الخميس، 15 أبريل، 2010

سه‌رنجێك له‌سه‌ر ره‌وشی خوێندن له‌هه‌رێمی كوردستاندا

هادی ئه‌مین
قه‌باره‌ی فۆنت بگۆڕه‌

ره‌وشی خوێندن له‌هه‌رێمی كوردستاندا جێگه‌ی چه‌ندین تێبینی‌و سه‌رنجه‌، هه‌روه‌ك له‌م شیكردنه‌وه‌یه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت قوتابخانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ناڵێنن به‌ده‌ست زۆری قوتابی‌و كه‌مبی بینا‌و مامۆستاوه‌، له‌هه‌ر سێ پارێزگای: هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆك، رێژه‌ی قوتابی بۆقوتابخانه‌كان وه‌كیه‌ك نییه‌، ژماره‌ی قوتابخانه‌كانیان له‌سه‌ر بنه‌مای ژماره‌ی قوتابی دروستنه‌كراوه‌، ژماره‌ی قوتابیان له‌قۆناغه‌كاندا به‌هێڵی به‌ره‌وژوور زیادده‌كات، ئه‌مه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی نه‌گه‌تیفی ده‌بێت له‌سه‌ر ئاستی فێربوون.

ره‌وشی خوێندن له‌هه‌رێمی كوردستاندا جێگه‌ی چه‌ندین تێبین‌و سه‌رنجه‌، هه‌روه‌ك له‌م شیكردنه‌وه‌یه‌دل ده‌رده‌كه‌وێت قوتابخانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ناڵێنن به‌ده‌ست زۆری قوتابی‌و كه‌مبی بینا‌و مامۆستاوه‌، له‌هه‌ر سێ پارێزگای: هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆك، رێژه‌ی قوتابی بۆقوتابخانه‌كان وه‌كیه‌ك نییه‌، ژماره‌ی قوتابخانه‌كانیان له‌سه‌ر بنه‌مای ژماره‌ی قوتابی دروستنه‌كراوه‌، ژماره‌ی قوتابیان له‌قۆناغه‌كاندا به‌هێڵی به‌ره‌وژوور زیادده‌كات، ئه‌مه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی نه‌گه‌تیفی ده‌بێت له‌سه‌ر ئاستی فێربوون.

به‌هۆی شیكردنه‌ویه‌كی ئامارییه‌وه‌ بۆم ده‌ركه‌وت له‌رووی قه‌ره‌باڵغی قوتابخانه‌كانه‌وه‌، دهۆك به‌راورد به‌هه‌ولێر‌و سلێمانی مه‌غدورترین پارێزگای‌ هه‌رێمی كورستانه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌زۆربه‌ی قۆناغه‌كانی خوێندندا كه‌مترین قوتابخانه‌ی هه‌یه‌و زۆرترین ژماره‌ی قوتابی له‌قوتابخانه‌كانیدایه‌، به‌ڵام له‌قۆناغی ئاماده‌ییدا سلێمانی مه‌غدوره‌، به‌ده‌لیلی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌قۆناغی ئاماده‌ییدا هه‌ر قوتابخانه‌یه‌كی، 496قوتابی به‌رده‌كه‌وێت، له‌كاتێكدا پارێزگای هه‌ولێر 422قوتابی‌و پارێزگای دهۆك 394قوتابی به‌رده‌كه‌وێت.

له‌هه‌ر سێ پارێزگای هه‌رێمدا له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی قۆناغه‌كانی خوێندندا له‌سه‌ره‌تایی تا ئاماده‌یی هه‌ڵاوسانی ژماره‌ی قوتابی زیاترده‌بێت‌و قۆناغ به‌قۆناغ ژماره‌ی قوتابیانیان زیادده‌كات.

بۆنوسینی ئه‌م شیكردنه‌وه‌یه‌ پشتمبه‌ست به‌ئامارێكی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی ئاماری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ژماره‌ی قوتابخانه‌‌و قوتابیان‌و مامۆستایان له‌باخچه‌ی ساوایان تا په‌یمانگا له‌هه‌ر سێ پارێزگای هه‌ولێر‌و سلێمانی‌و دهۆك بۆساڵی خوێندنی 2006-2007.

ئه‌و ئاماره‌ی وه‌زاره‌تی په‌ره‌وه‌رده‌ پێوه‌ره‌ ئامارییه‌كانی ده‌رنه‌هێناوه‌‌و به‌راوردی نه‌كردووه‌ له‌نێوان پارێزگا‌و قۆناغه‌كانی خوێندندا، به‌راوردی ژماره‌ی قوتابی‌و مامۆستایانی نه‌كردووه‌، ته‌نها ژماره‌كانی خستۆته‌ڕوو، بۆیه‌ به‌پێویستمزانی هه‌ندێك شیكردنه‌وه‌ی ئاماریی بكه‌م بۆبه‌راوردی ژماره‌ی قوتابی‌و مامۆستا‌و قوتابخانه‌ له‌نێوان پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستاندا، تا دیارده‌ی قه‌ره‌باڵغی قوتابخانه‌كان‌و كه‌می قوتابخانه‌‌و ژماره‌ی مامۆستایان به‌ژماره‌ بخه‌مه‌ڕوو.

دوای ده‌رهێنانی شیكردنه‌وه‌كان ئه‌م ئه‌نجامانه‌م بۆده‌ركه‌وت، له‌هه‌ر سێ پارێزگای: هه‌ولێر، سلێمانی‌و دهۆك رێژه‌ی قوتابی بۆقوتابخانه‌كان وه‌كیه‌ك نییه‌، ژماره‌ی قوتابخانه‌كانیان له‌سه‌ر بنه‌مای ژماره‌ی قوتابی دروستنه‌كراوه‌، وێنه‌ی ژماره‌ یه‌ك ئه‌و جیاوازییه‌ رونده‌كاته‌وه‌ له‌نێوان قه‌ره‌باڵغی قوتابخانه‌كان به‌قوتابی، سه‌رنجبده‌ له‌م وێنه‌ ئامارییه‌ی لای خواره‌وه‌.


رێژه‌ی قوتابی بۆ قوتابخانه‌:

1- له‌قۆناغی باخچه‌ی ساوایاندا:
باخچه‌ی ساوایان وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی په‌روه‌رده‌یی، پێویستی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌مڕۆیه‌‌و رۆڵده‌بینێت له‌پێگه‌یاندنی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و په‌روه‌رده‌ی منداڵدا، منداڵانی كوردستانیش وه‌ك منداڵانی دیكه‌ی وڵاتانی پێشكه‌وتوو پێویستیان به‌باخچه‌ی زۆر‌و ده‌وڵه‌مه‌ند به‌پێداویستیه‌ مرۆیی‌و مادییه‌كانه‌، به‌جۆرێك كه‌ سه‌رنجڕاكێش بێت بۆمنداڵان، به‌ڵام به‌هۆی كه‌میی ژماره‌ی باخچه‌كانه‌وه‌ زۆرێك له‌منداڵانی كوردستان بێبه‌شن له‌باخچه‌ی ساوایان، هه‌ربه‌وهۆیه‌وه‌ زۆرێك له‌منداڵان كه‌ ده‌چنه‌ قوتابخانه‌ له‌ره‌فتاردا سه‌ركه‌وتوونابن‌و قوتابخانه‌ ده‌بێته‌ شوێنێكی نامۆ بۆیان‌و توشی گیروگرفت ده‌بن، چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك مامۆستایان له‌گه‌ڵیان هه‌وڵده‌ده‌ن تا رایانهێنن له‌گه‌ڵ بارودۆخی قوتابخانه‌دا.

به‌هه‌رسێ پارێزگاكه‌ی هه‌رێمی كوردستاندا ته‌نها 146باخچه‌ی ساوایان هه‌یه‌ بۆ 27392منداڵ، واته‌ نزیكه‌ی 250هه‌زار منداڵ له‌هه‌رسێ پارێزگاكه‌دا بێبه‌شن له‌باخچه‌ی ساوایان.

ئه‌گه‌ر بۆهه‌ر 27392منداڵ 147باخچه‌ پێویست بێت، ئه‌وا بۆ ئه‌و250هه‌زار منداڵه‌ی كه‌ بێبه‌شن له‌باخچه‌ پێویستمان به‌1323باخچه‌ی نوێ هه‌یه‌ كه‌ دروستبكرێت له‌پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستاندا.

له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا كه‌ ژماره‌ی باخچه‌كان له‌پارێزگاكاندا وه‌كیه‌ك بوونی نییه‌، ئه‌وه‌تا هه‌ر باخچه‌یه‌كی ساوایان له‌پارێزگای دهۆك 286منداڵی به‌رده‌كه‌وێت، له‌كاتێكدا باخچه‌كانی پارێزگای هه‌ولێر 183منداڵ‌و ئه‌وانی سلێمانیش 162منداڵی به‌رده‌كه‌وێت، سه‌ره‌رایی گرنگی باخچه‌‌و كه‌میی ژماره‌یان له‌كوردستاندا، كه‌چی له‌راسپارده‌كانی كۆنگره‌ی په‌روه‌رده‌ییدا ئاماژه‌نه‌كراوه‌ به‌قوناغی باخچه‌ی ساوایان‌و راسپارده‌یه‌ك له‌وباره‌یه‌وه‌ له‌ئارادا نییه‌.

كۆنگره‌ی په‌روه‌رده‌یی ئایاری پارساڵ سازدرا له‌هه‌رێمی كوردستان به‌مه‌به‌ستی ریفۆرمی بواری په‌روه‌رده‌‌و خوێندن له‌هه‌رێمی كوردستاندا‌و چه‌ندین راسپارده‌‌و پێشنیازی لێكه‌وته‌وه‌.

هه‌ر به‌هۆی كه‌می باخچه‌كانه‌وه‌، له‌هه‌ندێك باخچه‌دا ته‌نها ئه‌و منداڵانه‌ وه‌رده‌گرن كه‌ دایك‌و باوكایان فه‌رمانبه‌رن، ئه‌مه‌ حاڵی باخچه‌كانی ناوشاره‌، به‌ڵام له‌ناحییه‌‌و قه‌زاكاندا یان باخچه‌ نییه‌ یان ته‌نها دانه‌یه‌ك هه‌یه‌ كه‌به‌شی منداڵه‌كان ناكات، بۆنموونه‌ شارۆچكه‌ی تاسڵوجه‌ كه‌ نزیكه‌ی 900ماڵ ده‌بێت‌و نزیك شاری سلێمانییه‌‌و چه‌ندین گوندی به‌سه‌ره‌وه‌یه‌، تائێستا هیچ دایانگه‌‌و باخچه‌یه‌كی ساوایانی تێدانییه‌، هه‌روه‌ها له‌قه‌زایه‌كی گه‌روه‌ری وه‌ك هه‌ڵه‌بجه‌شدا ته‌نها دووباخچه‌ هه‌یه‌.

2- قۆناغی سه‌ره‌تایی:
به‌پێی ئاماری ناوبراو، به‌هه‌ر سێ پارێزگاكه‌ 713410قوتابی له‌ 3674قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی هه‌بووه‌، پارێزگای هه‌ولێر 255128قوتابی هه‌بووه‌ له‌ 1334قوتابخانه‌دا، له‌پارێزگای سلێمانی 268357 قوتابی له‌ 1488 قوتابخانه‌دا هه‌بووه‌، له‌پارێزگای دهۆك 189925 قوتابی خوێندوویانه‌ له‌ 852 قوتابخانه‌دا.

هه‌ر قوتابخانه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی له‌دهۆك 222 قوتابی به‌رده‌كه‌وێت، له‌كاتێكدا له‌هه‌ولێر 191‌و له‌سلێمانی 180ی به‌رده‌كه‌وێت. به‌وه‌ش ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی كه‌ له‌پارێزگای دهۆكدا كه‌می قوتابخانه‌ قه‌ره‌بالغی دروستكردووه‌.

3- قۆناغی ناوه‌ندی:
به‌گشتی به‌هه‌ر سێ پارێزگاكه‌ ته‌نها 564قوتابخانه‌ هه‌یه‌، كه‌ 166988قوتابی تێیدا خوێندوویانه‌، واته‌ به‌تێكرا له‌هه‌ر قوتابخانه‌یه‌كدا 296قوتابی هه‌بووه‌.

147 قوتابخانه‌ی ناوه‌ندی هه‌یه‌ له‌هه‌ولێردا 43838 قوتابی تێدابووه‌، له‌پارێزگای سلێمانی 76306قوتابی له‌282قوتابخانه‌دا هه‌بووه‌، له‌پارێزگای دهۆكیشدا 46844 قوتابی هه‌بوه‌ له‌ 135 قوتابخانه‌دا.

به‌هه‌مانشێوه‌ی قۆناغی سه‌ره‌تایی كێشه‌ی ناهاوسه‌نگی هه‌یه‌ له‌ژماره‌ی قوتابخانه‌كانی پارێزگاكاندا، قوتابخانه‌یه‌كی ناوه‌ندی له‌پارێزگای دهۆكدا 346 قوتابی به‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام ناوه‌ندییه‌كانی 298 قوتابی‌و ناوه‌ندییه‌كانی سلێمانی 270قوتابی به‌رده‌كه‌وێت.

4- قۆناغی دواناوه‌ندی‌و ئاماده‌یی:
به‌هه‌ر سێ پارێزگای هه‌ولێر‌و سلێمانی‌و دهۆك ته‌نها 583 قوتابخانه‌ی دواناوه‌ندی‌و ئاماده‌یی هه‌یه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا كه‌ ژماره‌ی قوتابیانی ئه‌و قۆناغه‌ 256358 قوتابییه‌ بووه‌ له‌ساڵی خوێندنی 2006-2007، واته‌ هه‌ر قوتابخانه‌یه‌ك له‌هه‌رێمی كوردستاندا 439 قوتابی به‌رده‌كه‌وێت.

پارێزگای هه‌ولێر 107274 قوتابی هه‌بووه‌ له‌ 254 قوتابخانه‌دا، له‌سلێمانی 93401 قوتابی له‌ 188قوتابخانه‌دا‌و له‌دهۆك 55683قوتابی له‌ 141ئاماده‌ییدا هه‌بوه‌.

5- ئاماده‌ییه‌ پیشه‌ییه‌كان:
به‌هه‌ر سێ پارێزگاكه‌ 30قوتابخانه‌ی ئاماده‌یی پیشه‌یی هه‌یه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا كه‌ ژماره‌ی قوتابیانی ئه‌و قۆناغه‌ 12162قوتابی بووه‌، واته‌ هه‌ر قوتابخانه‌یه‌كی پیشه‌یی له‌هه‌رێمی كوردستاندا 405قوتابی به‌رده‌كه‌وێت. له‌م قۆناغه‌شدا قه‌ره‌باڵعی كه‌وتۆته‌ قوتابخانه‌كانی پارێزگای دهۆكه‌وه‌، كه‌ قوتابخانه‌یه‌كی 532 قوتابی به‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام له‌هه‌ولێر 414 قوتابی‌و له‌سلێمانی 348 قوتابی به‌رده‌كه‌وێت، هاوكات پارێزگای هه‌ولێر 3734قوتابی هه‌بووه‌ له‌9قوتابخانه‌دا، له‌سلێمانی 5233قوتابی له‌ 15قوتابخانه‌دا‌و له‌دهۆك 3195قوتابی له‌ 6قوتابخانه‌دا هه‌بوه‌.


كێشه‌ی زیادبوونی به‌ره‌وژوور قوتابیان له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی قۆناغه‌كاندا:
ئه‌گه‌ر سه‌رنجی سێ قۆناغی سه‌ره‌تایی‌و ناوه‌ندی‌و ئاماده‌یی بده‌ه‌ین كه‌ له‌مه‌وبه‌ر باسمكرد، ده‌بینین كه‌ ژماره‌ی قوتابیان له‌قوتابخانه‌كاندا به‌هێڵی به‌ره‌وژوور زیاد ده‌كات، واته‌ له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی قۆناغه‌كاندا ژماره‌ی قوتابی بۆقوتابخانه‌كان زیادده‌كات، له‌قۆناغی سه‌ره‌تایی له‌هه‌ر سێ پارێزگاكه‌دا 194 قوتابی بۆهه‌ر قوتابخانه‌یه‌كه‌، به‌ڵام له‌قۆناغی ناوه‌ندی هه‌ر قوتابخانه‌یه‌ك 296قوتابی به‌رده‌كه‌وێت، له‌قۆناغی ئاماده‌ییدا زیاترده‌كات‌و هه‌ر قوتابخانه‌یه‌ك 439قوتابی به‌رده‌كه‌وێت، هه‌روه‌ك له‌م وێنه‌یه‌ی لای خواره‌وه‌دا رونكراوه‌ته‌وه‌.

ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌ ده‌بوایه‌ ژماره‌ی قوتابیان له‌قۆناغی سه‌ره‌تایی له‌هه‌موویان زیاتر بوایه‌، چونكه‌ ئه‌و قۆناغه‌ شه‌ش ساڵه‌‌و دووقۆناغه‌كه‌ی تر یه‌كی سێ ساڵن، به‌ڵام هه‌روه‌ك له‌وێنه‌ی ژماره‌ سێ دا روونده‌بێته‌وه‌ ده‌بینین ژماره‌ی قوتابخانه‌كانی سه‌ره‌تایی زۆرتره‌ له‌ هه‌موو قۆناغه‌كانی دیكه‌، سه‌یری ئه‌م وێنه‌یه‌ی لای خواره‌وه‌ بكه‌:

كێشه‌ی كه‌می مامۆستا ناهه‌وسه‌نگی دابه‌شكردنیان:
ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر زۆریی مامۆستا له‌هه‌ندێك قۆناغ‌و قوتابخانه‌دا وه‌ك گرفتێك خرایه‌ڕوو، بۆچاره‌سه‌ركردنی ئه‌وه‌ش وه‌زاره‌ت‌و به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌كانی په‌روه‌رده‌ بڕیاریاندا له‌و قوتابخانانه‌دا كه‌ ژماره‌ی مامۆستا زۆره‌ دوومامۆستا بچنه‌ یه‌ك وانه‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌م شیكردنه‌وه‌ ئامارییه‌ رونده‌بێته‌وه‌ كه‌ گرفتی زۆریی مامۆستا له‌ئارادانییه‌، به‌ڵكو گرفتی ناهه‌وسه‌نگی دابه‌شكردنی مامۆستایان بۆقوتابیانه‌كان هه‌یه‌.

به‌جیاوازی قوناغه‌كانه‌وه‌ هه‌رمامۆستایه‌ك له‌هه‌رێمی كوردستاندا 16قوتابی به‌رده‌كه‌وێت‌و هه‌ر قوتابخانه‌یه‌كیش 235قوتابی به‌رده‌كه‌وێت، له‌باخچه‌ی ساوایاندا هه‌ر مامۆستایه‌ك 13قوتابی به‌رده‌كه‌وێت، له‌قۆناغی سه‌ره‌تایی 14‌و له‌دواناوه‌ندیی‌و ئاماده‌یی 22‌و له‌په‌یمانگادا 15‌و له‌ئاماده‌ییه‌ پیشه‌ییه‌كاندا 8 قوتابی بۆ یه‌ك مامۆستایه‌.

ئه‌گه‌ر ڕووكه‌شانه‌ سه‌یری ئه‌م رێژانه‌ بكه‌ین ده‌بینین تاڕاده‌یه‌ك رێژه‌كه‌ ئاساییه‌، چونكه‌ ژماره‌یه‌كی كه‌م قوتابی به‌ر مامۆستا ده‌كه‌وێت، به‌ڵام به‌هۆی ناهاوسه‌نگی‌و نایه‌كسانی دابه‌شكردنی مامۆستایان به‌سه‌ر قوتابخانه‌كاندا زۆر قوتابخانه‌ هه‌ڵاوسانی‌ هه‌یه‌ له‌ژماره‌ی مامۆستادا ئه‌وه‌تا م.كه‌مال نوری ـ به‌ڕێوبه‌ری په‌روه‌رده‌ی مه‌ڵبه‌ندیی سلێمانی له‌لاپه‌ڕه‌ 8ی‌ هاوڵاتی ژماره‌: 339دا ئاماژه‌ بۆئه‌وه‌ده‌كات كه‌ له‌ناوشاری سلێمانیدا نزیكه‌ی هه‌فتا قوتابخانه‌‌و خوێندنگه‌ مامۆستای بۆناگوازرێته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی مامۆستای زۆریان تێدایه‌‌و مامۆستا هه‌یه‌ چه‌ند وانه‌یه‌كی كه‌می به‌رده‌كه‌وێت له‌هه‌فته‌یه‌كدا. بێگومان ئه‌م كێشه‌یه‌ش ته‌نها په‌یوه‌ست نییه‌ به‌شاری سلێمانییه‌‌و ته‌نها وه‌ك نمونه‌یه‌ك ئاماژه‌م پێكردووه‌.

پوخته‌ی ده‌رئه‌نجامی شیكردنه‌وه‌ی ژماره‌یی ناوه‌نده‌كانی خوێندن:
1- گرفتی زۆری قوتابی: ئه‌گه‌ر به‌ روكه‌شانه‌ سه‌یری رێژه‌ی قوتابی بۆقوتابخانه‌كان بكه‌ین، ئاماژه‌یه‌كی ئیجابی ده‌بینین به‌وه‌ی كه‌ ژماره‌یه‌كی كه‌می قوتابی به‌ر قوتابخانه‌كان ده‌كه‌ون له‌ قۆناغه‌ جیاوازه‌كاندا، به‌ڵام له‌واقیعدا به‌وجۆره‌ نییه‌، چه‌ندین قوتابخانه‌ گرفتی زۆری قوتابیان به‌دوو یان سێ ده‌وامكردن چاره‌سه‌ركردوه‌، ژماره‌ی قوتابی له‌پۆله‌كاندا زۆره‌ سێ سێ له‌سه‌ر رحله‌یه‌ك داده‌نیشن، به‌جۆرێك كه‌ مامۆستایان ناتوانن به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كسان قوتابیان به‌شداری‌ پێبكه‌ن له‌وانه‌كاندا.

2- ژماره‌ی باخچه‌ی ساوایان له‌سێ پارێزگاكه‌دا كه‌مه‌‌و پێویستمان به‌1323 باخچه‌ی نوێ هه‌یه‌.

3- له‌هه‌رێمی كوردستاندا‌و له‌ قۆناغی سه‌ره‌تایی تا ئاماده‌یی ژماره‌ی قوتابیان له‌قوتابخانه‌كاندا به‌هێڵی به‌ره‌وژوور زیادده‌كات، واته‌ له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی قۆناغه‌كاندا ژماره‌ی قوتابخانه‌كان كه‌مده‌بێته‌وه‌ به‌وه‌ش ژماره‌ی قوتابی بۆقوتابخانه‌كان زیادده‌كات.

4- ژماره‌ی قوتابخانه‌كانی سه‌ره‌تایی زۆرتره‌ له‌هه‌موو قۆناغه‌كانی دیكه‌، به‌وه‌ش جۆرێك له‌ناهاوسه‌نگی دروستبووه‌ له‌نێوان ژماره‌ی قوتابخانه‌كانی قۆناغه‌كان.

5- ناهاوسه‌نگی هه‌یه‌ له‌دابینكردنی بینای قوتابخانه‌كان له‌ناوچه‌كاندا، به‌نمونه‌:
ا- پارێزگای دهۆك له‌زۆربه‌ی قۆناغه‌كاندا كه‌مترین قوتابخانه‌ی هه‌یه‌، بۆیه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر قوتابی به‌ر قوتابخانه‌كانی ده‌كه‌وێت به‌ به‌راورد به‌ پارێزگای هه‌ولێر‌و سلێمانی.

ب- له‌ قۆناغی ئاماده‌ییدا پارێزگای سلێمانی به‌راورد به‌هه‌ولێر‌و دهۆك قه‌ره‌باڵغترین قوتابخانه‌ی هه‌یه‌ هه‌ر قوتابخانه‌یه‌كی 496 قوتابی به‌رده‌كه‌وێت.

ج- له‌چه‌ندین ناوچه‌دا قوتابخانه‌ دروستكراوه‌ كه‌ ژماره‌ی قوتابی زۆر كه‌مه‌‌و له‌هه‌ندێك ناوچه‌شدا كه‌ ژماره‌ی قوتابی زۆری هه‌یه‌ قوتابخانه‌ی كه‌می تێدایه‌، ده‌یان گوند هه‌یه‌ كه‌ به‌هه‌موویان ژماره‌ی قوتابیه‌كانیان ناگاته‌ گه‌ره‌كێكی شاری سلێمانی كه‌چی له‌هه‌ریه‌ك له‌و گوندانه‌دا بینایه‌كی قوتابخانه‌ هه‌یه‌.

پێشنیاز:
ئه‌و پێشنیازه‌ی كه‌ ده‌مه‌وێت له‌رێگه‌ی خستنه‌ڕووی ئه‌م شیكردنه‌وه‌ ئامارییه‌وه‌ بیگه‌یه‌نێم ئه‌وه‌یه‌، كه‌ هیوادارم بۆساڵی نوێی 2008 وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ بودجه‌یه‌كی باشی بۆته‌رخانبكرێت به‌مه‌به‌ستی دانانی پلانی نوێ، به‌جۆرێك كێشه‌ی كه‌می قوتابخانه‌ له‌سه‌رجه‌م ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌پێویستیان به‌قوتابخانه‌ هه‌یه‌ چاره‌سه‌ربكرێت، هه‌روه‌ها مامۆستایان به‌شێوازێكی دادپه‌روه‌رارنه‌‌و یه‌كسان بنێردرێن بۆ قوتابخانه‌كان، به‌جۆرێك هه‌ر مامۆستایه‌ك وه‌ك هاورێكه‌ی، قوتابی به‌ربكه‌وێت‌و كێشه‌ی زۆریی مامۆستا له‌قوتابخانه‌كاندا روونه‌دات.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق