الخميس، 15 أبريل، 2010

ناز‌و نیعمه‌تی هه‌ڵبژاردن



هادی ئه‌مین
قه‌باره‌ی فۆنت بگۆڕه‌
ناز‌و نیعمه‌تی هه‌ڵبژاردن

هه‌ڵبژاردن كه‌ خۆی ئالیه‌تێكه‌ بۆئه‌وه‌ی خه‌ڵكی ده‌سه‌ڵات دیاریبكه‌ن‌و ده‌نگبده‌ن به‌و به‌رنامانه‌ی ده‌یخوازن تا ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئابوری پێ بگۆڕن به‌ره‌وباشتر، به‌ڵام له‌ وڵاتی ئێمه‌دا ئه‌م ئالیه‌ته‌ ده‌بێته‌ ناز‌و نیعمه‌ت بۆ هه‌ندێك كه‌س.

ده‌سه‌ڵات له‌به‌رئه‌وه‌ی گومانی هه‌یه‌ له‌ ده‌رچوونه‌وه‌یان له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا په‌ناده‌به‌نه‌به‌ر كڕینی‌و ویژدان‌و ده‌نگی خه‌ڵكی، پاره‌‌و ئیمتیازات ده‌ده‌نه‌ سه‌رۆك عه‌شه‌رت‌و كه‌سه‌ دیاره‌كان بۆئه‌وه‌ی ده‌نگی خه‌ڵكیان بۆ بكڕن‌و مسۆگه‌ریبكه‌ن.

له‌ هه‌ڵبژاردنی رابردوودا له‌ چه‌ندین ناوچه‌ ناوی خه‌ڵكیان نوسی‌و بۆماوه‌ی چه‌ند مانگێكیش بڕێك پاره‌یان ده‌دانێ، به‌ڵام دوای هه‌ڵبژاردن ئه‌و پاره‌یه‌ بڕا!؟

ئه‌و ناز‌و نیعمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌ڕژێت به‌سه‌ر چه‌ندین كه‌سدا‌و پاره‌و سامانی خه‌ڵكی كوردستانیان ده‌خرێته‌به‌رده‌ست بۆئه‌وه‌ی ده‌نگیان بۆ مسۆگه‌ربكه‌ن، ئیتر چه‌ندین ناز‌و نیعمه‌تی پاره‌‌و ده‌مانچه‌‌و سه‌یاره‌... ده‌به‌خشرێته‌وه‌.

براده‌رێك باسی له‌ سه‌رۆك عه‌شیره‌تێك كرد، وتی سه‌رۆك عه‌شه‌ره‌ته‌كه‌ هات بۆلام‌و وتی بابه‌ ئه‌وه‌ تۆ باسی هه‌ڵبژاردنی چی ده‌كه‌یت. "پاشان سه‌رۆك عه‌شه‌ره‌ته‌كه‌ چاكه‌ته‌كه‌ی كرده‌وه‌‌و لای راستی نیشاندام سه‌فته‌یه‌ك دۆلاری تیابوو، وتی ئه‌مه‌ هی حزبی فلانه‌، لای چه‌پیشی نیشاندام ده‌مانچه‌یه‌كی نوێ بوو، وتی ئه‌مه‌ش هی حزبی فلانه‌‌و چه‌ندین به‌ڵێنیان پێداوم تا ده‌نگیان بۆ مسۆگه‌ر بكه‌م".

ده‌سه‌ڵاتی حزبیی كوردستان به‌ سوودوه‌رگرتن له‌ كه‌لتوری عه‌شایه‌ری ده‌نگ بۆ خۆیان مسۆگه‌رده‌كه‌ن، ناز‌و نیعمه‌تێكی كه‌م تازۆریان ده‌ده‌نێ، تا نمه‌ك بیانگرێت، چونكه‌ له‌ كه‌لتوری عه‌شیاریدا قورسه‌ ره‌خنه‌گرتن له‌كه‌سێك كه‌ نمه‌كی كردبێت.

له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ پاره‌یان ده‌ده‌نێ‌و به‌ڵێنیان لێوه‌رده‌گرن كه‌ ده‌نگ به‌وان بده‌ن، كه‌لتوری عه‌شایه‌ریش عاتفییه‌‌و پابه‌ندده‌بێت به‌ به‌ڵێنه‌كانییه‌وه‌. (هه‌رچه‌نده‌ دوو حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ی كوردستانیش عه‌شایه‌رین‌و له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا پابه‌ندنابن به‌و به‌ڵێنه‌ بریقه‌دارانه‌ی كه‌ له‌پێش هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌یده‌ن به‌ خه‌ڵك).

یه‌كێكی دیكه‌ له‌ ناز‌و نیعمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردن ئه‌م جاره‌یان ده‌ڕژێت به‌سه‌ر هه‌ندێكی دیكه‌دا‌و ده‌یانكاته‌ ئه‌ندامی په‌رله‌مان، له‌به‌رئه‌وه‌نا كه‌ كه‌سێكی لێهاتوون، به‌ڵكو ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌روێشی فلان به‌رپرس‌و حیزبه‌!؟ هه‌روه‌ك له‌ دیاریكردنی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی رابردوو بینیمان!؟ ئیتر معاشی باش‌و سه‌یاره‌‌و خانووی سه‌فه‌ر‌و سیاحه‌یتان مسۆگه‌رده‌بێت...

به‌رای من شانۆگه‌ری هه‌ڵبژاردن دوو وێنه‌ی هه‌یه‌ له‌ كۆمه‌ڵگاماندا، وێنه‌یه‌ك لای جه‌ماوه‌ره‌، له‌به‌ره‌ی جه‌ماوه‌ر خواست‌و حه‌ماسی هه‌یه‌ بۆ چاكسازی‌و باشبوونی ژیان‌و گوزه‌رانیان، بۆیه‌ هه‌ڵبژاردن‌و وا وێنای ده‌كه‌ن كه‌ هه‌وڵێكه‌ له‌خزمه‌ت خه‌ڵكدا، به‌ڵام له‌به‌ره‌ی دووه‌مدا كه‌ به‌ره‌ی ده‌سه‌ڵاتداران‌و به‌رپرسانه‌، وێنای هه‌ڵبژاردن جۆرێكی دیكه‌یه‌، ئه‌وان وه‌ك هه‌ل‌و هه‌وڵێكی بزنس‌و ناز‌و نیعمه‌ت سه‌یریده‌كه‌ن‌و له‌چه‌ندین لاوه‌ لێی ده‌خۆن‌و دابه‌شیده‌كه‌ن به‌سه‌ر خزم‌و ده‌روێشه‌كانیاندا.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق