الخميس، 15 أبريل، 2010

به‌ڵێننامه‌ به‌ سواڵكه‌ره‌كان پڕمه‌كه‌نه‌وه‌‌و ده‌ستگیریان مه‌كه‌ن



هادی ئه‌مین
قه‌باره‌ی فۆنت بگۆڕه‌
دیارده‌ی سواڵكردن ئاماژه‌بی بوونی نه‌خۆشی و جیاكاری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌، له‌ هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كدا ئه‌و دیارده‌یه‌ بوونی هه‌بێت ئه‌وا ئاماژه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی كه‌ چه‌ند توێژێك له‌و كۆمه‌ڵگایه‌دا گرفتاری كێشه‌ن‌و پێویستیان به‌ چاره‌سه‌ره‌.

ئه‌و دیارده‌یه‌ش ساڵ به‌ساڵ له‌ هه‌رێمی كوردستان روووی له‌ زیادبوونه‌، له‌ چه‌ند ساڵی رابردوودا چاره‌سه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم بۆ ئه‌و دیارده‌یه‌ بریتیبووه‌ له‌ ده‌ركردنی بریاری قه‌ده‌غه‌كردنی سواڵكردن‌و ده‌ستگیركردنیان، ئه‌ویش به‌وه‌ی كه‌ به‌ڵێننامه‌یان پێ پڕده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌گه‌ر دوای ئه‌و به‌ڵێننامه‌یه‌ سواڵ بكات، ئه‌وا ده‌ستگیری ده‌كه‌ن‌و ده‌یده‌نه‌ دادگا، به‌ڵام بێگومان ئه‌و جۆره‌ دیاردانه‌ به‌و شێوه‌یه‌ چاره‌سه‌رنابێت، به‌ڵكو پێویستی به‌ چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی هۆكاری سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و دیارده‌یه‌یه‌.

ره‌نگه‌ هه‌ندێك سواڵبكات وه‌ك پیشه‌، هه‌ندێكیش به‌هۆی هه‌ژاری‌و زۆری كێشه‌كانییه‌وه‌ سواڵبكات، به‌ڵام نابێت ئه‌وه‌مان له‌بیربچێت كه‌ هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌و دیارده‌یه‌ قورسی ژیانی تاكه‌كه‌س‌و زۆری كێشه‌كانێتی، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی كه‌ سواڵكردن بووه‌ته‌ پیشه‌شیان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌به‌ر چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان په‌نایبانبردووه‌ته‌ به‌ر سواڵكردن، پاشان كه‌ له‌سه‌ری راهاتوون بووه‌ته‌ پیشه‌یان.

ئه‌وه‌ی زۆرناخۆشه‌‌و جه‌رگبڕه‌ له‌و دیارده‌یه‌دا، بوونی ژماره‌یه‌ك منداڵه‌ كه‌ خه‌ریكی سواڵكردنن له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان به‌قرچه‌ی گه‌رما‌و سه‌رمای زستان ده‌سوڕێنه‌وه‌، به‌راستی ئه‌ركی ده‌زگاكانی حكومه‌ته‌ چاره‌سه‌ری بنه‌ره‌تی بۆ ئه‌و كێشه‌یه‌ بدۆزێته‌وه‌، له‌وڵاتێكی خاوه‌ن نه‌وت‌ زۆر مایه‌ی شه‌رمه‌ ئه‌و منداڵانه‌ ده‌بینین سواڵده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ چی زه‌میرێكی به‌رپرسانه‌ كه‌ ئه‌و منداڵانه‌ ده‌بینن خه‌ریكی سواڵكردن‌و هه‌نگاوه‌ی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ نانێن بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان.

حكومه‌تی هه‌رێم كه‌ بودجه‌یه‌كی زۆر باشی هه‌یه‌ ده‌توانێت ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ربكات، ئه‌ویش نه‌ك به‌ بریاری گرتن‌و په‌یماننامه‌ پڕكردنه‌وه‌ پێیان، چونكه‌ بڕیارده‌كردن كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان چاره‌سه‌رناكات، به‌ڵكو به‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ په‌نا بۆسواڵكردن ده‌بن.

بۆ ئه‌و سواڵكه‌رانه‌ی كه‌ بێكارن با حكومه‌ت كاریان بۆ بدۆزێته‌وه‌ یان موچه‌ی بێكاریان پێبدات، به‌ڵام نه‌ك نه‌ودهه‌زار دینار، كه‌ ئێستا حكومه‌ت بۆ كه‌سانی خاوه‌ن پێداویستی تاییه‌ت مانگانه‌ ته‌نها 90 هه‌زار دیناریان پێده‌دات (ئه‌ویش به‌ سێ مانگ جارێك)، كه‌ ئه‌و موچه‌یه‌ به‌شی ژه‌مێكی خواردنی زۆرێك له‌به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان ناكات، به‌ڵكو ده‌بێت موچه‌یه‌ك بێت كه‌ پێی بژین‌و په‌نانه‌به‌رنه‌ر سواڵكردن.

له‌ هه‌ندێك ژنی سواڵكه‌رم بیستووه‌، كه‌ خاوه‌نی چه‌ند منداڵێكی بێ باوكه‌‌و كرێچیشه‌‌و هیچ ده‌رامه‌تێكی دیكه‌ی نییه‌، ئایا ئه‌وه‌ به‌ مووچه‌ی 90 هه‌زار دیناری مانگانه‌ ژیانی به‌ڕێوه‌ده‌ڕوات؟ له‌ هه‌ندێك سواڵكه‌رم بیستووه‌ كه‌ نه‌خۆشی قورسیان هه‌یه‌ ده‌بێت له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات چاره‌سه‌ربكرێن، ئایا ئه‌وه‌ به‌ مووچه‌ی 90 هه‌زار دیناری مانگانه‌ كێشه‌ی چاره‌سه‌رده‌بێت، له‌كاتێكدا كه‌ پاره‌‌و پولی ئه‌م وڵاته‌ له‌به‌رده‌ستی به‌رپرسانه‌‌و به‌ئاره‌زووی خۆیان جۆره‌ها عه‌مه‌لیاتی ته‌جمیلی‌و چاره‌سه‌ری پێده‌كه‌ن له‌ ئه‌وروپا‌و ئه‌مه‌ریكا، ئه‌ی بۆچی ئه‌و هاوڵاتیانه‌ بۆچاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان ناچاری سواڵكردن بكرێن.

ئه‌و جیاكارییه‌ گه‌وره‌یه‌ی له‌ ژیانی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌، قیامه‌تێك جیاوازی هێناوه‌ته‌ئاراوه‌، هه‌ندێك له‌ هاوڵاتیان له‌ جه‌هه‌نمی هه‌رێمه‌كه‌دا ده‌سوتێن‌و په‌ناده‌به‌نه‌ر هه‌ر شتێك كه‌ كه‌مێك له‌ ئارزاره‌كانیان كه‌مبكاته‌وه‌ ئه‌گه‌ر سواڵكردنیش بێت، له‌ولاشه‌وه‌ زۆرینه‌ی به‌رپرسان له‌ به‌هه‌شتی هه‌رێمه‌كه‌دا خه‌ریكی خۆشییه‌كانی ژیانن‌و به‌ ویستی خۆیان گه‌شت‌و سه‌فره‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌كه‌ن‌و ئه‌وه‌ی پێی بڵێن (كێشه‌ی كرێنشینی‌و بیێ كاره‌بایی‌و بێ ئاوی‌و پیسی ئاوی خواردنه‌وه‌‌و نه‌خۆشی قورس...) پێی ئاشنانیین.

بۆیه‌ ده‌ڵێم تكایه‌ به‌ڵێننامه‌ به‌ سواڵكه‌ره‌كان پڕمه‌كه‌نه‌وه‌‌و ده‌ستگیریانمه‌كه‌ن، به‌ڵكو چاره‌سه‌ری بنه‌ره‌تی كێشه‌كانیان بكه‌ن، چونكه‌ بوجه‌ زه‌به‌لاحه‌كه‌ی ئه‌م هه‌رێمه‌ توانای چاره‌سه‌ری هه‌یه‌ بۆ كێشه‌ی هه‌موو سواڵكه‌رانی جیهان، نه‌ك كێشه‌ی سواڵكه‌رانی هه‌رێمی كوردستان.

هادی ئه‌مین ـ رۆژنامه‌نووس‌و توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی
hadi.ameen@gmail.com
Pring                          page


بۆچوونه‌کان
عبدالرحمن فقى محمد

ده‌ستخوش، له‌جیاتی ئه‌و داماوانه‌ی تۆ له‌سه‌ریان هه‌لئه‌ده‌یتێ‌، من به‌قوربا نی هه‌موو به‌نجه‌نكانت بم.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق