الخميس، 15 أبريل، 2010

كاره‌با به‌شه‌رتی به‌كارنه‌هێنان بۆ هاوڵاتیان، به‌رده‌وامیش بۆ به‌رپرسه‌كان


هادی ئه‌مین

له‌هاوینی ئه‌مساڵدا تاڕاده‌یه‌ك ڕێژه‌ی بوونی كاره‌با باشبوو، خه‌ریكبوو مولیده‌ ئه‌هلییه‌كان لاببرێن، به‌ڵام زۆری نه‌خایاندو هه‌ر له‌گه‌ڵ هاتنی كابینه‌ی د.به‌رهه‌م كاره‌با خراپ بووه‌یه‌وه‌.

هه‌ر له‌وماوه‌یه‌شدا چه‌ندین به‌رپرس باسیان له‌وه‌ده‌كرد كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم توانیوێتی كاره‌با بۆ هاوڵاتیان باش بكات، به‌ڵام ئه‌وا ئێستا ده‌بینین كه‌ گه‌ڕاوینه‌ته‌وه‌ بۆ خاڵی سه‌ره‌تا‌و باشس له‌هۆكاره‌كانی كه‌می‌و خراپی كارابا دده‌كه‌نه‌وه‌‌و داواده‌كه‌ن له‌ هاوڵاتیان ده‌ستبگرن به‌ به‌كارهێنانی كاره‌باوه‌.

ئه‌م حكومه‌ته‌ ته‌مه‌ن 19ساڵه‌ كه‌س نازانێت ئایا به‌ 19ساڵی دیكه‌ كاره‌با باش ده‌كات، یان هه‌ر ده‌بێت خه‌ڵكی به‌و كێشه‌یه‌وه‌ بتلێنه‌وه‌‌و به‌رپرسانیش پێنج خوله‌ك كاره‌بایان نابڕێت.

به‌رپرسه‌كان له‌ماڵی خۆیان‌و شوێنی ده‌وام‌و سه‌یران‌و سه‌فایان به‌ ویستی خۆیان كاره‌با به‌كارده‌هێنن، به‌ڵام لۆمه‌ی خه‌ڵكی ده‌كه‌ن كه‌ گوایا كاره‌با زۆر به‌كارده‌هێنن‌و ده‌ڵێن خه‌ڵكینه‌ ده‌ستبگرن به‌ به‌كارهێنانی كاره‌باوه‌! وه‌ك ئه‌وه‌ی كاره‌با به‌شه‌رتی به‌كارنه‌هێنان بێت!

ئاشكرایه‌ كاره‌با بۆ به‌كارهێنانه‌‌و هه‌ر كه‌سێكیش به‌ پێی پێویستی خۆی به‌كارده‌هێنێت، حكومه‌ت ده‌توانێت پێوه‌ری كاره‌بایی بۆ ماڵان‌و دوكانه‌كان دابنێ‌و به‌ پێی به‌كارهێنان پاره‌یان لێوه‌ربگرێت.

به‌رپرسه‌كانی ئێمه‌ یه‌كه‌مجار خه‌می خۆیانه‌، ماڵ‌و حاڵی خۆیان گه‌رم‌و رووناكردووه‌ته‌وه‌‌و به‌خه‌ڵكیش ده‌ڵێن تكایه‌ ده‌ست به‌كاره‌باوه‌ بگرن!

كام به‌رپرس له‌ڤێلا‌و ماڵ‌و سه‌یرانگا‌و كارگه‌یكه‌یدا ده‌یان سپلێت‌و سه‌دان گلۆپی به‌رده‌وام داناگیرسێنێ ئه‌وه‌ چ جای ئامێری جۆراوجۆی دیكه‌، به‌ڵام كاتێك هاوڵاتیان له‌به‌ر سه‌رمای زستان هیته‌رێك یان سپلێت داده‌گیرسێنن، ئه‌وا لۆمه‌ی هاوڵاتیان ده‌كه‌ن به‌وه‌ی كه‌ كاره‌با زۆر به‌كارده‌هێنن.

بۆیه‌ ده‌توانین یه‌كێك له‌ نادادییه‌كی هه‌رێمی كوردستان له‌وه‌دا ببینینه‌وه‌ كه‌ كاره‌با به‌شه‌رتی به‌كارنه‌هێنانه‌ بۆ هاوڵاتیان، به‌شه‌رتی به‌رده‌وامیشه‌ بۆ به‌رپرسه‌كان.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق