الأحد، 20 يونيو، 2010

یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان‌و داڕشتنی میتۆدێكی هه‌ڵه‌

هادی ئه‌مین

له‌ لاپه‌ڕه‌ 16ی ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی ژماره‌ 634 بابه‌تێكم بڵاوكرده‌وه‌ به‌ناونیشانی: (یه‌كێتییه‌ك بۆ قائیمقامانی كوردستان، له‌سه‌ر ئاوازی یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان)، تێیدا ده‌مپرسی: بۆچی (مه‌رجی موماره‌سه‌ی فیعلی پیشه‌) له‌ یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان بوونی نییه‌ بۆ ئه‌ندامه‌كانی، له‌كاتێكدا له‌سه‌ر بنه‌مای پیشه‌ی په‌رله‌مانتاری ئه‌ندام وه‌رده‌گرێت؟ چونكه‌ ده‌ركه‌وت زۆربه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌و یه‌كێتییه‌ په‌رله‌مانتارنیین، به‌ڵكو په‌رله‌مانتاری خانه‌نشینكراون، بێگومان په‌رله‌مانتار كه‌سێكه‌ كه‌ ئێستا موماره‌سه‌ی كاری په‌رله‌مانی بكات‌و ئه‌ندام په‌رله‌مان بێت.

ده‌مپرسی: بۆچی په‌رله‌مان له‌ ساڵی 2006دا هه‌ر له‌ بیری خۆیاندا بووه‌، بۆچی یاسایه‌كیان دانه‌نا بۆ هه‌ریه‌ك له‌ (یه‌كێتی وه‌زیرانی كوردستان، یه‌كێتی راوێژكاران، یه‌كێتی قایمقامان، یه‌كێتی مدیر ناحێكانی كوردستان...)، خۆ هه‌ر یه‌ك له‌و توێژانه‌ش رێژه‌یه‌ك خانه‌نشینیان هه‌یه‌، بۆچی بۆ (به‌گه‌رخستنی شاره‌زاییه‌كانیان) یاسای یه‌كێتییان پێ ڕه‌وانه‌بینیون؟

یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان، وه‌ڵامی ئه‌و وتاره‌ی منی دایه‌وه‌ له‌ ماڵپه‌ره‌كه‌ی خۆیاندا، له‌ژێر ناونیشانی: (یه‌كه‌م ناڕازیی بوون له‌ لایه‌ن شۆڤینیه‌ عه‌ره‌به‌كان‌و دووه‌م ناڕازی بوون له‌ لایه‌ن نوسه‌رێكی كورد). وه‌ڵامه‌كه‌یان له‌ ده‌خاڵدا خۆی ده‌بینێته‌وه‌، كه‌ هه‌ندێكیان هیچ په‌یوه‌ندیان نییه‌ به‌ ره‌خنه‌‌و پرسیاره‌كانی منه‌وه‌ بۆیه‌ قسه‌یان له‌سه‌ر ناكه‌م.

له‌خاڵی چواره‌می وه‌ڵامه‌كه‌یدا یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان به‌رامبه‌ر به‌من نوسیوێتی "لێره‌دا شتێك خۆی به‌دیارده‌خات ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ناوبراو كینه‌یه‌كی پێسپیردراوه‌ دژی ئه‌و ده‌سكه‌وته‌ گرنگه‌ی بۆ گه‌لی كوردستان هاتۆته‌ كایه‌وه‌".

كاتێك ئه‌و وه‌ڵامه‌یانم خوێنده‌وه‌ له‌خۆم پرسی ئه‌رێ ئه‌وه‌ یه‌كێتی په‌رله‌مانتاران كوردستان‌و شاره‌زایانی یاسان به‌و جۆره‌ وه‌ڵامی ره‌خنه‌ ده‌ده‌نه‌وه‌! ئه‌ی ئه‌بێت ئاستی تێگه‌یشتنی ئه‌وانه‌ چۆن بێت، كه‌ شاره‌زایی یاساییان نییه‌!

یه‌كێتی په‌رله‌مانتاران‌و داڕشتنی میتۆد‌و پێشه‌كییه‌كی هه‌ڵه‌:
یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان، له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌كه‌یدا بۆ مه‌حكومكردنی ره‌خنه‌كانم، په‌نایبردوه‌ته‌به‌ر به‌كارهێنانی میتۆد‌و پێوانه‌یه‌كی باوی نازانستی.

ئه‌و میتۆده‌ زۆرجار به‌كارده‌هێنرێت بۆ مه‌حكومكردنی پرسێك یان كه‌سێك، میتۆده‌كه‌ به‌ سێ هه‌نگاو كارده‌كات. له‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا رسته‌یه‌كی پێشه‌كی كوشنده‌ داده‌ڕێژرێت، له‌ هه‌نگاوی دووه‌مدا رسته‌ی ناوه‌ند دروستده‌كات، بۆئه‌وه‌ی بگاته‌ هه‌نگاوی سێیه‌م‌و دروستكردنی وێنه‌‌و ئه‌نجامی حوكمدان له‌ زهنی ده‌وروبه‌ردا، به‌ڵام مه‌رج نییه‌ قۆناغی سێیه‌م به‌ ئاشكرا بوترێت، به‌ڵكو ته‌نها بۆئه‌وه‌یه‌ وێنه‌یه‌ك له‌ زهنی ده‌وروبه‌ردا دروستبكرێت به‌و جۆره‌ی كه‌ پێشه‌كی‌و رسته‌ی ناوه‌ند ده‌یخوازێت.

بۆنموونه‌، له‌كاتی مه‌حكومكردنی یه‌كێك كه‌ پێده‌كه‌نێت، له‌ سه‌ره‌تا پێشه‌كییه‌كی كوشنده‌ی بۆ داده‌نێن ده‌وترێت: (پێكه‌نین به‌بێ هۆ، نیشانه‌ی بێ ئه‌ده‌بیه‌)، ئه‌ویش بۆ گه‌یشتن به‌ هه‌نگاوی دووه‌م، تا بوترێت: (فڵان پێكه‌نی به‌بێ هۆ)، به‌مه‌به‌ستی رێخۆشكردن بۆ هه‌نگاوی سێیه‌م‌و مه‌حكومكردن بۆئه‌وه‌ی وا له‌ ده‌وروبه‌ر بگه‌ینرێت: (كه‌واته‌ فڵان بێئه‌ده‌به‌).

یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان، به‌و میتۆده‌ نازانستییه‌ ده‌یه‌وێت مه‌حكومی ره‌خنه‌كانم بكات‌و له‌گرنیگییان كه‌مبكاته‌وه‌، له‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا رسته‌یه‌كی پێشه‌كی كوشنده‌ی داڕشتوه‌‌و نوسیویه‌تی: (یه‌كه‌م ناڕازییبوون له‌سه‌ر پێكهێنانی یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان له‌لایه‌ن شۆفینیه‌ عه‌ره‌به‌كانه‌وه‌ بوو)، له‌ هه‌نگاوی دووه‌مدا ده‌ڵێت: (دووه‌م ناڕازی بوون له‌لایه‌ن نوسه‌رێكی كورده‌وه‌ بوو)، هه‌روه‌ها وه‌ك هه‌نگاوی دووه‌م نوسیوێتی: (هادی ئه‌مین چه‌ند دێرێكی به‌هه‌مان بیرو بۆچوونی ئه‌و شۆفێنیانه‌ بڵاوكرده‌وه‌)، ئه‌ویش بۆئه‌وه‌ی بگاته‌ هه‌نگاوی سێیه‌م له‌ زهنی خوێنه‌ردا، واته‌ بۆئه‌وه‌ی بگاته‌ ئه‌نجامی: (كه‌واته‌ هادی ئه‌مین شۆڤێنیه‌، كه‌واته‌ ره‌خنه‌كانی به‌رئه‌نجامی دیدێكی شۆڤێنیانه‌یه‌، كه‌واته‌ ره‌خنه‌كانی گرنگ نین).

ئه‌و میتۆد‌و پێوانه‌یه‌ هه‌مووجارێك راست نییه‌، مه‌رج نییه‌ هه‌موو حاڵه‌ته‌كان وه‌ك یه‌ك بن، له‌ په‌ندی كوردی خۆماندا په‌ندێك ئه‌م كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌رده‌كات‌و ده‌ڵێت: (هه‌موو ریش سورێك هه‌مزه‌ئاغا نییه‌)، بۆیه‌ به‌یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان ده‌ڵێم هه‌موو ره‌خنه‌گرێك شۆڤێنی نییه‌‌و ده‌ستی ده‌ره‌كی‌و له‌پشته‌وه‌ نییه‌‌و كینه‌ی پێ نه‌سپێردراوه‌.

له‌ په‌ره‌گرافی یه‌كه‌می وه‌ڵامدانه‌وه‌كه‌یدا یه‌كێتی په‌رله‌مانتاران نوسیوێتی: "پاش كۆنگره‌ی یه‌كه‌می یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان له‌ 29 / 5/2008 دا ، له‌ به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌تی كه‌ناڵی الجزیره‌ ده‌نگی ناڕازی بوون له‌سه‌ر دروستبوونی، له‌ لایه‌ن شۆفێنیه‌ عه‌ره‌به‌كانه‌وه‌ به‌رز بوه‌وه‌، ئه‌وه‌یان به‌ سه‌ره‌تای پێكهێنانی ده‌وڵه‌تی كوردی له‌قه‌ڵه‌م دا."

یه‌كێتی په‌رله‌مانتاران، دیارینه‌كردووه‌ ئه‌و شۆڤێنییه‌ كێیه‌ كه‌ له‌ كه‌ناڵی ئه‌لجـه‌زیره‌ ده‌نگی ناڕازیبوون له‌سه‌ر دروستبوونی یه‌كێتییه‌كه‌یان به‌رزكرده‌وه‌، من‌و خوێنه‌رانی به‌رێزیش هه‌قمانه‌ بپرسین، بۆ ناوه‌كه‌یتان نه‌نوسیوه‌!!؟

له‌ كتێبی چالاكییه‌كانی ساڵی 2008دا گه‌ڕام بۆ روونكردنه‌وه‌ی یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان له‌سه‌ر ناڕه‌زایبونه‌كانی ئه‌و شۆڤێنیه‌ی كه‌ له‌ ئه‌لجه‌زیره‌وه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر یه‌كێتی په‌رله‌مانتاران كردووه‌، به‌ڵام هیچم نه‌دۆزیه‌وه‌! بێگومان خۆ نابێت وه‌ڵامی ئه‌و شۆڤێنیه‌ عه‌ره‌به‌یان نه‌دابێته‌‌وه‌و شه‌ڕه‌كه‌ی به‌من بفرۆشن، بێگومان قسه‌كردن له‌ كه‌ناڵێكی گه‌وره‌ی وه‌ك ئه‌لجه‌زیره‌ كاریگه‌ری گه‌وره‌ی هه‌یه‌‌و ناشێت وه‌ڵامنه‌درابێته‌وه‌، چ به‌ده‌نگی یان به‌نوسراو.

ئه‌توانم بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ ئه‌رشیفه‌ ده‌نگ‌و ره‌نگییه‌كانی ئه‌لجه‌زیره‌، به‌ڵام زیاتر مه‌به‌ستی من خوێندنه‌وه‌ی وه‌ڵامی یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستانه‌ بۆ ئه‌و شۆڤێنیه‌، ئه‌ویش له‌به‌ر دوو هۆكار:

1ـ ده‌مه‌وێت له‌ڕێی وه‌ڵامی یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ جۆری ناڕه‌زاییبونی ئه‌و شۆڤێنیه‌ بخوێنمه‌وه‌، تا بزانم كوێی ناڕه‌زایبونه‌كه‌ی ئه‌و شۆڤێنیه‌ ته‌ریبه‌ له‌گه‌ڵ ره‌خنه‌كانی مندا، چونكه‌ یه‌كێتی په‌رله‌مانتاران نوسیوێتی: "هادی ئه‌مین چه‌ند دێرێكی به‌هه‌مان بیرو بۆچوونی ئه‌و شۆفێنیانه‌ بڵاوكرده‌وه‌".

بێگومان له‌ وه‌ڵام‌و روونكردنه‌وه‌ی یه‌كێتی په‌رله‌مانتاران بۆ ئه‌و شۆڤێنییه‌، ده‌بێت هه‌ندێك تێكستی هه‌ڵه‌ی ئه‌ویان دانابێت‌و ره‌خنه‌یان لێگرتبێت. یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان تكایه‌ له‌كوێدا وه‌ڵامی ئه‌و شۆڤێنیه‌تان داوه‌ته‌وه‌؟

2ـ هه‌روه‌ها بۆئه‌وه‌ی جۆر‌و زمانی وه‌ڵامدانه‌وه‌كه‌ی یه‌كێتی په‌رله‌مانتاران به‌راودبكه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌و زمانه‌ی وه‌ڵامی ره‌خنه‌كانی منیان پێداوه‌ته‌وه‌، تا بزانم ئایا كابراكه‌ی ئه‌لجه‌زیره‌یان به‌شۆڤێنی وه‌سفكردوه‌، یان هه‌ر شه‌ڕه‌كه‌ی به‌من ده‌فرۆشن.

یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان‌و جۆری ئه‌ندامێتی:
یه‌كێتی په‌رله‌مانتاران له‌ خاڵی دووه‌می وه‌ڵامدانه‌وه‌كه‌یدا به‌رامبه‌ر به‌ وتاره‌كه‌م نوسیوێتی: "كاری یه‌كێتی په‌رله‌مانتاران بۆ به‌گه‌ڕ خستنی شاره‌زایی یاسا دانه‌رییه‌، نه‌ك رێكخراوێكی پیشه‌یی، وه‌كو نوسه‌ر له‌سه‌ره‌تای نوسینه‌كه‌یدا باسی كردووه‌."

منیش ده‌ڵێم: له‌به‌رئه‌وه‌ی یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان، كۆمه‌ڵه‌ یان رێكخراوێكی NGO نییه‌، به‌ڵكو وه‌ك رێكخراوێكی پیشه‌یی‌و له‌سه‌ر بنه‌مای پیشه‌ ئه‌ندام وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه‌ بۆچی مه‌رجی (موماره‌سه‌ی فیعلی پیشه‌) به‌هه‌ندوه‌رناگیرێت؟

به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆیی یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان، په‌رله‌مانتاره‌ خانه‌نشیكراوه‌كانی خوله‌كانی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان‌و عێراق ئه‌ندامی یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانن. ده‌پرسم له‌كوێی مه‌نتیقدا جێی ده‌بێته‌وه‌، یه‌كێتییه‌ك هه‌بێت له‌سه‌ر بنه‌مای پیشه‌ ئه‌ندام وه‌ربگرێت، به‌ڵام (مه‌رجی موماره‌سه‌ی فیعلی پیشه‌) گرنگ نه‌بێت تیایدا؟

ئاخر له‌ یه‌كێتییه‌ پێشه‌ییه‌كاندا، ئه‌ندام ده‌بێت موماره‌سه‌ی فیعلی پیشه‌كه‌ بكات، ئه‌وجا بۆی هه‌یه‌ ببێته‌ ئه‌ندام، بۆنموونه‌ له‌ یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستاندا، هه‌موو ئه‌ندامان مامۆستان، هه‌روه‌ها له‌ یه‌كێتی ئه‌ندازیارانی كوردستان، هه‌موو ئه‌ندامه‌كانی ئه‌ندازیارن، ئه‌ی بۆچی (مه‌رجی موماره‌سه‌ی فیعلی پیشه‌) له‌ یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستاندا بوونی نییه‌ بۆ ئه‌ندامێتی؟

خۆئه‌گه‌ر ئه‌ندامانی یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان پێكبهتایه‌ له‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ كوردانه‌ی كه‌ ئێستا په‌رله‌مانتارن له‌ په‌رله‌مانی (كوردستان، عێراق، په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ كوردی تیایه‌)، ئه‌وا بێگومان هه‌زار ده‌ستخۆشیمان لێده‌كرد‌و ده‌بویه‌ ده‌ستكه‌وتێكی مه‌زنی نه‌ته‌وه‌ی كورد.

یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی له‌ خاڵی نۆیه‌می وه‌ڵامه‌كایدا نوسیوێتی: (هادی، باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ ڕه‌نگه‌ بیرۆكه‌ی دامه‌زراندنی له‌ دراوسێكانه‌وه‌ وه‌رگیرابێ ، ڕاسته‌ نه‌ك له‌ دراوسێكان به‌ڵكو له‌گشت گه‌لان و ده‌وڵه‌تانی جیهانیه‌وه‌یه‌ ، ئه‌و به‌رێزه‌ پێیناخۆشه‌ گه‌لی كوردستانیش ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ی هه‌بێ‌.)

له‌وتاری پێشومدا نوسیوبم: "بیرم له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ ره‌نگه‌ بیرۆكه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان له‌ دراوسێكانه‌وه‌ وه‌رگیرابێت، بۆیه‌ له‌ ئینته‌رنێت گه‌رام بۆ دۆزینه‌وه‌ی یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی عه‌رب، ماڵپه‌ڕه‌كه‌یانم دۆزیه‌وه‌، بینیم عه‌ره‌به‌كان یه‌كێتییه‌كیان به‌و ناوه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌ندامه‌كانی بریتینین له‌ خانه‌نشینكراوه‌كان، به‌ڵكو ئه‌وانه‌ن كه‌ به‌ فیعلی له‌ وڵاته‌كانی خۆیاندا ئه‌ندام په‌رله‌مانن، به‌هه‌موو وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كان په‌رله‌مانێكیان دروستكردووه‌ بۆ تاوتوێی بابه‌ته‌ هاوبه‌شه‌كان".

لێره‌شدا ده‌پرسم له‌كام وڵاتدا په‌رله‌مانتاره‌ خانه‌نشینكراوه‌كان له‌ یه‌كێتی په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌دان‌و موچه‌ی خانه‌نیشنی وه‌رده‌گرن، تكایه‌ ناوی وڵاته‌كه‌مان بۆ بنوسن.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێم، په‌رله‌مانتاره‌كانی خولی پێشوو له‌ ساڵی 2006‌و به‌یاسای ژماره‌ 17، خۆیان یاسای یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانیان داناوه‌ بۆ توێژی په‌رله‌مانتار، پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌: بۆچی هه‌ر له‌ بیری خۆیاندا بوون، بۆچی یاسایان دانه‌نا بۆ هه‌ره‌یه‌ك له‌ (یه‌كێتی وه‌زیرانی كوردستان، یه‌كێتی راوێژكاران، یه‌كێتی قایمقامان، یه‌كێتی مدیر ناحێكانی كوردستان...)، خۆ هه‌ر یه‌ك له‌و توێژانه‌ش خانه‌نشینیان هه‌یه‌‌و له‌بواره‌كه‌ی خۆیاندا به‌ئه‌زموونن‌و بۆچی بۆ "به‌گه‌ڕ خستنی شاره‌زایی" یان له‌بواره‌كانی خۆیاندا یه‌كێتیان بۆ دروستنه‌كردوون؟

له‌هه‌مووی سه‌یرتر ئه‌وه‌یه‌، كه‌سێك بۆ ماوه‌ی چوارساڵ ئه‌ندام په‌رله‌مان بێت، ئیتر دوای خانه‌نشینیش پێناسی (یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان) هه‌ڵبگریت‌و سوودمه‌ندبیت له‌ خێروبه‌ره‌كه‌تی ئه‌و یه‌كێتییه‌‌و به‌ چوارساڵ خزمه‌ت موچه‌یه‌كی به‌رزی خانه‌نشینی وه‌ربگرێت؟

یه‌كێتی په‌رله‌مانتاران له‌ خاڵی حه‌وته‌می وه‌ڵامه‌كه‌یاندا نوسوێتی: "كاری یه‌كێتی په‌رله‌مانتاران خۆبه‌خشه‌". منیش ده‌ڵێم رێكخراوێك كه‌ داكۆكی له‌ موچه‌ی خانه‌نشی به‌رز بكات بۆ ئه‌ندامه‌كانی، ئه‌وا هیچ هونه‌ر نییه‌ ئه‌ندامه‌كانی به‌خۆبه‌خشی كاری بۆ بكه‌ن.

له‌ كتێبی كارو چالاكییه‌كانی یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان بۆ ساڵی 2009، روونكردنه‌وه‌ی تایبه‌تیان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ بۆ داكۆكیكردن له‌ ماف‌و ئیمتیازاتی په‌رله‌مانتار له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتاری خانه‌نشینكراو.

له‌ لاپه‌ڕه‌ 25ی ئه‌و كتێبه‌دا له‌ژێر ناونیشانی روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستانه‌وه‌، وه‌ك ناڕازییبوونێك له‌ ره‌خنه‌ی میدیاكان نوسیویانه‌: (به‌ به‌رده‌وامی زۆربه‌ی میدیاكان له‌ مووچه‌ی په‌رله‌مانتار ده‌پێچنه‌وه‌... ئایا به‌و چه‌ند سه‌د كه‌سه‌ی په‌رله‌مان چاره‌سه‌ری به‌رزبوونه‌وه‌ی موچه‌ی زیاتر له‌ ملیۆنێك كارمه‌ندی حكومه‌ت ده‌كرێ؟ یان گرنگی نه‌دان به‌ ئه‌زموون‌و شاره‌زایی په‌رله‌مانتارانی خوله‌كانی پێشوو... ئه‌م هه‌ڵسوكه‌وته‌ نادروستانه‌ له‌پای چی؟).

پێشنیاز بۆ په‌رله‌مانی كوردستان:
جێگه‌ی به‌رزنرخاندنه‌ ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مانی كوردستاندا كاربكات بۆئه‌وه‌ی ئه‌ندامانی یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان پێكبێت له‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ كوردانه‌ی كه‌ ئێستا په‌رله‌مانتارن له‌ په‌رله‌مانی (كوردستان، عێراق، په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ كوردی تیایه‌)، كه‌ ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ ده‌ستكه‌وتێكی نه‌ته‌وه‌یی گرنگ بۆ تاوتوێی ئه‌و پرسانه‌ی كه‌ رووبه‌رووی نه‌ته‌وه‌ی كورد ده‌بێته‌وه‌ له‌سه‌رجه‌م جیهاندا.

به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان به‌و میتۆد‌و ئاوازه‌ی كه‌ ئێسته‌ هه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت، كه‌ په‌رله‌مانتار‌و خانه‌نشینكراو ئه‌ندامن تیادا، ئه‌وا با په‌رله‌مانی كوردستان مافی توێژه‌كانی دیكه‌ش بدات‌و كاربكات بۆ ده‌رچواندنی یاسای (یه‌كێتی وه‌زیرانی كوردستان، یه‌كێتی راوێژكارانی، یه‌كێتی قایمقامان، یه‌كێتی به‌ڕێوبه‌ره‌ گشتییه‌كان، یه‌كێتی مدیر ناحیه‌كانی كوردستان...) هه‌موو خانه‌نشینكراوه‌كانی ئه‌و توێژانه‌ له‌و یه‌كێتیانه‌دا بكه‌نه‌ ئه‌ندام، به‌پاساوی "به‌گه‌ڕخستنی شاره‌زایی" ئه‌ندامانی هه‌ریه‌ك له‌و توێژانه‌ له‌ بواره‌كانی خۆیاندا.

تێبینی:
سه‌ره‌تا ئه‌م بابه‌ته‌م نارد بۆ ماڵپه‌ڕی یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان، به‌ڵام بڵاویاننه‌كرده‌وه‌.

Hadi.ameen@gmail.com

الأحد، 6 يونيو، 2010

یه‌كێتییه‌ك بۆ قائیمقامانی كوردستان، له‌سه‌ر ئاوازی یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان

هادی ئه‌مین

له‌كوێی مه‌نتیق‌و یاسادا جێی ده‌بێته‌وه‌، ئه‌ندامانی یه‌كێتییه‌كی پیشه‌یی، موماره‌سه‌ی فیعلی پیشه‌كه‌ی خۆیان نه‌كه‌ن‌و له‌و یه‌كێتییه‌شدا ئه‌ندام بن؟! هه‌روه‌ها یه‌كێتییه‌كه‌ش یاسا بۆ خۆی دابنێت‌و له‌ سامانی میلله‌تیش ببه‌خشێت به‌خۆی؟!

له‌ هه‌فته‌ی رابردوودا هه‌واڵی ئه‌وه‌مان خوێنده‌وه‌ كه‌ كۆنگره‌ی دووه‌می یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چووه‌، وه‌ك ده‌ڵێن ئه‌و یه‌كێتییه‌ له‌ساڵی 2006ه‌وه‌ دامه‌زراوه‌‌و تائێستا خاوه‌نی 500 ئه‌ندامه‌!!

ئه‌و هه‌واڵه‌ سه‌رنجی راكێشام، له‌خۆم پرسی: باشه‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانی كوردستان له‌ یه‌ك هۆڵدا داده‌نیشن، ئیتر پێویستیان به‌ یه‌كێتی چییه‌، خۆ ئه‌وان وه‌ك توێژی مامۆستا نین، كه‌ هه‌ره‌یه‌كه‌یان له‌ گوند‌و قه‌زایه‌كن، دووریان له‌ یه‌كدی‌و كێشه‌ جۆراوجۆره‌كانیان ده‌خوازێت یه‌كێتییه‌كان هه‌بێت بۆ داكۆكی له‌ مافه‌كانیان؟ به‌ڵام په‌رله‌مانتاره‌كان دورنین له‌ یه‌كدی‌و كێشه‌ی جۆراوجۆریشیان نییه‌، ئیتر پێویستیان به‌ یه‌كێتی چییه‌، هه‌وره‌ها له‌خۆم ده‌پرسی باشه‌ ئه‌و 500 ئه‌ندامه‌ی كه‌ هه‌یانه‌ كێن؟ خۆ ژماره‌ی په‌رله‌مانتاره‌كان له‌ 111 په‌رله‌مانتار زیاتر نیین!

له‌ ئه‌نجامدا گه‌یشتمه‌ وه‌ڵامێكی سه‌یر، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌: زۆرێك له‌ ئه‌ندامانی یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان په‌رله‌مانتار نین، بێگومان په‌رله‌مانتار كه‌سێك كه‌ ئێستا موماره‌سه‌ی فیعلی پیشه‌ی په‌رله‌مانی بكات.

بۆ زیاتر روونبوونه‌وه‌ی پرسیاره‌كانم ده‌رباره‌ی یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان، گه‌ڕام به‌دوای یاسا‌و پێڕه‌وی ناوخۆییاندا، كه‌ له‌ ماڵپه‌ره‌كه‌ی خۆیاندا ده‌ستمكه‌وت، بینیم تیادا نوسراوه‌: ئه‌ندامانی یه‌كێتییه‌كه‌ پێكدێن له‌وانه‌ی كه‌ له‌ یه‌كێك له‌ خوله‌كانی په‌رله‌مانه‌كانی كوردستان‌و عێراق ئه‌ندام‌و نوینه‌ری كورد بووبن. واته‌ په‌رله‌مانتاره‌ خانه‌نشینه‌كانیش ئه‌ندامن.

دوای ئه‌وه‌ی كه‌ زانیم زۆرێك له‌ ئه‌ندامه‌كانی ئه‌و یه‌كێتییه‌ په‌رله‌مانتار نیین، پرسیاری دیكه‌م لا دروستبوو، له‌خۆم ده‌پرسی بۆچی ئه‌و یه‌كێتییه‌ به‌لایه‌وه‌ گرنگ نییه‌ ئه‌ندامه‌كانی موماره‌سی فیعلی پیشه‌كه‌ بكه‌ن؟

ئاخر له‌ یه‌كێتیه‌ پێشه‌ییه‌كاندا ئه‌ندام ده‌بێت موماره‌سه‌ی فیعلی پیشه‌كه‌ بكات، ئه‌وجا بۆی هه‌یه‌ ببێته‌ ئه‌ندام، بۆنموونه‌ له‌ یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستاندا، هه‌موو ئه‌ندامان مامۆستان، هه‌روه‌ها له‌ یه‌كێتی ئه‌ندازیارانی كوردستان، هه‌موو ئه‌ندامه‌كانی ئه‌ندازیارن، ئه‌ی بۆچی (مه‌رجی موماره‌سه‌ی فیعلی پیشه‌) له‌ یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستاندا بوونی نییه‌ بۆ ئه‌ندامێتی؟

ئه‌زانن وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ زۆر سه‌یرنییه‌، ئه‌ویش له‌به‌رئه‌وه‌ی په‌رله‌مانتاره‌كانی خولی پێشوو خۆیان ئه‌و یاسایه‌یان بۆ خۆیان داناوه‌، له‌ ساڵی 2006‌و به‌یاسای ژماره‌ 17، ئیتر ویستویانه‌ به‌و شێوه‌یه‌ بێت، تا له‌ كاتی خانه‌نشین بوونیشدا بتوانن له‌ دامه‌زاروه‌یه‌كی له‌وشێوه‌یه‌دا بن.

بۆیه‌ هه‌قی خۆیه‌تی له‌و ئه‌ندامانه‌ی خولی پێشوو بپرسین: بۆچی هه‌ر له‌ بیری خۆتاندا بوون، بۆچی یاسایه‌كتان دانه‌نا بۆ هه‌ره‌یه‌ك له‌ (یه‌كێتی وه‌زیرانی كوردستان، یه‌كێتی راوێژكاران، یه‌كێتی قایمقامان، یه‌كێتی مدیر ناحێكانی كوردستان...)، خۆ هه‌ر یه‌ك له‌وانه‌ش ئه‌وانیش رێژه‌یه‌ك خانه‌نشینیان هه‌یه‌، به‌هۆی كابینه‌ جیاجیاكانی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌؟

بۆ زیاتر تێگه‌یشتن له‌ یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان، سه‌یری ئامانجه‌كه‌یانم كرد ئه‌ویش له‌ یاسا‌و پێڕه‌وی ناوخۆیاندا، كه‌ ئه‌مانه‌ نوسراوبوون: (یه‌كه‌م: كار بۆ به‌كارخستنی شاره‌زایی یاسادانه‌ریو فه‌رهه‌نگی‌و زانستی ئه‌ندامانی یه‌كێتی ده‌كات، بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی ئه‌و پڕۆژه‌‌و پێشنیازانه‌ی كه‌ پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كرێن‌و به‌شداری ده‌كه‌ن له‌ په‌ره‌پێدانی ئه‌و یاسایانه‌ی له‌ هه‌رێمدا به‌كارن. دووه‌م: ئاماده‌كاری له‌و توێژینه‌وه‌‌و لێكۆڵینه‌وانه‌ی به‌ كاری په‌رله‌مانیه‌وه‌ په‌یوه‌نددارن. سێیه‌م: بڵاوكردنه‌وه‌ی وشیاری‌و فه‌رهه‌نگی دیموكراسی‌و سه‌ره‌تاكانی مافی مرۆڤ. چواره‌م: كار بۆ چوونه‌ پاڵی ئه‌و رێكخراوو یه‌كێتییه‌ نێوده‌وڵه‌تییانه‌ ده‌كات كه‌ ئامانجی هاوشێوه‌ی یه‌كێتییه‌كه‌یه‌. هه‌روه‌های له‌ خاڵه‌كانی دیكه‌دا نوسیویانه‌: به‌شداری له‌ چالاكییه‌ په‌رله‌مانییه‌كانی جیهان، داكۆكیكردن له‌ مافه‌كانی گه‌لی كورد، به‌گه‌رخستنی میكانیزمه‌كانی داكۆكی له‌ مافی هاوڵاتیان).

له‌خوێندنه‌وه‌ی ئامانجه‌كانه‌وه‌ گومانی ئه‌وه‌م لادروستبوو، كه‌ ئه‌و یه‌كێتیه‌یان بۆیه‌ داناوه‌ تا ده‌رفه‌تی فه‌رمی بڕه‌خسێنن بۆ خۆیان، بۆئه‌وه‌ی كاتێك كه‌ خانه‌نشین بوون بتوانن به‌شداریبكه‌ن له‌ كۆڕ‌و چالاكییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات، داكۆكی له‌ مافی زیاتر بكه‌ن بۆ خۆیان.. ئه‌و پرسیاره‌ش هات به‌ خه‌یاڵمدا‌و ده‌موت: ئه‌ی بۆچی وه‌زیر‌و قایمقامه‌ خانه‌نشینكراوه‌كانیان له‌و مافانه‌ بێبه‌شكردووه‌‌و له‌سه‌ر ئه‌و ئاوازه‌ی خۆیان یاسای یه‌كێتییان پێ ڕه‌وا نه‌بینیون؟

ئه‌و گومانه‌ی سه‌ره‌وه‌شم كاتێك هه‌ڵه‌ ده‌بێت، ئه‌گه‌ر یه‌كێتی ناوبراو، راپۆرتی دارایی‌و چالاكییه‌كانی خۆی بڵاوبكاته‌وه‌، كه‌ بۆ هه‌مووان ده‌ركه‌وت سه‌ه‌فكردنی داراییه‌كانیان‌و چالاكییه‌كان له‌ خزمه‌تی خه‌ڵكن،‌و هه‌وڵیاننه‌داوه‌ بۆ دابچڕینی ئیمتیازات بۆ ئه‌ندامه‌كانییان، ئه‌وكات گومانه‌كه‌ی منیش به‌تاڵ ده‌بێته‌وه‌.

له‌ راستیدا تا ئێستا به‌رهه‌می توێژینه‌وه‌‌و كاروسیمیناری هۆشیاری یاسایی ئه‌و یه‌كێتییه‌م نه‌بینوه‌، به‌پێی ئه‌و خاڵانه‌ی كه‌ له‌ ئامانجه‌كاندا نوسیویانه‌، نه‌مبینیوه‌ فه‌رهه‌نگ‌و توێژینه‌وه‌‌و یاسایی‌و تایبه‌ت به‌ كاری په‌رله‌مانی بڵاوبكه‌نه‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ رووداوی تیرۆركردنی رۆژنامه‌نوس‌و خوێندكار (سه‌رده‌شت عوسمان)یش هیچ هه‌ڵوێستێكی ئه‌وانم نه‌بیست!

وتم با بزانم دارایی ئه‌م یه‌كێتییه‌ له‌ چی پێكدێت، بۆیه‌ سه‌یری په‌یڕه‌وی ناخۆییانم كرد، كه‌چی شتێكی زۆر سه‌یرم بینی، بینیم نوسراوه‌: دارایی ئه‌م یه‌كێتیه‌ پێكدێت له‌: ئابونه‌ی ئه‌ندامان، به‌خششی په‌رله‌مان‌و حكومه‌تی هه‌رێم، خه‌ڵات‌و پیتاك، قازانجی چاپه‌مه‌نی.

جگه‌ له‌ به‌خششی حكومه‌ت، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئه‌م یه‌كێتییه‌ خۆی یاسای بۆ خۆی داناوه‌ له‌ ساڵی 2006‌و هه‌ر خۆشی دارایی به‌خۆی ده‌دات، ئه‌وه‌تا له‌خاڵی دووه‌مدا نوسراوه‌ به‌خششی په‌رله‌مان... ئاخر چۆن ده‌بێت یاسا بۆ خۆت دابنێت‌و پاره‌ش به‌خۆت بده‌ت!!

ئاخر چۆن ده‌بێت، بۆ ماوه‌ی چوارساڵ ئه‌ندام په‌رله‌مان بیت، ئیتر دوای خانه‌نشینیش‌و تا مردن پێناسی (یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان) هه‌ڵبگریت‌و سوودمه‌ندبیت له‌ خێروبه‌ره‌كه‌تی ئه‌و یه‌كێتییه‌؟!

جگه‌ له‌وانه‌ش ئه‌ندامه‌ خانه‌نشینكراوه‌كانی ئه‌و یه‌كێتییه‌، له‌ڕووی مه‌عنه‌ویشه‌وه‌ سوودمه‌ندن، چونكه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێكیان به‌ بازگه‌یه‌كدا تێپه‌ڕێت، راسته‌وخۆ پێناسی (یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان) ده‌رده‌هێنن‌و پاسه‌وانه‌كانیش ده‌ڵێن فه‌رموو گه‌وره‌م، چونكه‌ ئه‌و واده‌زانێ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌، هه‌روه‌ك چۆن كاتێك مامۆستایه‌ك له‌ بازگه‌یه‌ك داوای ناسنامه‌ی لێده‌كرێت، پێناسی (یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان)ی نیشانده‌دات‌و پێی ده‌وترێت فه‌رموو مامۆستا.

بیرم له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ ره‌نگه‌ بیرۆكه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان له‌ دراوسێكانه‌وه‌ وه‌رگیرابێت، بۆیه‌ له‌ ئینته‌رنێت گه‌رام بۆ دۆزینه‌وه‌ی یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی عه‌رب، ماڵپه‌ڕه‌كه‌یانم دۆزیه‌وه‌، بینیم عه‌ره‌به‌كان یه‌كێتیكیان به‌و ناوه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌ندامه‌كانی بریتی نین له‌ خانه‌نشینكراوه‌كان، به‌ڵكو ئه‌وانه‌ن كه‌ به‌ فیعلی له‌ وڵاته‌كانی خۆیاندا ئه‌ندام په‌رله‌مانن، به‌هه‌موو وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كان په‌رله‌مانێكیان دروستكردووه‌ بۆ تاوتوێی بابه‌ته‌ هاوبه‌شه‌كان..

پێموایه‌ یه‌كێتی په‌رله‌منتارانی كوردستان دامه‌زاروه‌یه‌كی زیاده‌یه‌ له‌ كوردستاندا‌و هه‌ڵه‌یه‌كی مه‌نتقی‌و یاساییه‌‌و پێچه‌وانه‌ی یه‌كێتییه‌ پیشییه‌كانی دیكه‌ی كوردستانه‌، ئه‌گه‌ر كارده‌كه‌ن بۆ یاسادانان، ئه‌وا په‌رله‌مانمان هه‌یه‌.

بۆ ده‌ربازبوون له‌و هه‌ڵه‌ مه‌نتقییه‌، پێشنیارده‌كه‌م ناوی یه‌كێتییه‌ بگۆڕدرێت بۆ: (یه‌كێتی په‌رله‌مانتاره‌ خانه‌نشینكراوه‌كانی كوردستان). یان با په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ر له‌بیری ئه‌ندامه‌كانی خۆیدا نه‌بێت‌و مافی توێژه‌كانی دیكه‌شی بدات‌و كاربكات بۆ ده‌رچواندنی یاسای (یه‌كێتی وه‌زیرانی كوردستان، یه‌كێتی راوێژكارانی، یه‌كێتی قایمقامان، یه‌كێتی به‌ڕێوبه‌ره‌ گشتییه‌كان، یه‌كێتی مدیر ناحیه‌كانی كوردستان...) ئیتر له‌سه‌ر ئاوازی یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان به‌رده‌وامبن‌و چه‌ندین یه‌كێتی دیكه‌ دروستبكه‌ن!!! تكایه‌ هه‌ر له‌بیری خۆتاندا مه‌بن‌و دوای ده‌رچواندنی یاسای ئه‌و یه‌كێتییانه‌ ئۆتۆمبێلی ئاخر مۆدێلیشیان بۆ بكڕن، هه‌وره‌ك چۆن بۆخۆتانی به‌ حه‌ڵاڵ ده‌زانن بۆ توێژه‌كانی دیكه‌‌و خه‌ڵكی دیكه‌شی به‌حه‌ڵاڵ بزانن.



Hadi.ameen@gmail.com