الخميس، 15 أبريل، 2010

بۆچی یه‌كێتی سلێمانی له‌ده‌ستدا؟!



هادی ئه‌مین
قه‌باره‌ی فۆنت بگۆڕه‌
دوای هه‌ڵبژاردنی 25ی ته‌موز چه‌ند بابه‌تێك بووه‌ته‌ جێگه‌ی سه‌رنجی میدیا‌و ناوه‌نده‌ جیاجیاكان، له‌وانه‌ش رێژه‌ی كورسییه‌كانی لیستی گۆران‌و خاوبوونه‌وه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه‌ی یه‌كێتی له‌بنكه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی خۆیدا.

ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌ریانخست، سلێمانی كه‌ هه‌رێمی كاری یه‌كێتییه‌ له‌ده‌ست یه‌كێتی ده‌رچووه‌‌و چووه‌ته‌ ده‌ست لیستی گۆڕانه‌، له‌ په‌رله‌مانیش لیستی گۆڕان 25 كورسی به‌ده‌ستهێناوه‌، لیستی كوردستانیش 59 كورسی، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا له‌ هه‌ڵبژاردنی 2005دا پارتی‌و یه‌كێتی یه‌كی 39 كورسی په‌رله‌مانیان هه‌بووه‌، واته‌ له‌ په‌رله‌مانی ئه‌مجاره‌دا جیاوازی نێوان لیستی گۆڕان‌و هه‌ر یه‌ك له‌ پارتی‌و یه‌كێتی ته‌نها چوار كورسییه‌!؟ ئه‌و لیستی گۆڕانه‌ی كه‌ ته‌نها سێ مانگ خه‌ڵكی ئاشنابووه‌ پێی!

ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌ره‌نجه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سلێمانی له‌ شاری یه‌كێتییه‌وه‌ بووه‌ته‌ شاری گۆڕان، ئه‌مه‌ش چه‌ندین هۆكاری هه‌یه‌‌و ده‌كرێت خوێندنه‌وه‌ی جیاجیا بۆ ئه‌و شكسته‌ بكرێت‌و په‌ندی لێوه‌ربگیرێت.

به‌رای من هۆكاری ئه‌و له‌ده‌ستدانه‌ی یه‌كێتی له‌م خاڵانه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه‌:

1- یه‌كێتی له‌ سلێمانی زیاتر به‌ڵێنی هه‌یه‌ وه‌ك له‌ كردار، سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ جیاجیاكاندا به‌ڵێنیكی زۆر به‌خه‌ڵكی ده‌ده‌ن، به‌ڵام پاشان هیچی لێ سه‌وزناكه‌ن.

بۆ نموونه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی 2005 به‌ڵێنیاندا به‌ خه‌ڵكی دانیشتوانی شوقه‌كانی قالاوه‌ كه‌ زه‌وی‌و پێشینه‌ی خانویان پێبدرێت، له‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی ته‌مووزی 2009شدا هه‌مان به‌ڵیانیان دایه‌وه‌ به‌ خه‌ڵكی ئه‌و شوقانه‌!

هاوڵاتییه‌كی دانیشتوانی ئه‌و شوقانه‌ بۆی باسكرد كه‌ عیماد ئه‌حمه‌د ـ جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت، كۆبوونه‌وه‌ی پێ كردوون‌و به‌ڵێنیداوه‌ پێیان كه‌ زه‌وی‌و پێشینه‌ی خانویان پێبدات، منیش له‌و براده‌ره‌م پرسی جا باوه‌ڕاتان به‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌و به‌ڵێنه‌ هه‌یه‌؟ ئه‌و وتی: نه‌وه‌ڵا به‌هیچ جۆرێك باوه‌ڕمان پێی نییه‌، ئه‌وان ئێمه‌ به‌ چی ده‌زانن، له‌هه‌ڵبژاردنی 2005یشدا هه‌مان به‌ڵێنیان پێداین!

بۆ رۆژێك دوای ئه‌و گفتوگۆیه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌و هاوڵاتییه‌كدا، رۆژنامه‌ی (كوردستانی نوێ) م كڕی، سه‌یرمكرد له‌ مانشێتی رۆژنامه‌كه‌دا نوسراوه‌ جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌ڵێنیداوه‌ به‌ دانیشتوانی شوقه‌كانی قالاوه‌‌و... كه‌ زه‌وی‌و پێشینه‌ی خانویان پێبدات.

منیش ئه‌و رۆژنامه‌یه‌م دایه‌ هاوڵاتییه‌كه‌ی دانیشتوی شوقه‌كانی قالاوه‌، وتم ئه‌وه‌تا به‌ڵێنه‌كه‌یان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، هاوڵاتییه‌كه‌ رۆژنامه‌كه‌ی لێوه‌رگرتنم، به‌ڵام وتی به‌خوا باوه‌ڕم به‌ به‌ڵێنه‌كانیان نییه‌.

ئه‌وه‌ی باسمكرد ته‌نها وه‌ك نموونه‌یه‌كه‌‌و كاریگه‌رییه‌ سلبییه‌كه‌ی ته‌نها له‌سه‌ر دانیشوانی ئه‌و شوقانه‌ نییه‌، به‌ڵكو ئه‌و حاڵه‌ته‌ كارده‌كاته‌سه‌ر ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ خه‌ڵكی، وه‌ك نموونه‌یه‌كی سلبی ده‌بێت له‌سه‌ر ئاستی متمانه‌ی خه‌ڵكی به‌ به‌رپرسانی یه‌كێتی، بێگومان چه‌ندین به‌ڵێنی دیكه‌ی له‌وجۆره‌ش هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر به‌دواداچوونی بۆ بكرێت.

2- یه‌كێكی دیكه‌ له‌ هۆكاره‌كانی شكستی یه‌كێتی له‌ سلێمانیدا، جیاوازی نێوان توێژه‌ جیاجیاكانی سلێمانییه‌، كه‌ كاریگه‌ری خۆی هه‌یه‌ له‌سه‌ر لاوازبوونی متمانه‌ی خه‌ڵك به‌ یه‌كێتی‌و به‌رپرسانی ئه‌و حیزبه‌.

بۆ نموونه‌، خه‌ڵك ده‌بینێت كۆمه‌ڵێك به‌رپرس سه‌رقاڵی رازاندنه‌وه‌ی گرد‌و ڤێلا‌و عیماره‌‌و كۆمپانیا بازرگانییه‌كانیانن، له‌ولاشه‌وه‌ خه‌ڵك له‌ خانوی‌و كرێ‌و قورسی ژیاندا گیرۆده‌ن، ته‌نانه‌ت ده‌بینن ئه‌م جیاوازیییه‌ چووته‌ قیامه‌تیشه‌وه‌‌و له‌نێو شه‌هیده‌كانیشدا جیاكاری كراوه‌، ده‌بینن "واریسی شه‌هیدانی سه‌ركرده‌" نازدارترن‌و ئیمتیازی باشتریان پێ ده‌درێت له‌ شه‌هیدانی ناسه‌ركرده‌؟!

3- هۆكارێكی دیكه‌ پشتگوێخستنی هاوڵاتیان‌و دابڕانی خه‌ڵكی شاری سلێمانییه‌ له‌ به‌رپرسانی یه‌كێتی، خه‌ڵكی ناتوانن به‌ ئاسانی به‌رپرسانی یه‌كێتی له‌سلێمانی ببینن، كاتێك هاوڵاتی ده‌یه‌وێت یه‌كێكیان ببینێت، به‌رده‌ست‌و سكرتێری به‌رپرسه‌كان به‌ بیانوی جیاجیا خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ڕێده‌كه‌ن، ده‌مێك ده‌ڵێن جه‌نابی به‌رپرس سه‌رقاڵه‌، ده‌مێك ده‌ڵێن داواكاری‌و كێشه‌كه‌ت بنوسه‌‌و ژماره‌ ه‌له‌فۆنه‌كه‌تی له‌سه‌ر بنوسه‌، خۆمان ده‌یده‌ینه‌ ده‌ستی‌و ته‌له‌فۆنت بۆ ده‌كه‌ینه‌وه‌.

ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ هاوڵاتیان چاوه‌ڕوانی ته‌له‌فۆنی سكرتێری به‌رپرسه‌كانن له‌باره‌ی ئه‌و داواو كێشانه‌ی كه‌ له‌مه‌وبه‌ر راده‌ستی سكرتێره‌كان كراوه‌.

له‌به‌رئه‌وه‌ی خه‌ڵكی به‌زه‌حمه‌ت ده‌توانێت راسته‌وخۆ به‌رپرسه‌كان ببینێت، بۆیه‌ په‌ناده‌به‌نه‌به‌ر رۆژنامه‌كان‌و له‌ڕێی رۆژنامه‌كانه‌وه‌ داواو سكاڵای خۆیان ده‌نوسن، به‌ڵام ئه‌وه‌ش بێسووده‌، له‌چه‌ند رۆژنامه‌نوسێكم پرسی كه‌ له‌لاپه‌ڕه‌ی سكاڵای هاوڵاتیان له‌ رۆژنامه‌كانیان كارده‌كه‌ن، ئایا به‌رپرسان هیچ وه‌ڵام‌و كۆمێنتێكیان هه‌یه‌ بۆ داوا‌و سكاڵای هاوڵاتیان، وتیان به‌ده‌گمه‌ن!

پێموایه‌ گۆڕینی هه‌موو سكرتێر‌و ئه‌و ده‌موچاوانه‌ی كه‌ كۆنتاكتیان له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی هه‌یه‌، پێداچوونه‌وه‌یه‌كی باشه‌ به‌كاره‌كانی یه‌كێتیدا له‌ سلێمانی، چونكه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ خاڵی كۆنتاكتی نێوان به‌رپرس‌و خه‌ڵكن‌و به‌شێك له‌ به‌رپرسیارێتی شكستی یه‌كێتی له‌ سلێمانی ئه‌ستۆی ئه‌وانه‌.

بۆ هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ی كه‌ ده‌یانه‌وێت په‌ندوه‌ربگرن له‌ یه‌كێتی‌و ئه‌و شكسته‌یان به‌سه‌ر نه‌یت، ده‌بێت ره‌چاوی ئه‌وه‌بكه‌ن كه‌ كرداریان زیاتر بێت له‌ به‌ڵێنیان، جیاوازی درستنه‌كه‌ن له‌نێوان خۆیان‌و توێژه‌ جیاجیاكان، پشت له‌داوای خه‌ڵكی نه‌كه‌ن‌و سكرتێری خراپ‌و ئیهمال نه‌كه‌نه‌ خاڵی كۆنتاكتی نێوان خۆیان‌و خه‌ڵكی.
Pring                          page


بۆچوونه‌کان
سه‌رهه‌نگ قه‌ره‌نی

به‌ڕێز کاك هادی وتاره‌که‌ت له‌ جێی خۆیه‌تی و ئه‌و خاڵانه‌ی ئاماژه‌ت پێداوه‌ زۆر ڕاسته‌و له‌ واقێعدایه‌ ، به‌ ڕای خۆم که‌ له‌زۆر هاوڵاتیان ئه‌یبیستم که‌ ئه‌ڵێن شاری سلێمانی و هه‌ولێر هیچ جیاوازیه‌کی نیه‌ چونکه‌ هه‌ردوکیان جێ نشینی کوردن وه‌ زۆر پێخۆشحاڵین که‌ شاری هه‌ولێر له‌ جاده‌و بان و شێوه‌ی معماریه‌وه‌ پێشکه‌وتووه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی ته‌رخان کراوه‌ بۆ هه‌ردو شاره‌که‌ وه‌کو یه‌کن به‌ڵام بۆچی سلێمانی دواکه‌وتوه‌ له‌و لایه‌نه‌وه‌ ، ئایا هه‌مه‌ هۆیه‌کی دیکه‌ نیه‌ که‌ یه‌کێتی ده‌نگی شاری هه‌ڵمه‌ت و قوربانی نه‌هێنا زۆر سوپاس

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق