السبت، 17 أبريل، 2010

گرنگی‌و ئامانجی توێژینه‌وه‌ی زانستی:

هادی ئه‌مین

توێژینه‌وه‌ی زانستی چه‌ندین كار‌و ئامانجی به‌سوود دابین ده‌كات، وه‌ك:
1- ئامانجی زانستی: هه‌وێن‌و كاری بنه‌ڕه‌تی توێژینه‌وه‌ی زانستی بریتیه‌ له‌ ئاماركردن‌و كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری سه‌باره‌ت به‌ تایبه‌تمه‌ندی‌و خاڵه‌ به‌هێز‌و لاوازه‌كانی بابه‌تی توێژینه‌وه‌كه‌.

واته‌ توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌وڵده‌دات بۆ به‌ده‌ستهێنان‌و كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری ڕاست‌و زۆر له‌ باره‌ی كێشه‌‌و بابه‌ته‌كانه‌وه‌، دۆزینه‌وه‌ی یاسا‌و په‌یوه‌ندییه‌كانیان به‌ دیارده‌كانیتره‌وه‌، به‌هۆی كۆكردنه‌وه‌ی زانیارییه‌وه‌ پڕۆسه‌ی دیاریكردنی ورد‌و ڕاستی كێشه‌‌و چه‌مكه‌كان ئه‌نجامده‌درێت، كه‌ ئه‌و دیاركردنه‌ ورده‌ یاریمه‌تیده‌ره‌ بۆ ناسین‌و تێگه‌یشتن له‌ كێشه‌كه‌‌و به‌رچاو ڕۆشنی ده‌كات بۆ وه‌رگرتنی پێشنیار‌و ڕێگاچاره‌ی زانستی له‌ باره‌ی كێشه‌كه‌وه‌، دور له‌ زیادڕه‌وی‌و كوتڕه‌وی‌و بانگه‌شه‌یی.

پڕۆسه‌ی ده‌ستنیشانكردنی ورد بۆ بابه‌ت‌و چه‌مك‌و زاراوه‌كان كارێكی بنه‌ڕه‌تی توێژینه‌وه‌ زانستیه‌كانه‌، توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌ڵده‌سێت به‌ دیاریكردنی وردی ‹ئه‌وه‌ی هه‌یه‌›، به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ هه‌یه‌ پێناسه‌ی ده‌كات‌و ده‌یخاته‌ڕوو، ئه‌مه‌ش به‌ سووده‌‌و ڕزگارمان ده‌كات له‌:

ا- تێگه‌یشتنی هه‌ڵه‌‌و ناڕوون‌و خورافی، كه‌ هه‌ندێك كه‌س‌و گروپ دروستیده‌كات به‌هۆی ئیدیعا‌و ناولێنان‌و ناوداتاشین بۆ بون‌و دیارده‌‌و بابه‌ته‌كان.
ب- ئه‌و پێناس‌و زانینه‌ ورده‌ ڕزگارمان ده‌كات له‌ زیادڕه‌وی‌و كورتڕه‌وی له‌ باسكردنی چه‌مك‌و دیارده‌‌و بوونه‌كاندا.
ج- به‌هۆی ئه‌و پێناس‌و دیاریكردنه‌ ورده‌ ده‌توانین ڕاستی دیارده‌كان بناسین‌و گرنگایه‌تی ‹ئه‌وله‌ویه‌ت›ـی پێویستی‌و دیارده‌‌و كێشه‌كان بدۆزینه‌وه‌ بۆ كاركردن له‌سه‌ریان.

ئه‌گه‌ر پڕۆسه‌ی دیاریكردنی ورد نه‌كرێت بۆ كێشه‌یه‌ك یان بابه‌تێك به‌هۆی توێژینه‌وه‌ی زانستییه‌وه‌، ئه‌وا ناتوانین دیارده‌كه‌ بناسین‌و لبێی تێبگه‌ین، چ جای ئه‌وه‌ی بڕیار له‌ باره‌یه‌وه‌ بده‌ین‌و چاره‌سه‌ری بۆ دابنێین.
د- هه‌روه‌ها ئه‌و پێناس‌و دیاریكردنه‌ ورده‌ ڕزگارمان ده‌كات له‌ گشتاندن‌و تێگه‌یشتنی تیۆری‌و نه‌گۆڕ‌و چه‌قبه‌ستوو بۆ دیارده‌‌و بابه‌ته‌كان.

2- ڕاڤه‌كردن: به‌هۆی توێژینه‌وه‌ی زانستییه‌وه‌ ده‌توانرێت كێشه‌‌و ڕووداوه‌كان‌و هۆكاره‌كانیان ڕونبكرێته‌وه‌‌و، ڕونكردنه‌وه‌یه‌ك كه‌ له‌سه‌رو ڕونكردنه‌وه‌ بانگه‌شه‌یی‌و بینینی‌و هه‌ستیه‌كانه‌وه‌یه‌، به‌ڵكو ڕونكردنه‌وه‌یه‌ك توانای ناسینی وردی كێشه‌‌و بابه‌ته‌كان‌و ڕاڤه‌كردنی هۆكاره‌كان‌و په‌یوه‌سته‌كانی دیارده‌كه‌ی هه‌یه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی بابه‌تیانه‌‌و بێلایه‌نیانه‌.

3- پێشبینیكردن: یه‌كێك له‌ كاره‌ گرنگه‌كانی توێژینه‌وه‌ی زانستی بریتیه‌ له‌ پێشبینیكردنی ڕووداوه‌كان‌و، خۆپارێزی‌و خۆلادان له‌‌و كێشانه‌ی كه‌ ڕه‌نگه‌ له‌ داهاتوودا بێنه‌ئاراوه‌.

توێژینه‌وه‌كان‌و ‹زانسته‌كان هاوبه‌شن له‌وه‌دا، كه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن بۆ دۆزینه‌وه‌ی جۆری په‌یوه‌ندی نێوان دیارده‌‌و گۆڕاِوه‌كان، تا بگه‌نه‌ بیردۆزه‌‌و یاسای كاری نێوان دیارده‌كان‌و، ئه‌وه‌ش به‌ مه‌به‌ستی ڕێكخستنی گۆڕاوه‌كان‌و، پێشبینی بۆ ئاینده‌، واته‌ زانینی ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ڕێوشوێنێكی دیاریكراو بێته‌ پێشه‌وه‌ چی ڕووده‌دات ›.

4- ئامانجی كرداری: هه‌وڵدان بۆ خستنه‌ڕووی ڕاسپارده‌‌و پێشنیار به‌ مه‌به‌ستی: چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان یان خۆگونجاندن له‌گه‌ڵیدا، یان ڕێكخستنی بوارێك، یان پلاندانان بۆ په‌ره‌پێدان‌و باشتركردنی گۆڕاوه‌كانی واقیع.

پێشكه‌وتنی هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك به‌نده‌ به‌ ڕاده‌ی گرنگیدانی به‌ توێژینه‌وه‌ی زانستی، وڵاتانی پێشكه‌وتوو بودجه‌یه‌كی تایبه‌ت ته‌رخانده‌كه‌ن بۆ هاندان‌و ئه‌نجامدانی توێژینه‌وه‌ی زانستی، به‌ڵام له‌ كوردستاندا سه‌ره‌ڕای زۆری كێشه‌كان، كه‌چی تا ئێستا گرنگییه‌كی زۆر نه‌دراوه‌ به‌ توێژینه‌وه‌ی زانستی‌و، بودجه‌ی تایبه‌تی بۆ ته‌رخاننه‌كراوه‌‌و ڕانه‌گه‌یندراوه‌، هێشتا ژماره‌ی توێژینه‌وه‌ زانستیه‌كان زۆر كه‌مه‌ به‌راورد به‌ ژماره‌ی كتێبه‌ ئه‌ده‌بی‌و شیعریه‌كان!؟

بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری له‌سه‌ر هه‌موو دیارده‌‌و بواره‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵگای كوردی، بۆئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگاكه‌مان كێشه‌كانی چاره‌سه‌ربێت‌و له‌ ژیاندا پێشبكه‌وێت ده‌شێت گرنگی ته‌واو بدرێت به‌ ئه‌نجامدانی توێژینه‌وه‌ی زانستی.

بۆئه‌وی كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگاكه‌مان چاره‌سه‌ربێت، ده‌بێت هه‌وڵبده‌ین هه‌موو ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌مانه‌ بیانناسین به‌ وردی‌و پاشان هه‌نگا‌وبه‌هه‌نگا‌و گۆڕانیان تێدابكه‌ین‌و به‌ ئاڕاسته‌ی به‌ره‌و باشتر بیانبه‌ین، بۆئه‌وه‌ش پێویستمان به‌ هه‌وڵدانی به‌رده‌وام‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌یه‌، واته‌ گرنگترین كار پێویستمان به‌ پڕۆسه‌ی ده‌ستنیشانكردنی ورده‌ بۆ حاڵه‌ته‌كان، كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ توێژینه‌وه‌ی زانستی ده‌كرێت.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق