الأحد، 6 يونيو، 2010

یه‌كێتییه‌ك بۆ قائیمقامانی كوردستان، له‌سه‌ر ئاوازی یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان

هادی ئه‌مین

له‌كوێی مه‌نتیق‌و یاسادا جێی ده‌بێته‌وه‌، ئه‌ندامانی یه‌كێتییه‌كی پیشه‌یی، موماره‌سه‌ی فیعلی پیشه‌كه‌ی خۆیان نه‌كه‌ن‌و له‌و یه‌كێتییه‌شدا ئه‌ندام بن؟! هه‌روه‌ها یه‌كێتییه‌كه‌ش یاسا بۆ خۆی دابنێت‌و له‌ سامانی میلله‌تیش ببه‌خشێت به‌خۆی؟!

له‌ هه‌فته‌ی رابردوودا هه‌واڵی ئه‌وه‌مان خوێنده‌وه‌ كه‌ كۆنگره‌ی دووه‌می یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چووه‌، وه‌ك ده‌ڵێن ئه‌و یه‌كێتییه‌ له‌ساڵی 2006ه‌وه‌ دامه‌زراوه‌‌و تائێستا خاوه‌نی 500 ئه‌ندامه‌!!

ئه‌و هه‌واڵه‌ سه‌رنجی راكێشام، له‌خۆم پرسی: باشه‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانی كوردستان له‌ یه‌ك هۆڵدا داده‌نیشن، ئیتر پێویستیان به‌ یه‌كێتی چییه‌، خۆ ئه‌وان وه‌ك توێژی مامۆستا نین، كه‌ هه‌ره‌یه‌كه‌یان له‌ گوند‌و قه‌زایه‌كن، دووریان له‌ یه‌كدی‌و كێشه‌ جۆراوجۆره‌كانیان ده‌خوازێت یه‌كێتییه‌كان هه‌بێت بۆ داكۆكی له‌ مافه‌كانیان؟ به‌ڵام په‌رله‌مانتاره‌كان دورنین له‌ یه‌كدی‌و كێشه‌ی جۆراوجۆریشیان نییه‌، ئیتر پێویستیان به‌ یه‌كێتی چییه‌، هه‌وره‌ها له‌خۆم ده‌پرسی باشه‌ ئه‌و 500 ئه‌ندامه‌ی كه‌ هه‌یانه‌ كێن؟ خۆ ژماره‌ی په‌رله‌مانتاره‌كان له‌ 111 په‌رله‌مانتار زیاتر نیین!

له‌ ئه‌نجامدا گه‌یشتمه‌ وه‌ڵامێكی سه‌یر، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌: زۆرێك له‌ ئه‌ندامانی یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان په‌رله‌مانتار نین، بێگومان په‌رله‌مانتار كه‌سێك كه‌ ئێستا موماره‌سه‌ی فیعلی پیشه‌ی په‌رله‌مانی بكات.

بۆ زیاتر روونبوونه‌وه‌ی پرسیاره‌كانم ده‌رباره‌ی یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان، گه‌ڕام به‌دوای یاسا‌و پێڕه‌وی ناوخۆییاندا، كه‌ له‌ ماڵپه‌ره‌كه‌ی خۆیاندا ده‌ستمكه‌وت، بینیم تیادا نوسراوه‌: ئه‌ندامانی یه‌كێتییه‌كه‌ پێكدێن له‌وانه‌ی كه‌ له‌ یه‌كێك له‌ خوله‌كانی په‌رله‌مانه‌كانی كوردستان‌و عێراق ئه‌ندام‌و نوینه‌ری كورد بووبن. واته‌ په‌رله‌مانتاره‌ خانه‌نشینه‌كانیش ئه‌ندامن.

دوای ئه‌وه‌ی كه‌ زانیم زۆرێك له‌ ئه‌ندامه‌كانی ئه‌و یه‌كێتییه‌ په‌رله‌مانتار نیین، پرسیاری دیكه‌م لا دروستبوو، له‌خۆم ده‌پرسی بۆچی ئه‌و یه‌كێتییه‌ به‌لایه‌وه‌ گرنگ نییه‌ ئه‌ندامه‌كانی موماره‌سی فیعلی پیشه‌كه‌ بكه‌ن؟

ئاخر له‌ یه‌كێتیه‌ پێشه‌ییه‌كاندا ئه‌ندام ده‌بێت موماره‌سه‌ی فیعلی پیشه‌كه‌ بكات، ئه‌وجا بۆی هه‌یه‌ ببێته‌ ئه‌ندام، بۆنموونه‌ له‌ یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستاندا، هه‌موو ئه‌ندامان مامۆستان، هه‌روه‌ها له‌ یه‌كێتی ئه‌ندازیارانی كوردستان، هه‌موو ئه‌ندامه‌كانی ئه‌ندازیارن، ئه‌ی بۆچی (مه‌رجی موماره‌سه‌ی فیعلی پیشه‌) له‌ یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستاندا بوونی نییه‌ بۆ ئه‌ندامێتی؟

ئه‌زانن وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ زۆر سه‌یرنییه‌، ئه‌ویش له‌به‌رئه‌وه‌ی په‌رله‌مانتاره‌كانی خولی پێشوو خۆیان ئه‌و یاسایه‌یان بۆ خۆیان داناوه‌، له‌ ساڵی 2006‌و به‌یاسای ژماره‌ 17، ئیتر ویستویانه‌ به‌و شێوه‌یه‌ بێت، تا له‌ كاتی خانه‌نشین بوونیشدا بتوانن له‌ دامه‌زاروه‌یه‌كی له‌وشێوه‌یه‌دا بن.

بۆیه‌ هه‌قی خۆیه‌تی له‌و ئه‌ندامانه‌ی خولی پێشوو بپرسین: بۆچی هه‌ر له‌ بیری خۆتاندا بوون، بۆچی یاسایه‌كتان دانه‌نا بۆ هه‌ره‌یه‌ك له‌ (یه‌كێتی وه‌زیرانی كوردستان، یه‌كێتی راوێژكاران، یه‌كێتی قایمقامان، یه‌كێتی مدیر ناحێكانی كوردستان...)، خۆ هه‌ر یه‌ك له‌وانه‌ش ئه‌وانیش رێژه‌یه‌ك خانه‌نشینیان هه‌یه‌، به‌هۆی كابینه‌ جیاجیاكانی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌؟

بۆ زیاتر تێگه‌یشتن له‌ یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان، سه‌یری ئامانجه‌كه‌یانم كرد ئه‌ویش له‌ یاسا‌و پێڕه‌وی ناوخۆیاندا، كه‌ ئه‌مانه‌ نوسراوبوون: (یه‌كه‌م: كار بۆ به‌كارخستنی شاره‌زایی یاسادانه‌ریو فه‌رهه‌نگی‌و زانستی ئه‌ندامانی یه‌كێتی ده‌كات، بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی ئه‌و پڕۆژه‌‌و پێشنیازانه‌ی كه‌ پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كرێن‌و به‌شداری ده‌كه‌ن له‌ په‌ره‌پێدانی ئه‌و یاسایانه‌ی له‌ هه‌رێمدا به‌كارن. دووه‌م: ئاماده‌كاری له‌و توێژینه‌وه‌‌و لێكۆڵینه‌وانه‌ی به‌ كاری په‌رله‌مانیه‌وه‌ په‌یوه‌نددارن. سێیه‌م: بڵاوكردنه‌وه‌ی وشیاری‌و فه‌رهه‌نگی دیموكراسی‌و سه‌ره‌تاكانی مافی مرۆڤ. چواره‌م: كار بۆ چوونه‌ پاڵی ئه‌و رێكخراوو یه‌كێتییه‌ نێوده‌وڵه‌تییانه‌ ده‌كات كه‌ ئامانجی هاوشێوه‌ی یه‌كێتییه‌كه‌یه‌. هه‌روه‌های له‌ خاڵه‌كانی دیكه‌دا نوسیویانه‌: به‌شداری له‌ چالاكییه‌ په‌رله‌مانییه‌كانی جیهان، داكۆكیكردن له‌ مافه‌كانی گه‌لی كورد، به‌گه‌رخستنی میكانیزمه‌كانی داكۆكی له‌ مافی هاوڵاتیان).

له‌خوێندنه‌وه‌ی ئامانجه‌كانه‌وه‌ گومانی ئه‌وه‌م لادروستبوو، كه‌ ئه‌و یه‌كێتیه‌یان بۆیه‌ داناوه‌ تا ده‌رفه‌تی فه‌رمی بڕه‌خسێنن بۆ خۆیان، بۆئه‌وه‌ی كاتێك كه‌ خانه‌نشین بوون بتوانن به‌شداریبكه‌ن له‌ كۆڕ‌و چالاكییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات، داكۆكی له‌ مافی زیاتر بكه‌ن بۆ خۆیان.. ئه‌و پرسیاره‌ش هات به‌ خه‌یاڵمدا‌و ده‌موت: ئه‌ی بۆچی وه‌زیر‌و قایمقامه‌ خانه‌نشینكراوه‌كانیان له‌و مافانه‌ بێبه‌شكردووه‌‌و له‌سه‌ر ئه‌و ئاوازه‌ی خۆیان یاسای یه‌كێتییان پێ ڕه‌وا نه‌بینیون؟

ئه‌و گومانه‌ی سه‌ره‌وه‌شم كاتێك هه‌ڵه‌ ده‌بێت، ئه‌گه‌ر یه‌كێتی ناوبراو، راپۆرتی دارایی‌و چالاكییه‌كانی خۆی بڵاوبكاته‌وه‌، كه‌ بۆ هه‌مووان ده‌ركه‌وت سه‌ه‌فكردنی داراییه‌كانیان‌و چالاكییه‌كان له‌ خزمه‌تی خه‌ڵكن،‌و هه‌وڵیاننه‌داوه‌ بۆ دابچڕینی ئیمتیازات بۆ ئه‌ندامه‌كانییان، ئه‌وكات گومانه‌كه‌ی منیش به‌تاڵ ده‌بێته‌وه‌.

له‌ راستیدا تا ئێستا به‌رهه‌می توێژینه‌وه‌‌و كاروسیمیناری هۆشیاری یاسایی ئه‌و یه‌كێتییه‌م نه‌بینوه‌، به‌پێی ئه‌و خاڵانه‌ی كه‌ له‌ ئامانجه‌كاندا نوسیویانه‌، نه‌مبینیوه‌ فه‌رهه‌نگ‌و توێژینه‌وه‌‌و یاسایی‌و تایبه‌ت به‌ كاری په‌رله‌مانی بڵاوبكه‌نه‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ رووداوی تیرۆركردنی رۆژنامه‌نوس‌و خوێندكار (سه‌رده‌شت عوسمان)یش هیچ هه‌ڵوێستێكی ئه‌وانم نه‌بیست!

وتم با بزانم دارایی ئه‌م یه‌كێتییه‌ له‌ چی پێكدێت، بۆیه‌ سه‌یری په‌یڕه‌وی ناخۆییانم كرد، كه‌چی شتێكی زۆر سه‌یرم بینی، بینیم نوسراوه‌: دارایی ئه‌م یه‌كێتیه‌ پێكدێت له‌: ئابونه‌ی ئه‌ندامان، به‌خششی په‌رله‌مان‌و حكومه‌تی هه‌رێم، خه‌ڵات‌و پیتاك، قازانجی چاپه‌مه‌نی.

جگه‌ له‌ به‌خششی حكومه‌ت، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئه‌م یه‌كێتییه‌ خۆی یاسای بۆ خۆی داناوه‌ له‌ ساڵی 2006‌و هه‌ر خۆشی دارایی به‌خۆی ده‌دات، ئه‌وه‌تا له‌خاڵی دووه‌مدا نوسراوه‌ به‌خششی په‌رله‌مان... ئاخر چۆن ده‌بێت یاسا بۆ خۆت دابنێت‌و پاره‌ش به‌خۆت بده‌ت!!

ئاخر چۆن ده‌بێت، بۆ ماوه‌ی چوارساڵ ئه‌ندام په‌رله‌مان بیت، ئیتر دوای خانه‌نشینیش‌و تا مردن پێناسی (یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان) هه‌ڵبگریت‌و سوودمه‌ندبیت له‌ خێروبه‌ره‌كه‌تی ئه‌و یه‌كێتییه‌؟!

جگه‌ له‌وانه‌ش ئه‌ندامه‌ خانه‌نشینكراوه‌كانی ئه‌و یه‌كێتییه‌، له‌ڕووی مه‌عنه‌ویشه‌وه‌ سوودمه‌ندن، چونكه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێكیان به‌ بازگه‌یه‌كدا تێپه‌ڕێت، راسته‌وخۆ پێناسی (یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان) ده‌رده‌هێنن‌و پاسه‌وانه‌كانیش ده‌ڵێن فه‌رموو گه‌وره‌م، چونكه‌ ئه‌و واده‌زانێ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌، هه‌روه‌ك چۆن كاتێك مامۆستایه‌ك له‌ بازگه‌یه‌ك داوای ناسنامه‌ی لێده‌كرێت، پێناسی (یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان)ی نیشانده‌دات‌و پێی ده‌وترێت فه‌رموو مامۆستا.

بیرم له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ ره‌نگه‌ بیرۆكه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان له‌ دراوسێكانه‌وه‌ وه‌رگیرابێت، بۆیه‌ له‌ ئینته‌رنێت گه‌رام بۆ دۆزینه‌وه‌ی یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی عه‌رب، ماڵپه‌ڕه‌كه‌یانم دۆزیه‌وه‌، بینیم عه‌ره‌به‌كان یه‌كێتیكیان به‌و ناوه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌ندامه‌كانی بریتی نین له‌ خانه‌نشینكراوه‌كان، به‌ڵكو ئه‌وانه‌ن كه‌ به‌ فیعلی له‌ وڵاته‌كانی خۆیاندا ئه‌ندام په‌رله‌مانن، به‌هه‌موو وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كان په‌رله‌مانێكیان دروستكردووه‌ بۆ تاوتوێی بابه‌ته‌ هاوبه‌شه‌كان..

پێموایه‌ یه‌كێتی په‌رله‌منتارانی كوردستان دامه‌زاروه‌یه‌كی زیاده‌یه‌ له‌ كوردستاندا‌و هه‌ڵه‌یه‌كی مه‌نتقی‌و یاساییه‌‌و پێچه‌وانه‌ی یه‌كێتییه‌ پیشییه‌كانی دیكه‌ی كوردستانه‌، ئه‌گه‌ر كارده‌كه‌ن بۆ یاسادانان، ئه‌وا په‌رله‌مانمان هه‌یه‌.

بۆ ده‌ربازبوون له‌و هه‌ڵه‌ مه‌نتقییه‌، پێشنیارده‌كه‌م ناوی یه‌كێتییه‌ بگۆڕدرێت بۆ: (یه‌كێتی په‌رله‌مانتاره‌ خانه‌نشینكراوه‌كانی كوردستان). یان با په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ر له‌بیری ئه‌ندامه‌كانی خۆیدا نه‌بێت‌و مافی توێژه‌كانی دیكه‌شی بدات‌و كاربكات بۆ ده‌رچواندنی یاسای (یه‌كێتی وه‌زیرانی كوردستان، یه‌كێتی راوێژكارانی، یه‌كێتی قایمقامان، یه‌كێتی به‌ڕێوبه‌ره‌ گشتییه‌كان، یه‌كێتی مدیر ناحیه‌كانی كوردستان...) ئیتر له‌سه‌ر ئاوازی یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان به‌رده‌وامبن‌و چه‌ندین یه‌كێتی دیكه‌ دروستبكه‌ن!!! تكایه‌ هه‌ر له‌بیری خۆتاندا مه‌بن‌و دوای ده‌رچواندنی یاسای ئه‌و یه‌كێتییانه‌ ئۆتۆمبێلی ئاخر مۆدێلیشیان بۆ بكڕن، هه‌وره‌ك چۆن بۆخۆتانی به‌ حه‌ڵاڵ ده‌زانن بۆ توێژه‌كانی دیكه‌‌و خه‌ڵكی دیكه‌شی به‌حه‌ڵاڵ بزانن.



Hadi.ameen@gmail.com

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق