الخميس، 15 أبريل، 2010

میوه‌ له‌بری پسكیت‌و شیره‌مه‌نی فرۆشگای قوتابخانه‌كان


هادی ئه‌مین


ئه‌گه‌ر سه‌ردانێكی فرۆشگای قوتابخانه‌كان بكه‌ین‌و له‌ نیزكه‌وه‌ سه‌رنجی ئه‌و خوارده‌مه‌نییانه‌ بده‌ین كه‌ قوتابیان ده‌یانكڕن، ئه‌وا ده‌بینین بڕێكی زۆر بابه‌تی ناو نایلۆن‌و كه‌پسكراو هه‌یه‌، هه‌ر یه‌كێیان هی كۆمپانیایه‌كه‌..

من خۆم سه‌یری چه‌ند كێك‌و پسكیت‌و شه‌ربه‌ت‌و شیرینیه‌كم كردووه‌‌و تاقیمكردوونه‌ته‌وه‌، هه‌ندێكیان بۆن‌و تامیان ناخۆش‌و نائاساییه‌، به‌ڵام له‌سه‌ری نوسراوه‌ تا ساڵی 2011 به‌سه‌رناچێت! بۆیه‌ من گومانم هه‌یه‌ له‌و به‌روارانه‌ی له‌سه‌ریان نوسراوه‌.

بوونی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ له‌ پسكیت‌و كێك‌و بنێشت‌و شه‌ربه‌ت‌و قاوه‌ وایكردووه‌ ترسێكمان لادروستبێت له‌سه‌ر جۆری ئه‌و خوارده‌مه‌نییانه‌، ترسه‌كه‌شمان له‌سه‌ر ته‌ندروستی قوتابیانی بنه‌ڕه‌تییه‌، چونكه‌ قوتابیانی بنه‌ڕه‌تی سه‌یری به‌روارو كاتی به‌سه‌رچوون ناكه‌ن، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ گومانده‌كرێت به‌راوری به‌سه‌رچوونه‌كان راستنه‌بن، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا چاودێرییه‌كی ورد نییه‌ له‌سه‌ر هێنانی بابه‌ته‌كان.

بۆ رزگاربوون له‌ زیانه‌كانی ئه‌و هه‌موو شیرینی‌و قاوانه‌ له‌سه‌ر باری ته‌ندروستی قوتابیان، هه‌ر له‌ ناخاوێنی بابه‌ته‌كان تا دروستكردنی كێشه‌ی ده‌مودان بۆ قوتابیان‌و قه‌ڵه‌بوونیان به‌ خواردنی شیرنی، پێشنیازده‌كه‌م له‌ فرۆشگای قوتابخانه‌كان میوه‌دابنرێت له‌بری ئه‌و چه‌ند جۆر پسكیت‌و كێك‌و شه‌ربه‌تانه‌...

لای هه‌مووان ئاشكرایه‌ كه‌ میوه‌ چه‌ند سوودی هه‌یه‌ بۆ مرۆڤ، هه‌ر له‌ یارمه‌تیدانی هه‌رسكردن‌و بوونی ڕێژه‌یه‌كی باش له‌ ڤیتامینی تیایاندا تا سوودگه‌یاندنی به‌ ددانه‌كان‌و....

ده‌كرێت چه‌ند دانه‌یه‌ك له‌ میوه‌ به‌ 250دینار بدرێت به‌ قوتابیان، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ قوتابیان رابهێنین له‌سه‌ر بابه‌ته‌ سورشتییه‌كان، نه‌ك ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ نازانرێت به‌رهه‌می چ كۆمپانیایه‌كه‌‌و چۆن دورستكرون.

هیوادارم وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌‌و به‌ڕێوبه‌رایه‌تی‌و قوتابخانه‌كان كاربكه‌ن به‌م پێشنیاره‌.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق