الخميس، 15 أبريل، 2010

نه‌بوونی كاتی ئازاد لای هاوڵاتیان‌و بوونی لای سه‌ركرده‌كان هۆكارێكی زۆربونی رێژه‌ی خۆكوژییه‌



هادی ئه‌مین
قه‌باره‌ی فۆنت بگۆڕه‌
هه‌ندێك زانای كۆمه‌ڵناسی پێیانوایه‌ (ئه‌گه‌ر گرنگیــنه‌درێت به‌ كاتی ئازاد‌و ڕێكنه‌خرێت، ئه‌وا ده‌بێته‌هۆی دروستبوونی كێشه‌ بۆ تاك‌و كۆمه‌ڵگه‌)، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌ له‌كۆمه‌ڵگه‌ی هه‌رێمی كوردستاندا كاتی ئازاد رێژه‌یه‌كی كه‌می هه‌یه‌‌و خه‌ڵكی سه‌رقاڵی دابینكردنی پێداویستییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی ژیانن وه‌ك دابینكردنی ئاوو كاره‌با‌و شوێنی نیشته‌جێبوون، بۆیه‌ هه‌ناسه‌كی زۆر كه‌م ماوه‌ته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی پێی بوترێت كاتی ئازاد‌و خه‌ڵكی چالاكی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ی خۆیانی تیادا بكه‌ن.

زانایانی كۆمه‌ڵناسی باسله‌وه‌ده‌كه‌ن ئه‌و خوله‌ك‌و كاتژمێرانه‌یه‌ كه‌ لای تاك هه‌یه‌‌و، تێیدا كارناكات، ده‌توانرێت به‌هۆی چالاكیكردنه‌وه‌ بگۆڕێت بۆ كاتی پشوودان‌و نوێبونه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ كاتێك دێته‌دی كه‌ تاكه‌ كه‌س پێداویستیه‌ زه‌روره‌كانی ژیانی دابینكردبێت.

ئه‌وه‌ی تێبینیده‌كرێت له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی خۆماندا تاكه‌كه‌س پێداویستییه‌ زه‌رورییه‌كانی ژیانی بۆ دابیننه‌كراوه‌‌و تا ده‌مرێت له‌ هه‌وڵی دابینكردنی ئه‌و پێداویستیانه‌دایه‌. به‌ڵام به‌رپرسان‌و ده‌سه‌ڵاتداران كاتی ئازادی زۆریان هه‌یه‌‌و به‌ویستی خۆیان سه‌ردانــده‌كه‌ن بۆ كام وڵات به‌لایانه‌وه‌ خۆشبێت، چونكه‌ پێداویستییه‌ زه‌روره‌كانی ژیانیان بۆ ده‌یان پشتی خۆیان ئاماده‌كردووه‌‌و ئێستا ئه‌وان له‌ كاتی ئازاددن.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ به‌شێكی زۆری تاكی كورد له‌ هه‌رێمی كوردستاندا، ئه‌و خوله‌ك‌و كاتژمێرانه‌ی نییه‌ كه‌ تیادا ئه‌رك‌و كاركردن نه‌كات تا به‌ویستی خۆی به‌كاریانبهێنێت. هه‌رئه‌مه‌ش بووته‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان نوێبوونه‌وه‌ی كه‌مبێت تاكه‌كانی چێژ له‌ ژیان نه‌بینن‌و له‌رووی ده‌روونییه‌وه‌ فشارێكی زۆیان له‌سه‌ره‌‌و بۆیه‌ ده‌بینین رێژه‌ی خۆكوشتن له‌ به‌رزبوونه‌وه‌دایه‌.

ڕێكخراوی جیهانی بۆ كاتی ئازاد‌و پشوودان World Leisure and Recreation به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی دیاریكردوه‌ بۆ چالاكیه‌كانی كاتی ئازاد، كه‌ پێكهاتووه‌ له‌حه‌وت بنه‌ما كه‌ ئه‌مانه‌ن:

1- هه‌موو تاكێك مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كه‌ كاتی ئازادی هه‌بێت، كاتی كاری بۆ دیاریبكرێت‌و، پشووی خولی بدرێتێ له‌گه‌ڵ موچه‌دا، هۆكاری گواسته‌وه‌ی بۆ دابینبكرێت، به‌رنامه‌ی تایبه‌ت ڕێكبخرێت تا فرسه‌تی به‌شداریكردن‌و سوود وه‌رگرتن بۆ تاك یڕه‌خسێنرێت.

2- به‌سه‌ربردنی كاتی ئازاد به‌ سه‌ربه‌ستی ته‌واوه‌وه‌، ڕاستییه‌كی ڕه‌هایه‌ بۆ تاك، كه‌ پێویسته‌ بپارێزرێت، پێویسته‌ وه‌كیه‌ك هه‌لی چالاكی تاكی‌و چالاكی كۆمه‌ڵی بڕه‌خسێنرێت.

3- به‌كارهێنانی ئاسانكارییه‌كان مافی بنه‌ڕه‌تی هه‌موو تاكێكه‌ له‌كاته‌ ئازاده‌كانیدا، هه‌روه‌ها تاك مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كه‌ سه‌ردانی ژینگه‌ سروشتییه‌كان بكات، وه‌ك: ده‌ریاچه‌‌و دارستان‌و چیاكان‌و، به‌مه‌رجی پارستنی شوێنه‌كان.

4- هه‌موو تاكێك مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كه‌ هۆكاری به‌شداریكردنی بۆ بڕه‌خسێت بۆ پشوودان له‌كاته‌ ئازاده‌كاندا، وه‌ك: وه‌رزش، هونه‌ر‌و كاری ده‌ستی، به‌بێ جیاوازیكردنی ته‌مه‌ن‌و ڕه‌گه‌ز‌و ئاستی ڕۆشبیری.

5- دامه‌زراوه‌كان به‌رپرسیارن له‌پلاندانان بۆ پشوودان، به‌ دابینكردنی تواناییه‌ زه‌رورییه‌كان، ڕه‌خساندنی فرسه‌ت بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌و چالاكییه‌ی كه‌ ئاره‌زووی ده‌كه‌ن، بێ ده‌ستێوه‌ردانی دامه‌زراوه‌كان‌و بێ سه‌پاندنی چالاكی.

6- هه‌موو تاكێك مافی وه‌رگرتن‌و فێربوونی شاره‌زایی په‌یوه‌ست به‌ چالاكی جۆراوجۆره‌كانی پشوودان‌و نوێبوونه‌وه‌ی هه‌یه‌ بۆ سوود وه‌رگرتن له‌كاته‌ ئازاده‌كانی، دامه‌زراوه‌كان‌و خێزان‌و كۆمه‌ڵگه‌ پێویسته‌ ئه‌و به‌رپرسیارێتیه‌ جێبه‌جێبكه‌ن، هه‌روه‌ها حكومه‌ت پێویسته‌ هه‌ستێت به‌ كردنه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی خوێندن بۆ فێركردنی منداڵان‌و گه‌نجان‌و به‌ته‌مه‌نه‌كان به‌ جۆری كارزانی‌و بۆچونی په‌یوه‌ست به‌ نوێبوونه‌‌و پشوودان.

7- پێویسته‌ هاوئاهه‌نگی هه‌بێت له‌نێوان ئه‌و دامه‌زراوانه‌ی كه‌ گرنگی ده‌ده‌ن به‌ چالاكی پشوودان، به‌مه‌به‌ستی وه‌به‌رهێنانی هه‌موو تواناییه‌كان، په‌یمانگای تایبه‌ت دابمه‌زرێت له‌‌و وڵاتانه‌ی كه‌ تواناییان هه‌یه‌، بۆ ڕاهێنانی سه‌ركرده‌ له‌سه‌ر پلاندانان بۆ چالاكییه‌كانی پشوودان‌و نوێبوونه‌وه‌.

له‌ هه‌رێمی كوردستاندا دابینكردنی پێداویستییه‌ زه‌روره‌كانی ژیان هه‌ناسه‌ی له‌به‌ر خه‌ڵك بڕیوه‌‌و كاتی ئازادی بۆ نه‌هێشتونه‌ته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌ رۆژانی به‌هار خه‌لكێكی زۆر ده‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌‌و حه‌وانه‌وه‌یه‌كی ده‌رونی‌و جه‌سته‌ی ده‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ هه‌موو هاوڵاتیان ناگرێته‌وه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌و گرۆیانه‌ی كه‌ ده‌رامه‌تێكی ئه‌وتۆیان نییه‌‌و كێشه‌ی دابینكردنی پێداویستییه‌ زه‌روره‌كانیان هه‌یه‌ بێبه‌شن له‌و رووه‌وه‌.

ته‌نانه‌ت له‌ خوێندنگه‌كانیشدا ئه‌و كاتانه‌ی ته‌رخانكراوه‌ بۆ وانه‌ی وه‌رزش‌و هونه‌ر، به‌شێویه‌كی رێكوپێك ناوترێنه‌وه‌‌و ده‌كرێنه‌ قوربانی وانه‌كانی دیكه‌، گرنگینادرێت به‌ هۆشیاری چۆنێتی به‌سه‌ربردنی كاتی ئازاد، چونكه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌كه‌ماندا له‌به‌ر چه‌ندین هۆكاری واقیعی‌و كه‌لتوری‌و مێژووی تائێستا كاركردن‌و پشوودان وه‌ك دوو دیوی یه‌ك دراو ته‌ماشاناكرێت‌و زیاتر گرنگیده‌درێت به‌ كاركردن، ته‌نها لای هه‌ندێك له‌ به‌رپرسان نه‌بێت كه‌ گرنگیه‌كی باش ده‌ده‌ن به‌ كاتی پشودان‌و حه‌وانه‌‌وه‌‌و سه‌ردانی وڵاتان!؟

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق