الخميس، 15 أبريل، 2010

قه‌یرانی نه‌بوونی فلته‌ر له‌به‌رنامه‌ی من جیاوازمدا



هادی ئه‌مین
قه‌باره‌ی فۆنت بگۆڕه‌
به‌رنامه‌ی "من جیاوازم" به‌رنامه‌یه‌كی ته‌له‌فزیۆنی زاگرۆسه‌، كه‌ به‌رنامه‌یه‌كی ته‌رفیهییه‌‌و كارده‌كات له‌سه‌ر نیشاندانی به‌هره‌و توانا جیاوازه‌كانی تاكی كوردی، كه‌ ئه‌وه‌ خۆی له‌خۆیدا هاندانێكی ئیجابییه‌، به‌ڵام وه‌ك توێژه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ندێك تێبینی‌و سه‌رنجم له‌سه‌ر ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ هه‌یه‌ كه‌ كورتیده‌كه‌مه‌وه‌ له‌م خاڵاته‌ی لای خواره‌وه‌دا:

1- به‌رنامه‌كه‌ له‌رووی ته‌مه‌نه‌وه‌ فلته‌ری نییه‌:
به‌رای من بۆ ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ واباشه‌، كه‌ ئه‌وانه‌ی ته‌مه‌نیان له‌ 18ساڵ كه‌متره‌ وه‌رنه‌گیرێن بۆ به‌شداریكردن، چونكه‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی منداڵ له‌رووی سایكۆلۆژییه‌وه‌ كاریگه‌ری سلبی دروستده‌كات له‌سه‌ری، له‌به‌رئه‌وه‌ی منداڵ له‌رووی ده‌روونی‌و كه‌سێتییه‌وه‌ پێگه‌یشتوو نییه‌، بۆیه‌ كاتێك منداڵێك به‌حه‌ماسه‌وه‌ له‌به‌رنامه‌كه‌دا چالاكییه‌ك پێشكه‌شده‌كات، ئه‌وا چاوه‌روانه‌ ده‌ستخۆشی لێبكرێت، به‌ڵام پێوتنی به‌ "نه‌خێر تۆ جیاوازنییت" كاریگه‌ری سلبی دروستده‌كات له‌سه‌ر باری ده‌روونی. ره‌نگه‌ توشی ته‌نگه‌ژه‌‌و قه‌یرانی ده‌روونی بكات‌و منداڵه‌كانی هاوڕێیشی به‌رده‌وام سه‌ركۆنه‌ی بكه‌ن به‌وه‌ی كه‌ ئه‌و شكستیخواردووه‌ له‌ به‌رنامه‌ی من جیاوازمدا.

2- به‌رنامه‌كه‌ جۆری چالاكییه‌كانی دیارینه‌كردووه‌:
سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی كه‌ به‌رنامه‌ی من جیاوازم منداڵی تیادایه‌ بۆ پێشكه‌شكردنی چالاكییه‌كان، به‌ڵام جۆری چالاكییه‌كانی دیارینه‌كراوه‌ بۆ توێژی منداڵ، بۆنموونه‌ له‌ هه‌لقه‌یه‌كی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌دا منداڵێكی ته‌مه‌ن 12ساڵ چالاكییه‌كه‌ی بریتیبوو له‌ سه‌ماكردن، به‌ڵام "سه‌ماكردنێكی وروژێنه‌ر" كه‌ ئه‌وه‌ بۆ منداڵان به‌گشتی شیاونییه‌.

ئه‌وه‌ی من مه‌به‌ستمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌رنامه‌ی من جیاوازم له‌رووی ته‌مه‌ن‌و جۆری چالاكییه‌وه‌ تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌بێت، نه‌ك وه‌ك ئه‌و به‌رنامانه‌ی كه‌ هیچ تایبه‌تمه‌ندییه‌كی نییه‌‌و هه‌موو ته‌مه‌نه‌كان سه‌یرده‌كه‌ن.

به‌رای من به‌شداریكردنی منداڵ له‌و به‌رنامه‌یدا دوو كاریگه‌ری سلبی هه‌یه‌: یه‌كه‌مین ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ماوه‌ی دانیشتن به‌دیار ته‌له‌فزیۆن له‌لای منداڵ درێژده‌كاته‌وه. چونكه‌ به‌رنامه‌كه‌ له‌ كاتێكی دره‌نگی شه‌و ده‌ستپێده‌كات به‌نیسبه‌ت كوردستانه‌وه‌.

دووه‌میش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ لاسایكردنه‌وه‌ی منداڵ بۆ مه‌شهه‌ده‌ سلبییه‌كان زیادده‌كات، كه‌ من پێموایه‌ سه‌مای وروژێنه‌ر بۆ منداڵ نابێت.

3- ‌پێوه‌ره‌كانی جیاوازبوون له‌به‌رنامه‌كه‌دا روون نییه‌:

زۆرجار پێوه‌ره‌كان بۆ جیاوازبوون له‌و به‌رنامه‌یه‌دا بریتیبووه‌ له‌:‌ (جوانی جلوبه‌رگ، جوانی باڵا‌و قیافه‌ت..)، بێگومان‌ جوانی جلوبه‌رگ‌و خۆڕازاندنه‌وه‌ جیاوازبوون نییه‌ چونكه‌‌ به‌ئاسانی ده‌ستده‌كه‌وێت جیاوازبوونه‌ له‌ جلوبه‌رگ‌و شێوازی، هه‌روه‌ها جوانی باڵا‌و قیافه‌ت ‌ره‌نگ‌و شێوازی ده‌موچاو‌ جیاوازبوون نییه‌، چونكه‌ مرۆڤ ده‌ستی نییه‌ تیایاندا.

له‌ راستیدا جیاوازبون، جیاوازبوونه‌ له‌ ئه‌نجامدان‌و لێهاتووی له‌كاردا، نه‌ك له‌و شتانه‌ی كه‌ مرۆڤ ده‌ستی نییه‌ تیادا یان به‌ ئاسانی ده‌ستی ده‌كه‌وێت.

به‌رنامه‌كه‌ پێویسته‌ ئه‌وه‌ رونبكاته‌وه‌ كه‌ جیاوازبوون، جیاوازبوونه‌ له‌ توانا‌و به‌رهه‌ره‌یه‌كدا كه‌ له‌كۆمه‌ڵگای خۆماندا بوونی نه‌بێت، یان بوونی هه‌بێت، به‌ڵام كه‌سێك ئیزافه‌یه‌كی به‌هێزی بۆ كردبێت.

زۆرجار گوێمان لێبووه‌ لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن وتویه‌تی: "له‌به‌رئه‌وه‌ی جله‌كانت جوانه‌ بۆیه‌ ده‌ڵێم به‌ڵێ تۆ جیاوازیت"، كه‌ پێویسته‌ لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن نه‌كه‌وێته‌ ژێر باری رووكاری ده‌ره‌كی‌و سۆز‌و عاتیفه‌وه‌.

توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی
Hadi.ameen@yahoo.com
Pring                          page


بۆچوونه‌کان

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق