الخميس، 15 أبريل، 2010

چوار حزبه‌ كوردستانییه‌كه‌ رۆڵی نوسه‌رێك ده‌بینن، نه‌ك كۆمه‌ڵی فشار



هادی ئه‌مین
قه‌باره‌ی فۆنت بگۆڕه‌
بۆچی سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی هه‌رێم له‌باره‌ی یاداشت‌و پڕۆژی چاكسازییه‌كه‌ی پارساڵی چوار حزبه‌كه‌ شتێكی به‌رچاوی ئه‌وتۆیان نه‌كردووه‌؟ من پێموایه‌ یاداشت‌و راپۆرته‌كانیان جدی‌و به‌عه‌زم نییه‌ بۆیه‌ كاری بۆ نه‌كراوه‌، ده‌بینین له‌م راپۆرته‌ نوێیه‌شیاندا ئه‌وه‌یان دیارینه‌كردووه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م راپۆرته‌شیان به‌ده‌ردی یاداشت‌و پرۆژه‌ چاكسازییه‌كه‌ی پارساڵیان رۆیشت چیده‌كه‌ن‌و چ كارتێكی فشار به‌كاردێنن، بۆیه‌ راپۆرته‌كه‌یان له‌رۆڵی نوسه‌ر یان رۆژنامه‌نوسێك ته‌جاوه‌زی نه‌كردووه‌.

چوار حزبه‌ كوردستانییه‌كه‌ پارساڵ یاداشت‌و پرۆژه‌ چاكسازییان پێشكه‌شكرد به‌ سه‌رۆكایه‌ته‌تی هه‌رێم‌و سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت، ڕۆژی (10-1) له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا راپۆرتێكیان خسته‌ڕوو له‌باره‌ی تێبینیان له‌سه‌ر سیستمی حوكمڕانی هه‌رێم‌و دیاریكردنی كێشه‌كان‌و پێشنیاری چاره‌سه‌ر بۆیان.

كاتێك راپۆرته‌ نوێیه‌كه‌یان ده‌خوێنیته‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ هه‌وڵێكی باشه‌ به‌ ئاراسته‌ی قسه‌كردنی ورد له‌سه‌ر كێشه‌كان، به‌ڵام من پێموایه‌، ئه‌و چوار حزبه‌ رۆڵی نوسه‌ر یان رۆژنامه‌نوسێك ده‌بینن، نه‌ك رۆڵی چوار رێكخراوی خاوه‌ن تواناكانی فشار.

چوار حزبه‌ كوردستانییه‌كه‌ كه‌ پێكهاتوون له‌ (یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان، حزبی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان، حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان، كۆمه‌ڵی ئیسلامی كورستان) به‌شدارن له‌ په‌رله‌مان‌و حكومه‌تی هه‌رێم، وه‌ك حزب‌و رێكخراو چه‌ندین كارتی فشاریان له‌به‌رده‌ستدایه‌‌و ده‌توانن به‌كاری بهێنن، ئه‌وان نزیكه‌ی 17%ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌‌و چه‌ندین وه‌زاره‌تیان هه‌یه‌، ده‌یانتوانی بڵێن ئه‌گه‌ر ئه‌م راپۆرته‌شمان به‌ده‌ردی ئه‌وانی پێشوو چوو، ئه‌وا له‌ په‌رله‌مان یان له‌ حكومه‌ت ده‌كشێینه‌وه‌...

ئه‌گه‌ر راپۆرته‌كه‌یان بخوێنینه‌وه‌ هیچ شتێكی نوێ نابینین له‌وه‌ی كه‌ نوسه‌ران‌و رۆژنامه‌نوسان له‌ میدیاكاندا ئاماژه‌یان پێداوه‌، به‌ڵكو هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئه‌و چوار حزبه‌ خستویانه‌ته‌ڕوو له‌ راپۆرته‌كه‌یاندا چه‌ندین وتار‌و به‌دواداچوونی رۆژنامه‌وانیان له‌سه‌ركراوه‌.

ئه‌وان له‌ راپۆرته‌كه‌یاندا له‌باره‌ی باشكردنی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، ئه‌وه‌یانخستووه‌ته‌ڕوو كه‌ پێویسته‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌ دامه‌زراوه‌ بكرێت‌و ئه‌نجومه‌نێكی ئاسایش له‌هه‌رێمدا دابمه‌زرێت بۆ دیاریكردنی هێڵه‌كانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی له‌ هه‌رێمی كورددستان.

ئه‌م داواكارییه‌ زۆرێك له‌ نوسه‌ران‌و رۆژنامه‌نوسان خستویانه‌ته‌ڕوو، شتێكی نوێ نییه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر چوار حزبه‌كه‌ ئه‌م داواكارییه‌ له‌گه‌ڵ كارتێكی فشاردا بخه‌نه‌ڕوو، ئه‌وا سه‌نگ‌و قورسایی خۆی ده‌بوو، سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش به‌جدی وه‌ریانده‌گرت‌و كاریان بۆ ده‌ركرد.


هه‌روه‌ها چوار حزبه‌كه‌ له‌ راپۆرته‌كه‌یاندا داوایانكردووه‌: سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌یدا ده‌ست له‌ ئه‌رك‌و به‌رپرسیارێتییه‌ حزبییه‌كانی هه‌ڵبگرێت، لایه‌نی چاودێری‌و لێپێچینه‌وه‌ی په‌رله‌مان چالاكبكرێت، هه‌ڵبژرادنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ كاتی خۆیدا جێبه‌جێبكرێت، ده‌ستوری هه‌رێم له‌سه‌ر بنه‌ما گرنگه‌كانی به‌رژه‌وه‌ندی نیشتیمانی‌و دیموكراتی په‌سه‌ندبكرێت، ده‌سه‌ڵات‌و ئۆپۆزسیۆن رێكبخرێت‌و بواری كاریان بۆ بڕه‌خسێت، ده‌ستی حزب له‌ حكومه‌ت دوربخرێته‌وه‌، ئه‌و وه‌زاره‌ت‌و ده‌زگایانه‌ یه‌كبگره‌نه‌وه‌ كه‌ تائێستا یه‌كیاننه‌گرتووه‌ته‌وه‌.

هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه‌ ئه‌و چوار حزبه‌ پێشنیاریانكردوه‌، نوسه‌ران‌و رۆژنامه‌نوسان‌و روماڵیانكردووه‌‌و خه‌ڵكیش له‌باره‌یانه‌وه‌ شتێك ده‌زانن. چوار حزبه‌كه‌ كۆمه‌ڵی فشارن‌و چه‌ندین كارتیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، بۆیه‌ چوار حزبه‌كه‌ ده‌بێت وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ بده‌نه‌وه‌ كه‌: بۆچی كارته‌كانی فشار به‌كارناهێنن‌و رۆڵی ته‌نیا نوسه‌ر‌و رۆژنامه‌نوسێك ده‌بینن؟

خه‌ڵك بۆیه‌ بووه‌ته‌ جه‌ماوه‌ری ئه‌و حزبانه‌ تا كۆمه‌ڵی فشار دروستبكه‌ن، كه‌چی له‌ كۆتایی راپۆرته‌كه‌یاندا چوار حزبه‌كه‌ ئه‌ركه‌كه‌یان خستووه‌ته‌وه‌ سه‌ر رای گشتی‌و نوسیویانه‌: "ئه‌م راپۆرته‌ كورته‌ی تێگه‌یشتن‌و تێڕوانین‌و پێشنیازی ئه‌م چوار حزبه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان. كه‌ ده‌یخه‌ینه‌ به‌رده‌م رای گشتی له‌ هه‌رێمی كوردستان".
Hadi.ameen@yahoo.com
Pring                          page


بۆچوونه‌کان
خوينه ريك

ده‌سه‌ڵاتیك خه‌لك به‌وشیاری‌‌و دووربینیه‌وه‌ داینه‌نابیَت، به‌هیچـشیوه‌یه‌ك حساب بۆ خه‌لكه‌كه‌ی‌ ناكات، دوورنیه‌ داواكاری‌ خه‌لكه‌كه‌ بكه‌ن به‌نوكته‌و قه‌شمه‌ریات، وه‌ك چه‌ن دساڵیَكه‌ كه‌ناله‌ئاسمانیه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵات خه‌لكیان مه‌شغولكردوه‌ به‌یاریكردن به‌داواكاریه‌كانیانه‌وه...

soran

کاک هادی واده‌زانی که‌ کوردستان ئه‌وروپایه‌و پێشمه‌رگه‌‌و ئاسایش‌و ڕاگه‌یاندن‌و داهاتی کوردستان هی میلله‌ته‌‌و ئه‌و دوو حیزبه‌ زۆر یاساییانه‌ کارده‌که‌ن.

باشه‌ چی ده‌بێت ئه‌گه‌ر ئه‌م چوار حیزبه‌ به‌شداری پێکهاته‌ی ده‌وڵه‌ت نه‌که‌ن؟ ئه‌ندامانیان له‌ زیندانه‌کاندا توندده‌کرێن‌و زۆر به‌ئاسانی چه‌ندیین تۆمه‌تیان بۆ دروستده‌کرێت له‌سه‌ر ڕه‌خنه‌گرتنیان له‌ ده‌سه‌ڵات، زۆرێکیش له‌ نوسه‌ره‌ به‌ڕێزه‌کانیشمان ئۆباڵ بۆ ده‌سه‌ڵات ده‌کێشێت‌و به‌ تایبه‌تی ئیسلامییه‌کان به‌ نۆکه‌ری عه‌رب له‌لایه‌ک‌و ئێران له‌لایه‌کی تره‌وه‌ و به‌ کۆنه‌په‌رستیش داده‌نرێت.
پاره‌یان ده‌بڕدرێت ئه‌مه‌ش بێتوانایان ده‌کات به‌رامبه‌ر به‌ دوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار که‌ به‌بێ هیچ لێپێچینه‌وه‌یه‌ک هه‌موو سامانی کوردستان بۆ خۆیان دابه‌شده‌که‌ن. زۆر سه‌یره‌ به‌لامه‌وه‌ خه‌ڵکی ڕۆشنبیری کوردستان ئه‌و وڵاته‌یان وه‌ک ڕۆژئاوا دێته‌پێشچاو‌و واقیعی کوردستان نابینن

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق