الخميس، 15 أبريل، 2010

كۆمه‌ڵگه‌‌و دوورینی به‌رگی كه‌سایه‌تی لاواز‌و شكستخواردوو بۆ ئه‌ندامه‌كانی


هادی ئه‌مین

كۆمه‌ڵگه‌ له‌رێگه‌ی دامه‌زاروه‌كانییه‌وه‌ ئه‌ركی به‌كۆمه‌ڵایه‌تیكردن‌و په‌روه‌رده‌كردن له‌بواره‌كانی ژیاندا جێبه‌جێده‌كات، ئه‌ویش به‌مه‌به‌ستی ڕاهێنانی تاك بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ژیان‌و به‌رده‌وامیـپـێدانی، تا به‌ئاسانی بگونجێن له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌دا.

كۆمه‌ڵگه‌ له‌رێگه‌ی دامه‌زراوه‌كانییه‌وه‌ ته‌نها بنه‌ماكانی ژیانی ناگوێزێته‌وه‌و بۆ تاكه‌كان، به‌ڵكو بارگاویده‌كات به‌ ده‌سته‌واژه‌ی سه‌ركه‌وتوو یان شكستخواردوو. بڕیاری كۆمه‌ڵگه‌ به‌سه‌ر تاكه‌كاندا له‌رێگه‌ی دامه‌زراوه‌كانی (خێزان، په‌روه‌رده‌، راگه‌یاندن...) به‌وه‌ی كه‌ فلان كه‌س ناچالاكه‌‌و فلان ته‌مه‌ڵه‌، به‌كارهێنانی ته‌مه‌ڵ یان هیچ له‌بارنه‌بوو، بۆ ئه‌وكه‌سانه‌ی كه‌ له‌یه‌كێك له‌بواره‌كانی ژیان دواده‌كه‌ون، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ره‌تاكانی ژیاندا به‌كارهێنانی بۆ منداڵ زۆر كاریگه‌ری سلبی ده‌بێت، ئه‌ویش به‌وه‌ی له‌لایه‌ن دایك‌و باوك‌و ده‌روبه‌روه‌ سه‌ركۆنه‌ی منداڵه‌كه‌ ده‌كرێت، وا له‌قه‌ڵه‌مـده‌درێت كه‌ كه‌سێكی بێتوانایه‌ ته‌مه‌ڵ‌و شكستخواردووه‌ له‌ته‌واوكردنی خوێندن‌و په‌راوه‌كردنی ژیاندا.

كه‌ له‌پاشان ئه‌و تاكانه‌ په‌ڕاوێزده‌خرێن له‌سه‌ر بنه‌مای ڕاده‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی تاك بۆ هه‌ندێك چالاكی رۆژانه‌، ئه‌وه‌ش بڕیارێكی ساده‌نییه‌، به‌ڵكو كارده‌كاته‌سه‌ر ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی تاك‌و وایلێده‌كات كه‌ متمانه‌به‌خۆبوونی لاوازبێت‌و دواجار بچێته‌ ئه‌و به‌رگه‌وه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ بۆی دووریه‌وه‌، واته‌ به‌رگی ته‌مه‌ڵی، به‌رگی سه‌رنه‌كه‌وتوو، گێژ، شكستواردوو...

دواكه‌وتن له‌ بوارێك له‌بواره‌كانی ژیان دیارده‌یه‌كی مرۆیی فره‌ڕه‌هه‌نده‌، ته‌نها په‌یوه‌ستــنییه‌ هۆكاری تاكییه‌وه‌، به‌ڵكو چه‌ندین هۆكاری بابه‌تییش رۆڵی هه‌یه‌ تیادا، به‌ڵام ته‌لقینی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ تاكه‌كان به‌وه‌ی كه‌ شخستخواردوو ته‌مه‌ڵه‌، وره‌‌و بڕوابه‌خۆبوونی تاك تێكده‌شكێنێت‌و هه‌ستێكی وای لادروستده‌كات، كه‌ ئه‌و مرۆڤێكی بێ ئیراده‌ی‌و شكستخواردووه‌. بۆیه‌ دواكه‌وتن له‌بوارێكدا سه‌رده‌كێشێت بۆ دواكه‌وتن له‌بواره‌كانی دیكه‌ش.

بۆنموونه‌ دواكه‌وتن له‌خوێندن لای منداڵێك سه‌رده‌كێشێت بۆ وازهێنان له‌خوێندن‌و پاشان ناوزه‌ندده‌كرێت به‌كه‌سێكی ته‌مه‌ڵ.

ئه‌گه‌ر له‌ڕوانگه‌یه‌كی سۆسیۆلۆژییه‌وه‌ بڕوانینه‌ ئه‌م دیارده‌یه‌، ئه‌وا ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی كه‌ هه‌ندێك هۆكاری شكست‌و سه‌ركه‌وتن دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیی‌و بابه‌تییه‌، چونكه‌ هه‌‌موو مرۆڤێكی ئاسایی توانای فێربون‌و گه‌‌شه‌‌كردنی هه‌‌یه‌‌، به‌‌ڵام پێویسته‌‌ جۆری ئه‌‌و توانایه‌‌‌ له‌‌لایه‌‌ن داموده‌‌زگاكانی كۆمه‌ڵگه‌وه‌ دیاریبكرێت‌و ئاڕاسته‌بكرێت، ئه‌گه‌رچی جیاوازی هه‌یه‌ له‌كاتی وه‌رگرتنی شاره‌زایی‌و زانیارییه‌كاندا، هه‌ندێك به‌كاتێكی كه‌م بڕێك شاره‌زایی وه‌رده‌گرێت، هه‌ندێكیش به‌كاتێكی زیاتر، به‌ڵام به‌پێی توێژینه‌وه‌ نوێیه‌كان هه‌‌موو كه‌‌سێك به‌‌توانایه‌‌ له‌بوارێكدا، ئه‌‌گه‌‌ر بێتوو رێگای بۆ خۆشبكرێت.

بۆیه‌ له‌بنه‌ره‌تدا كه‌سی سه‌ركه‌وتوو شكستخواردوو بوونی نییه‌، به‌ڵكو ئه‌‌و بارودۆخه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌و بابه‌تییانه‌ی كه‌ هه‌یه‌تی ده‌‌بێته‌‌هۆی سه‌‌ركه‌‌وتن یان دواكه‌وتن واته‌ هۆكار‌و كێشه‌ كۆمه‌لایه‌تی‌و بابه‌تییه‌كان به‌رپرسی یه‌كه‌من، نه‌ك هۆكاره‌ ده‌روونییه‌كان‌و تاكییه‌كان.

كۆمه‌ڵناسی ئیتاڵی ئه‌لفرێد په‌ریتۆ (1848-1923) جه‌ختده‌كاته‌سه‌ر (زۆری بێسوود‌و كه‌می كاریگه‌ر). ئه‌و ده‌ڵێت كاروباری كۆمه‌ڵگه‌ ته‌نها له‌لایه‌ن كه‌مینه‌ی سه‌ركه‌وتووانه‌وه‌ ده‌برێتبه‌ڕێوه‌. ئه‌مه‌شی له‌ئه‌نجامی تێبینیكردنه‌وه‌ وه‌رگرت، له‌كاتی خۆیادا تێبینیكرد كه‌ 80%ی موڵكه‌كان له‌ئیتاڵیا، موڵكی 20%ی دانیشتوانی ئیتاڵیان.

له‌ئه‌نجامدا په‌ریتۆ كۆمه‌ڵگه‌ ده‌كات به‌دوو به‌شه‌وه‌: (ده‌سته‌بژێر، سه‌ركه‌وتووان)‌و (گشت‌و ناسه‌ركه‌وتوان). ئه‌مه‌شی ده‌گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ جیاوازی تاكی‌و ده‌رونی بۆیه‌ هه‌ندێك تیۆرییه‌كه‌ی به‌تیۆری بایۆلۆژی ده‌رونی له‌قه‌ڵمده‌ده‌ن.

په‌ریتۆ ده‌ڵێت مرۆڤه‌كان جیاوازن، ئه‌ویش به‌هۆی جیاوازییان له‌ ڕه‌واسبی بۆماوه‌یی تاك وه‌ك (هێزی عه‌قڵی، ڕه‌وشتی، فیزیكی، كه‌سی، تواناییه‌كان، لێهاتوویه‌كان، زیره‌كی)‌و وایداده‌نێت توێژی ده‌سته‌بژێر له‌كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌یه‌، كه‌ توێژێكی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ستپێكراون، ژماره‌یان كه‌مه‌، تایبه‌تمه‌ندی بایلۆژیان هه‌یه‌، زۆربه‌ی كاری كۆمه‌ڵگه‌ ڕاده‌په‌ڕێنن، كه‌سێكیان به‌رامبه‌ر چه‌ندین كه‌سه‌كانیتره‌.

ئه‌م تیۆرییه‌ی په‌ریتۆ له‌زۆر بواردا تێبینیكراوه‌، هه‌ندێك وڵات له‌ڕێگه‌ی سیتسمی خوێندنه‌وه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن ده‌سته‌بژێرێكی كاریگه‌ر پێكبهێنن بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری وڵات، بۆیه‌ گرنگیده‌ده‌ن به‌سه‌ركه‌وتووه‌كان‌و هه‌موو بوارێكیان بۆ ده‌ره‌خسێنن.

به‌ڵام هه‌ندێك توێژیه‌وه‌ی نوێ باسله‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ سه‌ركه‌وتن‌و شكست له‌ژیاندا په‌یوه‌سته‌ به‌چه‌ندین هۆكاری تاكی‌و بابه‌تییه‌وه‌، به‌ڵام زیاتر هۆكاره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان رۆلچیان هه‌یه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆربه‌ی كه‌سانی نێو كۆمه‌ڵگه‌ كه‌سانی ئاسایین‌و كێشه‌ی ته‌ندروستی‌و هۆشییان نییه‌، به‌ڵام كۆمه‌ڵگه‌ ده‌یانكاته‌ كه‌سانی شكستخواردوو، بۆیه‌ لێره‌دا باسده‌یكه‌ن له‌ هه‌ندێك هۆكاری بابه‌تی‌و كۆمه‌ڵایه‌تیی:

1- باری كۆمه‌لایه‌تی‌و ڕۆشنبیری خێزان:
كاتێك منداڵێك تێكه‌ڵ به‌ژیان ده‌بێت، كاریگه‌ره‌ به‌‌و ژینگه‌یه‌ی لێوه‌ی هاتووه‌ كه‌ خێزانه‌كه‌یه‌تی، خێزانیش گرنگرتین دامه‌زراوه‌ی په‌روه‌رده‌ییه‌ بۆ تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌، هه‌ڵده‌سێت به‌ڕاهێنان‌و په‌روه‌رده‌كردنی منداڵ له‌سه‌ر ئه‌و شێوازه‌ی كه‌خێزانه‌كه‌ په‌یڕه‌ویده‌كات.

جۆری كولتوری‌و ڕۆشنبیری‌و باری چینایه‌تی خێزان، هه‌روه‌ها هه‌ر كه‌موكوڕیی‌و كێشه‌یه‌كی خێزانی كارده‌كاته‌سه‌ر كه‌سایه‌تی‌و جۆری په‌روه‌رده‌ی منداڵ‌و دواجار كارده‌كاته‌سه‌ر چۆنێتی مامه‌ڵه‌ی منداڵ له‌ ژیاندا.

بۆنموونه‌ پێشئه‌وه‌ی منداڵ بچێته‌ خوێندنگه‌ بارگاویكراوه‌ له‌لایه‌ن ژینگه‌ی خێزان‌و ده‌روبه‌ره‌كه‌ی. خوێندنگه‌ش كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كات، ئه‌وانه‌ هه‌موو كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌سه‌ر گونجانی خوێندكار له‌گه‌ڵ خوێندنگه‌دا. بۆیه‌ خوێندنگه‌ ده‌بێته‌ شوێنیكی نوێ‌و نامۆ بۆ ئه‌و منداڵانه‌ی كه‌ له‌ژینگه‌یه‌كی خێزانی هه‌ژارانه‌وه‌ دێنه‌ خوێندنگه‌، (هه‌ژارانه‌ له‌ڕووی مادی‌و مه‌عنه‌وییه‌وه‌)، كه‌ هۆكاری گه‌شه‌ی منداڵی تێدانه‌بێت، به‌تایبه‌ت هه‌ژارانه‌ له‌ڕووی نه‌بوون‌و نه‌ڕه‌خسانی بواری ڕۆشنبیری‌و په‌روه‌رده‌یی، نه‌بونی كتێب‌و كتێبخانه‌. ئه‌م جۆره‌ ژینگه‌ خێزانیه‌ زیاتر منداڵه‌كانیان له‌خوێندن دواده‌كه‌ون.

به‌ڵام ئه‌و منداڵانه‌ زیاتر له‌خوێندن سه‌ركه‌وتووده‌بن كه‌ له‌لایه‌ن خێزانه‌وه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ هانده‌درێن‌و بواریان بۆ ده‌ڕه‌خسنرێت‌و ده‌یانبه‌ن بۆ كتێبخانه‌‌و شوێن‌و بۆنه‌ ڕۆشنبیرییه‌كان، چونكه‌ ژینگه‌ی خێزانی ده‌وڵه‌مه‌ند له‌ڕووی گفتوگۆ‌و زانینینه‌وه‌، قوتابییه‌كانیان كه‌ دێنه‌ خوێندنگه‌ هه‌ست به‌نامۆبوون ناكه‌ن.

ئه‌وه‌ی تێبینیده‌كرێت زۆربه‌ی خێزانی كوردی هه‌ژاره‌ له‌رووی مادی‌و مه‌عنه‌وه‌یه‌وه‌ بۆیه‌ منداڵه‌كان به‌زۆری به‌ر شه‌پۆلی سه‌ركۆنه‌كردن‌و شكاندنه‌وه‌ ده‌كه‌ن‌و به‌رگی كه‌سایه‌تی لاواز‌و شكستخواردوویان بۆ ده‌دوردرێت.

2- په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان:
پێكهێنانی په‌یوه‌ندی ئیجابی له‌نێوان تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌، به‌تایبه‌ت له‌نێوان خێزاندا، تاك هانده‌دات بۆ زیاتر كۆششكردن‌و چێژبینین له‌ژیان، هه‌روه‌ها كاری ئیجابی ده‌كاته‌سه‌ر هه‌وڵدان‌و به‌شداریكردنی له‌ بواره‌كاندا.

بۆنموونه‌ ئه‌و منداڵه‌ی له‌سه‌ره‌تای چوونه‌ خوێندنگه‌ به‌گه‌رمی پێشوازیان لێده‌كرێت له‌لایه‌ن ستافی خوێندنگه‌وه‌، له‌یه‌كه‌م ساتی خوێندندا ئه‌زموونێكی ئیجابی ده‌بینێت زۆر جیاوازتره‌ له‌و خوێندكاره‌ی به‌مامه‌ڵه‌ی توند‌و ڕه‌ق‌و ده‌نگی به‌رز‌و هه‌ڕه‌شه‌‌و هاواركردنه‌وه‌ پێشوازیان لێده‌كرێت، كه‌ ئه‌و مامه‌ڵه‌‌و په‌یوه‌نده‌یه‌ سلبییه‌ كاریگه‌ری زۆری ده‌بێت له‌سه‌ر تۆرانی خوێندكار له‌خوێندن‌و پاشان دواكه‌وتن‌و وازهێنانی.

په‌یوه‌ندی توندوتیژ‌و نامۆ له‌نێو خێزان‌و خوێندنگه‌دا، لایه‌نی ده‌رونی خوێندكار ده‌شه‌ڵه‌ژێنێت‌و به‌جۆرێك هه‌ست به‌ئارامی نه‌كات له‌خوێندنگه‌‌و به‌تایبه‌ت له‌كاتی تاقیكردنه‌وه‌كاندا.

3- سیستمی خوێندن:
سیستمی خوێندن په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی هه‌یه‌ به‌دواكه‌وتن یان سه‌ركه‌وتنی تاكه‌وه‌، ئه‌مه‌ش ده‌توانین له‌ئه‌نجامی به‌راوردی سیتمه‌كانی خوێندندا به‌دیبكه‌ین، بۆچی له‌هه‌ندێك سیستمدا خوێندكارێكی به‌رهه‌مهێن به‌رهه‌مدێت‌و له‌هه‌ندێك سیستمیشدا وه‌ك سیستمی خوێندنی خۆمان كه‌ خوێندكار زانكۆش ته‌واوده‌كات، هێشتا هه‌ر به‌رهه‌مهێن نییه‌.

بێگومان چه‌ندین هۆكاریتریش به‌پرسن له‌وه‌ی كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ به‌رگی كه‌سایه‌تی لاواز‌و شكستخواردوو بۆ ئه‌ندامه‌كانی بدورێت، وه‌ك لایه‌نی ئابوری‌و هاورێی خاوكه‌ره‌وه‌.

ئه‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ ئاماژه‌یپێبكرێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دواكه‌وتن له‌بوارێكی ژیان مانای دواكه‌وتنی له‌ژیان نییه‌، ده‌بینین هه‌ندێك له‌وانه‌ی كه‌ له‌خوێندن دواده‌كه‌ون له‌بواریتر‌و بواری ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌ركه‌وتووده‌بن، له‌هه‌مانكاتدا ده‌بینین هه‌ندێك كه‌س كه‌ خاوه‌نی بڕوانامه‌ی دكتۆرایه‌ ناتوانێت مامه‌ڵه‌ی جوانـبكات له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانی‌و له‌بواری ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی چالاكنین. چونكه‌ ته‌نها خوێندن بنه‌ما‌و ئه‌زمون نییه‌ بۆ سه‌ركه‌وتن له‌ژیانی كرداریدا.

هه‌رچه‌نده‌ كه‌م له‌مرۆڤه‌كان ده‌توانن له‌هه‌موو بواره‌كانی ژیاندا سه‌ركه‌وتووبن، بۆیه‌ كه‌سێك كاتێك له‌بوراێك دواده‌كه‌وێت، ده‌توانێت له‌بوارێكی تردا سه‌ركه‌وتووبێت، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و بواری سه‌ركه‌وتوتنی خۆی بدۆزێته‌وه‌، بۆئه‌وه‌ش پێویسته‌ ده‌زگاكانی كۆمه‌ڵگه‌ هاوكاری تاكه‌كان بن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت له‌ كۆمه‌ڵگای خۆماندا دامه‌زاوه‌ كه‌مه‌ بۆ گه‌شپێدانی تواناكان‌و سه‌رخستنی تاك‌و گه‌شاندنه‌وه‌ی كه‌سایه‌تی تاكه‌كان.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ده‌توانین ئه‌وه‌ بڵێن كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ دواده‌كه‌ون له‌ بوارێكی ژیان، ئه‌وا به‌ پشتبه‌ستن به‌ تواناكانی خۆیان‌و سووربوون له‌سه‌ر سه‌ركه‌وتن ده‌توانن سه‌ركه‌وتنیش به‌ده‌ستبهێنن. چونكه‌ سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی كه‌ تاك له‌ژێر كارێگه‌ری كۆمه‌ڵگه‌دایه‌ هاوكات تاكیش رۆژڵی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ له‌خۆپاراستن له‌ ئاماژه‌ سلبییه‌كان‌و سووربون له‌سه‌ر سوركه‌وتن، بۆیه‌ به‌ (باوه‌ڕ به‌خۆبوونیان‌و سوربوون‌و خستنه‌گه‌ری توانا خودییه‌كانی) هه‌موو به‌ربه‌ست‌و كۆسپه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌و بابه‌تییه‌كان تێكبشكێنێت‌و سه‌ركه‌وتنی خۆی بسه‌لمێنێت.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق