

ئه‌گه‌ر شیكارێك بكه‌ین، ئه‌وا ده‌بینین: رێژه‌ی 74%ـی خوێنه‌ری رۆژنامه‌ له‌ناو نموونه‌ی راپرسییه‌كه‌دا ده‌كاته‌ 3501016 كه‌س واته‌ نزیكه‌ی سێ ملیۆن‌و نیو كه‌س له‌كۆمه‌ڵگه‌ی راپرسییه‌كه‌، ئه‌ویش له‌به‌رئه‌وه‌ی ژماره‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی راپرسیه‌كه‌یان 4723672كه‌سه‌‌و هه‌ر تاكێكی نموونه‌ی راپرسییه‌كه‌یان نوێنه‌ری 2625 كه‌سی كۆمه‌ڵگه‌ی راپرسییه‌كه‌یه‌.
به‌ڵام من بوونی 3501016 كه‌سی خوێنه‌ری رۆژنامه‌ له‌كوردستاندا به‌هه‌ڵه‌‌و ناواقعی ده‌زانم، زیاتر هه‌ڵه‌كه‌ش له‌م روونكردنه‌وانه‌ی خواره‌وه‌دا ئاشكراده‌بێت.
ئاشنایه‌، نموونه‌ی راپرسیی بۆیه‌ پێی ده‌وترێت "نموونه‌" له‌به‌رئه‌وه‌ی نوێنه‌ری كۆمه‌ڵگه‌ی راپرسییه‌. واته‌ ده‌بێت تاكه‌كانی به‌جۆرێك دیاریبكرێن كه‌ ته‌مسیلێكی راسته‌قینه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی راپرسیی بكه‌ن.
وه‌ك چۆن كاتێك نموونه‌یه‌ك له‌بڕێك گه‌نم یان له‌كاڵایه‌ك وه‌رده‌گیرێت بۆ پشكنیین، ده‌بێت نموونه‌ وه‌رگیراوه‌كه‌ ته‌مسیلی بڕه‌لێوه‌رگیراوه‌كه‌ بكات، بۆئه‌وه‌ی حوكمدان به‌سه‌ر ته‌واوی بڕه‌لێوه‌رگیراوه‌ راستده‌ربچێت.
سه‌نته‌ری راپرسی كوردستان، له‌باره‌ی نموونه‌‌و كۆمه‌ڵگه‌ی راپرسییه‌كه‌وه‌ نوسیوێتی: "ژماره‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی راپرسیه‌كه‌ (4726372N= ) كه‌سه‌ , قه‌باره‌ی نموونه‌ی راپرسیه‌كه‌مانn=1800 ) ) كه‌سه‌". هه‌روه‌ها له‌باره‌ی میسداقیه‌تی نموونه‌ی راپرسییه‌كه‌ نوسیوێتی سنوری باوه‌رپێكراو 95%. واته‌ هه‌ر تاكێكی نموونه‌ی راپرسییه‌كه‌یان نوێنه‌ری 2625 كه‌سی كۆمه‌ڵگه‌ی راپرسییه‌كه‌یه‌.
ئه‌و ژمارانه‌شیان له‌خۆوه‌ وه‌رنه‌گرتووه‌، به‌ڵكو وه‌ك خۆیان ئاماژه‌یانپێداوه‌ ده‌ستیانكه‌وتووه‌ له‌دوای وه‌رگرتنی زانیاری ته‌واو له‌سه‌ر ژماره‌ی دانیشتوانی شاروشارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان‌و كه‌ركوك‌و ناوچه‌ دابڕاوه‌كان بۆ ساڵی 2008. له‌باره‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی راپرسییه‌كه‌ نوسیویانه‌: "ئه‌و هاوڵاتیانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ 15ساڵ به‌ره‌وژووره‌ وه‌دانیشتوی ئه‌و ناوچانه‌یه‌".
هه‌رچه‌نده‌ من دڵنیانیم له‌وه‌ی كه‌ له‌كوردستاندا ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی ته‌مه‌نیان له‌سه‌روو 15ساڵه‌وه‌یه‌ 4726372كه‌س بن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر گریمانه‌ی ئه‌وه‌ش دابنێین كه‌ ئه‌و ژماره‌یه‌ راسته‌، ئه‌وا هێشتا كێشه‌ له‌ئه‌نجامه‌كه‌دایه‌‌و بوونی 3501016 كه‌س خوێنه‌ری رۆژنامه‌ جێگه‌ی پرسیاره‌.
2- سه‌نته‌ری راپرسی پێمانده‌ڵێت له‌كوردستاندا ملیۆن‌و نیوێك كه‌س رۆژنامه‌ ده‌كڕن:
له‌پرسیاری "به‌ چ شێوازێك رۆژنامه‌ت پێده‌گات ؟"، سه‌نته‌ری راپرسی له‌شێوه‌ی ژماره‌ 16ـدا وه‌ڵامه‌كه‌یمان پێده‌ڵێت به‌وه‌ی كه‌: 45%ـی به‌شداربووان رۆژنامه‌ ده‌كرن. سه‌یری شێوه‌ی 16 بكه‌.

ئاشكرایه‌ راپرسییكردن ته‌نها بڵاوكردنه‌وه‌ی چارت‌و ژماره‌ نییه‌، به‌ڵكو ده‌بێت ده‌لاله‌تی ئه‌و ژمارانه‌ روونبكه‌یته‌وه‌‌و په‌یوه‌ستیبكه‌یته‌وه‌ به‌ وه‌ڵامه‌كانی دیكه‌‌و كۆمه‌ڵگه‌ی راپرسییه‌كه‌وه‌، تا وێنه‌كه‌ بۆ خوێنه‌ران روونبێته‌وه‌.
سه‌نته‌ری راپرسی ده‌لاله‌ته‌كانی رووننه‌كردوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ بۆئه‌وه‌ی حه‌جمی ئه‌وانه‌ بزانین كه‌ رۆژنامه‌ ده‌كڕن‌و له‌ده‌لاله‌تی رێژه‌ی 45% تێبگه‌ین، ده‌بێت وه‌ڵامی (به‌ چ شێوازێك رۆژنامه‌ت پێده‌گات) په‌یوه‌ستبكه‌ین به‌وه‌ڵامی پرسیاری (ئایا رۆژنامه‌ ده‌خوێنیته‌وه‌)، چونكه‌ ئه‌وانه‌ی رۆژنامه‌ ده‌خوێننه‌وه‌ رۆژنامه‌ ده‌كڕن.
ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كه‌ بدۆزینه‌وه‌، ئه‌وا ده‌بینین:
دراو یه‌كسانه‌ به‌: 74% رۆژنامه‌ ده‌خوێننه‌وه‌، وه‌ك شیكارمانكرد كردییه‌ 3501016 كه‌س.
داواكراویش ئه‌وه‌یه‌: ئایا حه‌جمی 45%ـی ئه‌وانه‌ی رۆژنامه‌ ده‌كڕن چه‌نده‌؟
شیكار:
رێژه‌ی 45%ـی 3501016، ده‌كاته‌ 1577034 كه‌س. به‌رێژه‌ی سه‌دییش ده‌كاته‌ 33%ی نموونه‌ی راپرسییه‌كه‌، چونكه‌ رێژه‌ی سه‌دی 1577034ی كۆمه‌ڵگه‌ی راپرسییه‌كه‌ (كه‌ 4726372 كه‌سه‌) ده‌كاته‌ 33%، هه‌ر تاكێكی نموونه‌كه‌ش نوێنه‌ری 2625 كه‌سی كۆمه‌ڵگه‌كه‌یه‌، بۆیه‌ به‌ڕێژه‌ی سه‌دی ده‌كاته‌ 33%ی نموونه‌ی راپرسییه‌كه‌
واته‌ ئه‌گه‌ر نموونه‌ی راپرسییه‌كه‌ی سه‌نته‌ری راپرسی نوێنه‌ری باوه‌رپێكراوه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی راپرسیه‌كه‌ بێت، ئه‌وا به‌پێی ئه‌نجامه‌كه‌یان 33%ـی نموونه‌‌و كۆمه‌ڵگه‌ی راپرسییه‌كه‌، واته‌ 1577034 كه‌س له‌كوردستان رۆژنامه‌ ده‌كڕن!! واته‌ نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن‌و نیو كه‌س.
ئاشكرایه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ش هه‌ڵه‌یه‌كی زۆرگه‌وره‌یه‌، چونكه‌ پڕفرۆشترین رۆژنامه‌ له‌كوردستاندا تیراژه‌كه‌ی ره‌نگه‌ نه‌گاته‌ 25 هه‌زار دانه‌، ئیتر چۆن 33%ـی نموونه‌‌و كۆمه‌ڵگه‌ (ملیۆنیونیوێك كه‌س) رۆژنامه‌ ده‌كڕن!!
رۆژنامه‌ی هاوڵاتی (وه‌ك راپرسییه‌كه‌ی سه‌نته‌ری راپرسی‌و چه‌ند راپرسییه‌كی دیكه‌ش سه‌لماندویانه‌) پڕفرۆشترین رۆژنامه‌یه‌ له‌كوردستاندا، ئه‌وه‌ی من ئاگاداربم ماوه‌یه‌ك تیراژه‌كه‌ی نزیكبویه‌وه‌ له‌ 30 هه‌زار دانه‌، به‌ڵام ملیۆنونیوێك له‌كوێ‌و 30هه‌زار دانه‌ له‌كوێ!؟
ئه‌گه‌ر تیراژ‌و چاپی هه‌موو رۆژنامه‌كانی كوردستان كۆبكه‌ینه‌وه‌، ئه‌وا ره‌نگه‌ نه‌كاته‌ سه‌دهه‌زار دانه‌، ئیتر چۆن ملیۆنونیوێك كه‌س رۆژنامه‌ ده‌كڕن، له‌كوێ ده‌یكڕن؟!
له‌ئه‌نجامی ئه‌و شیكاره‌ی سه‌ره‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت: سه‌نته‌ره‌ی راپرسی نموونه‌كه‌یان به‌شێوه‌یه‌كی زانستی وه‌رنه‌گرتووه‌، به‌ڵكو كه‌وتونه‌ته‌ هه‌ڵه‌وه‌‌و نموونه‌ وه‌رگیراوه‌كه‌ ته‌مسیلی كۆمه‌ڵگه‌ی راپرسییه‌كه‌ ناكات‌و سنوری باوه‌ڕپێكراویش 95% نییه‌، (وه‌ك نوسیویانه‌).
به‌رای من، یه‌كێك له‌هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی تێپه‌ربوونی ئه‌و هه‌ڵانه‌ش به‌سه‌ریاندا بریتیه‌له‌: "نه‌خوێندنه‌وه‌ی وردی ئه‌نجامه‌كان"، چونكه‌ ئه‌گه‌ر سه‌رنجیانبدایه‌ له‌په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌نجامه‌كان یان ئه‌گه‌ر سه‌یری تیراژی له‌مه‌وبه‌ری رۆژنامه‌كانیان بكردایه‌، ئه‌وا بۆیانده‌رده‌كه‌وت ئه‌و ئه‌نجامه‌ی پێیگه‌یشتون هه‌ڵه‌یه‌، ئه‌وكاته‌ش ده‌یانتوانی راستكردنه‌وه‌ بۆ نموونه‌كه‌ بكه‌ن‌و ئه‌نجامی واقیعتر وه‌ربگرن.
به‌هۆی ئه‌و هه‌ڵانه‌شیانه‌وه‌ نه‌یانتوانیه‌وه‌ به‌وردی ئامانجی یه‌كه‌می راپرسییه‌كه‌یان ده‌ستنیشانبكه‌ن، كه‌ تیادا نوسراوه‌: "پێوانه‌كردنی رێژه‌ی خوێنه‌ری رۆژنامه‌ له‌ناو خوێنه‌رانی سه‌روی 15ساڵ له‌هه‌رێمی كوردستان‌و ناوچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان كه‌ هێشتا نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێم".
به‌ڵام پێوانه‌كردنێكی زۆرهه‌ڵه‌یه‌ پێتوابێت 74% نموونه‌كه‌ت (كه‌ ته‌مسلی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ت ده‌كات) رۆژنامه‌ ده‌خوێنه‌وه‌‌و 33%ـیشیان رۆژنامه‌ ده‌كڕن.
3- سه‌نته‌ری راپرسی پێمانده‌ڵێت له‌كوردستاندا نزیكه‌ی ملیۆن‌و نیوێك كه‌س به‌به‌رده‌وامی رۆژنامه‌ ده‌خوێننه‌وه‌:
له‌پرسیاری: "به‌ چ شێوازێك رۆژنامه‌كان ده‌خوێنیته‌وه‌ ؟"، سه‌نته‌ری راپرسی له‌شێوه‌ی ژماره‌ 11ـدا وه‌ڵامه‌كه‌یمان پێده‌ڵێت به‌وه‌ی كه‌: 43%ـی به‌شداران به‌ به‌رده‌وامی رۆژنامه‌ ده‌خوێننه‌وه‌، 49% جاروبار رۆژنامه‌ ده‌خوێننه‌وه‌‌و 8%ـیش به‌ده‌گمه‌ن ده‌یخوێننه‌وه‌. سه‌یری شێوه‌ی ژماره‌ 11 بكه‌.

ئاشكرایه‌ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ش په‌یوه‌سته‌ به‌ وه‌ڵامی پرسیار (ئایا رۆژنامه‌ ده‌خوێنیته‌وه‌)، ده‌بێت شیكارێك بكه‌ین بۆ دۆزینه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌و دوو وه‌ڵامه‌، ئینجا تێده‌گه‌ین له‌ ده‌لاله‌تی رێژه‌ی 43%‌و بۆمان روونده‌بێته‌وه‌ حه‌جمی ئه‌وانه‌ چه‌نده‌ كه‌ به‌به‌رده‌وامی رۆژنامه‌ ده‌خوێننه‌وه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ ئێمه‌ شیكارێك بكه‌ین‌و په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌و دوو وه‌ڵامه‌ بدۆزینه‌وه‌.
بۆشیكاره‌كه‌ش:
دراو: 74% رۆژنامه‌ ده‌خوێننه‌وه‌، واته‌ 3501016 كه‌س.
داواكراویش ئه‌وه‌یه‌: ئایا حه‌جمی 43%ـی ئه‌وانه‌ی به‌ به‌ره‌رده‌وامی رۆژنامه‌ ده‌خوێننه‌وه‌ چه‌نده‌؟
شیكار:
رێژه‌ی 43%ـی 3501016، ده‌كاته‌ 1509058. ئه‌وه‌ش واته‌ 31%ـی نموونه‌ی راپرسییه‌كه‌، چونكه‌ رێژه‌ی سه‌دی 1509058ی كۆمه‌ڵگه‌ی راپرسییه‌كه‌ (كه‌ 4726372 كه‌سه‌) ده‌كاته‌ 31%.
واته‌ ئه‌گه‌ر نموونه‌كه‌ ته‌مسیلی واقیع بكات، ئه‌وا سه‌نته‌ری راپرسی پێمانده‌ڵێت 1509058 كه‌س به‌به‌رده‌وامی رۆژنامه‌ ده‌خوێننه‌وه‌!
ئه‌وه‌ش هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر گریمانه‌ی ئه‌وه‌ دابنێین كه‌ هه‌ر رۆژنامه‌یه‌كی كاغه‌زی ده‌ كه‌س بیخوێنێته‌وه‌، ئه‌وا هێشتا زۆرزۆری ده‌مێنێت بۆ ئه‌و ملیۆنونیوه‌ی سه‌نته‌ری راپرسی باسیده‌كات.
ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ش هه‌رله‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یگرتووه‌ كه‌ نموونه‌ی راپرسییه‌كه‌ به‌ هه‌ڵه‌ وه‌رگیراوه‌، دواتریش ئه‌نجامه‌كانیان به‌وردی نه‌خوێندوه‌ته‌وه‌‌و بڵاویانكردووه‌ته‌وه‌.
4- گرنگی راپرسییه‌كه‌ به‌دینه‌هاتووه‌:
سه‌نته‌ری راپرسی كوردستان له‌گرنگی راپرسییه‌كه‌دا نوسیوێتی: "گرنگی ئه‌م بابه‌ته‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ رای خوێنه‌ران له‌سه‌رتاسه‌ری كوردستان به‌گوێدانه‌ ته‌مه‌ن، ره‌گه‌ز، شوێنی نیشته‌جێبوون، جۆری كار، باری كۆمه‌ڵایه‌تی، بڕوانامه‌ ده‌خاته‌به‌رده‌ستی ئه‌وانه‌ی له‌بواری رۆژنامه‌نوسی كاغه‌زیدا كارده‌كه‌ن".
به‌ڵام ئه‌م گرنگییه‌ به‌دینه‌هاتووه‌، چونكه‌ من سه‌یری هه‌موو ئه‌نجامه‌كانمكرد كه‌ له‌سایتی هاوڵاتییش به‌ PDF خراوه‌ته‌ڕوو، نازانرێت په‌یوه‌ندی نێوان ته‌مه‌ن خوێندنه‌وه‌ی رۆژنامه‌كان چییه‌، نازانرێت په‌یوه‌ندی نێوان ره‌گه‌ز‌و خوێندنه‌وه‌ی رۆژنامه‌ چییه‌...
هیچ چارت‌و وێنه‌یه‌ك نییه‌ نیشانیبدات بۆ ئه‌وانه‌ی له‌بواری رۆژنامه‌نوسی كاغه‌زیدا كارده‌كه‌ن كه‌ په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ره‌یه‌ك له‌ (ته‌مه‌ن، ره‌گه‌ز، شوێنی نیشته‌جێبوون، جۆری كار، باره‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، بڕوانامه‌) چییه‌ به‌ خوێندنه‌وه‌ی رۆژنامه‌وه‌!!
زانیاریی به‌شداربووانی راپرسییه‌كه‌ له‌به‌شی یه‌كه‌م‌و له‌ژێر ناوی (دیمۆگرافیای به‌شدارانی راپرسیه‌كه‌) خراوه‌ته‌ڕوو، به‌ڵام په‌یوه‌ندی ئه‌و زانیارییانه‌ نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌ به‌ پرسیاره‌كانی خوێندنه‌وه‌ی رۆژنامه‌. واته‌ ئه‌و گرنگییه‌ به‌دینه‌هاتووه‌ كه‌ خۆیان باسیده‌كه‌ن.
ئه‌وه‌ی ده‌بێت زۆر وریایبین ئه‌وه‌یه‌: هه‌ڵه‌ی راپرسی وه‌ك هه‌ڵه‌ی شتی دیكه‌ نییه‌، چونكه‌ ئه‌نجامه‌كان ده‌بێته‌ بنه‌مای كاركردن‌و بڕیاردان. ئه‌گه‌ر دامه‌زراویه‌ك پشتببه‌ستێت به‌و ئه‌نجامه‌ی سه‌نته‌ری راپرسی كوردستان‌و له‌وروانگه‌یه‌وه‌ هه‌نگاوبنێت بۆ ده‌رچواندنی رۆژنامه‌یه‌ك، ئه‌وا زه‌ره‌رێكی زۆرده‌كات، چونكه‌ كاتێك سه‌یری ئه‌نجامی ئه‌و راپرسییه‌ ده‌كات ده‌بینێت سه‌نته‌ری راپرسی پێی ده‌ڵێت: له‌كوردستان له‌هه‌ر سه‌دكه‌س 74 كه‌سیان رۆژنامه‌ ده‌خوێننه‌وه‌‌و 33 كه‌سیشیان رۆژنامه‌ده‌كڕن (كه‌ ده‌كاته‌ ملیۆن‌و نیوێك كه‌س)، ئه‌وا بێگومان دامه‌زراوه‌كه‌ له‌وروانگه‌یه‌وه‌ هه‌نگاوده‌نێت تیراژێكی زۆر له‌ رۆژنامه‌كه‌ی چاپده‌كات، به‌ڵام دوای زه‌ره‌رێكی زۆر بۆیده‌دره‌كه‌وێت ئه‌و ئامارانه‌ دوورن له‌واقیعه‌وه‌.
بۆیه‌ جه‌ختیلێده‌كه‌مه‌وه‌، كاتێك ده‌زگایه‌ك ئه‌نجامی راپرسییه‌ك بڵاوده‌كاته‌وه‌ پێویسته‌ خۆی به‌وردی بیخوێنێته‌وه‌، نه‌ك سه‌رپێیانه‌ ژماره‌ بۆ خه‌ڵك بڵاوبكاته‌وه‌، چونكه‌ بوونی هه‌ڵه‌ ده‌یسه‌لمێنێت ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ به‌ره‌و ناموئه‌سه‌ساتی هه‌نگاوده‌نێت‌و قۆناغه‌كانی كاركردنی لاوازه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش زیانده‌دات له‌ راستگۆیی ئه‌نجامی راپرسییه‌كانی دیكه‌یشی.
هادی ئه‌مین
hadi.ameen@yahoo.com
Pring                          page


بۆچوونه‌کان
ali

dest xosh kak hadi babeteki ekadimi u jwane hiway berdewami bo jenabt

hazhar hatam

dastt khosh, shteki jwant krdwa.

Zana

Zor supas bo aw shikare wrde. Hiwadarm Santari Raprsi Kurdistan ley brwann u be dleki frawanewe wari bgrn u barawrdi bkan lagal karakay khoyan u zor jey khoshhalish dabet agar walameki zanstiyanayan habwaye, chunke bew shewaya am nusinay kak Hadish dabuwa palpshtek bo karakay awan. Balam away ka ley tenagam paywandi am babataya ba masalay gandaliyawa!

shaima

dastxoshit ledakam barasty shikareky gwant krdwa.

badaxawa la raprsyakandakasany pspor karnakan, sarpeyana raprsy blawdakanawa. awash goreka la gandally.

dwbara dastxosh bo dozinaway aw hallana

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق